ئەمریکا: هەڵسوکەوتی تیرۆریستی ئێران لە سەردەمی بایدن زۆر زیاتر بوون ئێران

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە «راپۆرتی تیرۆریزمی جیهانی ساڵی ٢٠٢١» دەریدەخات، کە "هەڵسوکەوتی تیرۆریستی" کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی یەکەمی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە کە لەلایەن ماڵپەڕی "واشنتۆن فری بیکن" بڵاوکراوەتەوە، رژێمی ئێران بە دەستڕاگەیشتن بە دارایی نەختێنەیی زۆرتر لە "پیلانگێڕییە تیرۆریستییەکان" لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور پشتگیری کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، سوپای پاسدارانی ئێران پشتگیری لە هەشت گروپی تیرۆریستی کردووە، کە لە لیستی تیرۆریستی ئەمریکادا بوونە، لە رێگەی میلیشیا بە وەكالەتەکانییەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەروەها لە پێنج کیشوەردا پارەی پیلانگێڕی تیرۆریستییان دابین دەکرد.

بەپێی ئاماری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٢١، کاتێک حکومەت سەربازانی ئەمریکای لە ئەفغانستان بردەدەرەوە، رژێمی ئێران "چەک و پشتیوانی" پێشکەش بە تاڵیبان کرد.

هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو گروپانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری كراوە لە عێراق "زیاتر لە ١٠٠ هێرشیان بە بۆمبی دەستی" لە دژی هاوپەیمانی ئەمریكا ئەنجامداوە. هەروەها هێزە چەکدارەکان "بەلایەنی کەمەوە ٤٠ هێرشی ناڕاستەوخۆ"یان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدا.

هێرشەکانیش بریتین هێرشی مانگی فێبریوەری ٢٠٢١، کە بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە عێراق کوژرا. تەنها دوو رۆژ دوای ئەو رووداوە، ئیدارەی بایدن پلانێکی بۆ لابردنی هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی رژێمی ئێران و لابردنی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ دیپلۆماتکارانی ئێران، کە بنکەکەی لە نیویۆرکە خستەبواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی راپۆرتی تیرۆریزمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا، سوپای پاسداران لە عێراق و سوریا، شوێنێک کە کۆماری ئیسلامی  لە هەوڵی بە هێزکردنی دیکتاتۆریەتی بەشار ئەسەدە، "چالاکانە دەستوەردانی" کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، رژێمی ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە چەندین گروپی تیرۆریستی، کە لە لیستی تیرۆریستی ئەمریکادان. تاران یارمەتی دارایی ئەم گروپانە دەدات و راهێنانیان پێدەکات و ئامێر و چەکیان بۆ دابین دەکات.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین