گاردیان: ئەوەی رۆژئاوا لە بەرلین بە دەستی هێنا لە عێراق كەوت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە بیستەمین ساڵیادی داگیركردنی عێراق راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و پێیوایە بە پێچەوانەی هەموو جەنگەكان، جەنگی عێراق تەنیا بە كارەسات كۆتایی هاتووە و تا ئێستایش كاریگەری ماوە. دەشڵێ‌، "ئەو متمانەیەی كە وڵاتانی رۆژئاوا لە كەوتنی دیواری بەرلین بەدەستی هێنا، لەگەڵ جەنگی عێراق كەوت".

لەگەڵ نزیكبوونەوەی بییستەمین ساڵیادی داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە لە 2003. رۆژنامە و ناوەندە هزری و سیاسییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا كەوتوونەتە رەخنەگرتن لەو شەڕە و دووپاتی دەكەنەوە كە تا ئێستا كاریگەری ئەو جەنگە بەسەر عێراق و سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوا و تەواوی دنیا ماوە.

لە راپۆرتەكەی گاردیان باس لەوە كراوە، وتەیەك هەیە دەڵێ‌، "جەنگ بریتیە لە زنجیرەیەك كارەسات كە سەركەوتن بەدوای خۆیان دەهێنن". بەڵام سەبارەت بە شەڕەكەی عێراق ئەم وتەیە پێچەوانە بووەتەوە، "لە دوای سەركەوتن زنجیرەیەك كارەسات هاتووە" راپۆرتەكە پێیوایە تا ئێستایش دیار نییە كارەساتەكان كۆتاییان دێت، ئەمەیش راستی ئەو وتەیەی دیڤید پەترایۆس دەسەلمێنێ‌ كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە عێراق ئەو كات گوتی، "پێم بڵێ‌ ئەمە چۆن كۆتایی دێت؟ "مەبەستی شەڕی داگیركردنی عێراق بوو.

شارەزایەك: بەریتانیا و ئەمریكا بڕیاری داگیركردنی عێراقییان دا كەچی هیچیان لەبارەی ئەو وڵاتەوە نەدەزانی

لە راپۆرتەكە هاتووە، "هێشتا داگیركارییەكە كاریگەری خۆی لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی جێهێشتووە، خودی پرۆسەی سیاسی شێواندووە، زەبرێكی بەهێز بوو بۆ متمانەی رۆژئاوا كە لە ساڵانی دوای كەوتنی دیواری بەرلین بەدەستی هێنا بوو". راپۆرتەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "دوای 20 ساڵ لە جەنگەكە، گرنگ نییە بزانين ئایا شەڕەكە لەسەر گومڕایی و شێواوی و یانیش بەدحاڵیبوونی بە ئەنقەست هەڵگیرساوە، گرنگ نییە ئەگەر لەسەر گریمانەیەكی هەڵەبووبێ‌، بەڵكو وانەی گرنگ ئەوەیە وەك باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باسی كردووە كە (نابێت كاری گەمژانە بكەیت)"

راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە بەر لە هەڵگیرسانی شەڕەكە شارەزایان چەندان هۆشدارییان بە تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و جۆرج دەبڵیوبوش سەرۆكی ئەمریكا داوە، بەڵام ئەوان مكوڕبوون لەسەر داگیركردنی عێراق. یەكێك لەو شارەزایانە تۆنی دۆدج بووە كە باس لەوە دەكات تۆنی بلێر پێی گوتووە، "دەزانم پێتوایە نابێت ئەو كارە بكەم، بەڵام من دەبێت بیكەم، دەشزانم خراپە، بەڵام پێم بڵێ‌ خراپەكەی چەندە؟".

دۆدج دەڵێ‌، "هیچ یەكێك لە لەندەن و واشنتن بیرۆكەیەكی سەرەتاییان لەسەر عێراق نەبوو، كەچی پلانیان بۆ داگیركردن و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنە دادەنا". ئەو شارەزایە لە راپۆرتەكەی گاردیان دەڵێ‌، "لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو تاوتوێی هەڵە گەورەكەمان كرد، هەندێك لە بابەتەكان بەرەو داڕووخان رۆیشتن، پاشماوەی سزاكان، ریشەكێشكردنی بەعس، بەڵام هەڵەی گەورە، هەڵەی سەرەكی داگیركردنی وڵاتێك بوو كە هیچ شتێكی لەبارەوە نازانیت".

راپۆرتەكەی گاردیان باس لەو كارەساتانە دەكات كە لەدوای جەنگی داگیركردنی عێراقەوە هاتوون: لەوانە دیار نەبوو كێ شوێنی سەدام دەگرێتەوە، گەرمبوونی كێبڕكێی تایفەگەری، یاخیبوونی سوننە، پەیدابوونی داعش، شەڕی ناوخۆی سووریا، دەركەوتنی دەسەڵاتی داعش، بەهێزبوونی ئێران و میلیشیاكانی، هەموو ئەمانەی دوای داگیركردنی عێراقەوە هاتن.

لە بەشێكی تری راپۆرتەكە باس لە دووفاقی وڵاتانی رۆژئاوا دەكرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت ئێستا ئەمریكا سەركۆنەی رووسیا دەكات لەبەر هێرشەكەی بۆ سەر ئۆكرایان، گوایە سەروەریی وڵاتەكە پێشێل دەكات و خاكەكەی دەخاتە مەترسییەوە و پێشێلی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، بەڵام رووسیا و چین و وڵاتانی باشووری گۆی زەوی بە چەند چركەیەك دەتوانن نموونەی عێراق بهێنەوە و ئەمریكا بە دووفاقی تۆمەتبار بكەن. هەر بۆیەیش جۆزیب بۆرێل بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە چەند رۆژی رابردوودا گوتی، "وڵاتانیش یادەوەرییان هەیە".

لە 20ی ئاداری 2023 ئەمریكا بە بەشداری بەریتانیا پرۆسەی داگیركردنی عێراقی راگەیاند و لە نۆی نیسانی هەمان ساڵ رژێمی بەعس كەوت. ئەمریكا رژێمی بەعسی بەوە تۆمەتبار دەكرد، كە گوایە چەكی كۆمەڵكوژی هەیە و هاوكاری گرووپە تیرۆریستییەكان دەدات. بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتی پرۆسەكەی نەكرد، ئەمریكا بە پرۆسەی داگیركردنی عێراق ناوی برد و بەڵام عێراقییەكان ئەو كات بە پرۆسەی ئازادی عێراق ناویان دەهێنا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین