لە ورمێ حەوت بەندکراوی کورد لەسێدارەدران ئێران

نوچەنێت

حوکمی لەسێدارەدانی حەوت بەندکراوی کورد بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (١٧ی مارس) لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنج کەس لەو کەسانە بە ناوەکانی "فروهەر عەباس نژاد، یاسین رەشیدی، محەممەد ئەیوبیان، جەهانبەخش رادلویی و حەسەن عومەری" پێشتر بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی هەنگاو، کەسی شەشەم کە لەسێدارەدراوە، ناوی نەسرین (نەسیم) نیازییە، تا ئێستا تۆمەت و وردەکارییەکانی دۆسیەکەی روون نییە. سەرچاوەکانی بەشی ژنانی ئەو زیندانە رایانگەیاندووە، کە نەسرین نیازی، بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. 

بە پێی ڕاپۆرتی ئەم رێکخراوە،  هەوەها "محەیدین ئیبراهیمی"، زیندانی سیاسی کورد، کە لە  پێنج ساڵە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانی کراوە، لە نێو ئەو کەسانەدایە کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی حوکمی لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

بەپێی راپۆرتەکان، لە ٧٥ رۆژی رابردوو ١٣٨ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، لەو ژمارەیەش ٨٨ کەسیان بە "ماددەی هۆشبەر" تۆمەتبار کراون".

سەرچاوە: RFI

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین