سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان پەيامێكى لە ساڵيادى تاوانى هەڵەبجە بڵاوكردەوە کوردستانی

نوچەنێت

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی حكومەتى هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە لە پەيامەكەى دەڵێت، " ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (16/ئادار/ 2023) سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ساڵيادى تاوانى هەڵەبجە پەيامێكى بڵاوكردەوە، لەو پەيامە هاتووە، "ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتاش زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە."

دەقى پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە:

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شەهیدە ستەملێکراوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکەینەوە کە لە تاوانێکی هۆڤانەدا، بوونە قوربانی و هەمیشە لە دەروون و ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا، بە زیندوویی دەمێننەوە.

لەم یادە خەمگینەدا، هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ بۆ بە فەرمی پەسەندکردنی پارێزگای هەڵەبجە بەرز دەنرخێنین، کە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لە سەر دراوە. هەر لەم بۆنە دڵتەزێنەدا ، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، لە ئاست بەرپرسیاریێتی ئەخلاقی خۆیدا بێت و هەروەک لە دەستووردا هاتووە، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەس و کار و بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و هەموو زیانلێکەوتووان و قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە و لە دوا سەردانی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەی دەستوور کردەوە.

ئەگەرچی 35 ساڵ بە سەر ئەم تاوانەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە، هێشتاش زام و برینی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی هێرشی کیمیاوی هەڵەبجە ساڕێژ نەبووە و ئێش و ئازاری قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆتایی نەهاتووە. بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی خۆڕاگر و قوربانیدەری هەڵەبجەی شاری شەهیدان و مەڵبەندی ڕووناکبیران و زانا و دانا و عارفە بەناوبانگەکانی کوردستان بکەین و ئاوەدانتری بکەینەوە.

هەروەها جەخت لە سەر حوکمڕانییەکی پاک و بێگەرد دەکەینەوە کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی کەسیی و حزبی و ڕێگری لە دام و دەزگاکانی فەرمی حکومەت نەکرێت، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵکی ستەملێکراوی هەڵەبجە بکرێت.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/16

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین