ئێران و سعودییە و چین و کورد بیروڕا

سەردار عەزیز

کاتێک لە چین، هەردوو ڕکەبەری هەرێمی یان ئیقلیمی، سعودیە و ئێران رێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژۆ کرد، ئەوەی زیاتر لە رێکەوتنەکە و واژۆکە بوە جێگای سەرنج و حەپەسانی دونیا، ڕۆڵی چین بوو نەک دوو لایەنە رێکەوتوەکە.

سعودیە و ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوا، پێنج جار لە بەغدا و مەسقەت کۆبونەوە. چوار جاریان لە بەغدا بوو، دواین جار لە مەسقەت. بەڵام بڕیاریان دا کە رێکەوتنامەکەیان لە پەکین واژۆ بکەن. هەردوو لایەنی سعودی و ئێرانی کەسانی ئاسایشی یان ئەمنی بوون. شەمخانی لایەنی ئێرانی لە دەرەوەی سوپای پاسدارانە، بۆیە هەندێک وەهای لێک دەدەنەوە کە ڕەنگە سوپا لە کاتی تردا ناڕەزایی دەرببڕێت. بەڵام ئێران لە ئێستادا لە بەر فشاری ناڕەزایی و باری خراپی ئابوری و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و زۆر هۆکاری تر پێویستی بە ڕێکەوتنێکی وەهایە. ئەوەی پاڵنەری لایەنی سعودیەیە، کۆمەڵێک هۆکاری زۆرن. یەکەم، دەسەڵاتداربونی سەرکێشێکی وەک محمد بن سەلمان. محمد پلانی وەهایە کە سعودیە بە ڕوی دونیادا بکاتەوە. بڕەو بە لایەنی کەلتوریی و گەشتیاری و ئابوری و بازرگانی بدات.

بەڵام سەرباری ئەمە، سعودییەکان بۆ پاراستنیان پشتیان بە ئەمریکا بەستوە، بەڵام كاتێك ئێرانییەکان لە ساڵی 2019 لە کێڵگە نەوتییەکانی سعودییەیان دا، ئەمریکا هیچی نەکرد. ئەم ڕوداوە دەرخەری ئەوەیە کە ڕەنگە جوڵەی ئەمریکا تەنها پەیوەندی بە سعودیەوە نەبێت، بەڵام فاکتەری تریش هەبن، کە وەها دەکەن سعودیە نەتوانێت وەها بیربکاتەوە کە پشتیوانی ئەمریکا گەرەنتییە. [ئەمە یەکێکە لەو کێشانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەیانە. کاتێک دوای ڕفراندۆم عێراق\ئێران، هێرشیکردە سەر هەرێم، ئەمریکا نەک فشاری نەکرد یان هەوڵی وەستانی هێرشەکەی نەدا بەڵکو بوە بینەر].

لە هەمانکاتدا بەرزبونەوەی ڕێژەی پیتاندنای یورانیوم لە ئێران و ئەگەر دەستوەشاندنی ئیسرائیل، ئەگەری ئەوەی هەیە کە، ئێران تۆڵەی ئیسرائیل لە وڵاتانی کەنداو بکاتەوە.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لایەنی چینییە. چینییەکان کارێکی نەکردەیان کرد. یەکێک لەو ڕەخنانەی لە چینییەکان دەگیرا، لە میانەی پەیوەندییان لە ناوچەکە، ئەوەبوو کە دەیانەوێت لە گەڵ هەمواندا وەک یەک نزیک بن. ئەم دیدە پێچەوانەی مۆدێلی ڕۆژئاواییە کە لە سەر بنەمای دۆستی لایەک و دوژمنی لایەکی تر بونیادنراوە. چین لەم جۆری پەیوەندییەیدا توشی سەختی و ڕەخنەبوەوە، بە تایبەتی پاش لوتکەی ڕیاز، کە ئێرانییەکان وەهایان خوێندەوە کە چین لایەنگری وڵاتانی کەنداوە.

چین نایەوێت بکەوێتە داوی جۆری پەیوەندی لایەنگرانەوە، چونکە زەبەلاحی چین و زۆری پێداویستی بۆ وزە نە دەتوانێت لە سەر بنەمای دۆست و دوژمن پەیوەندی دروست بکات و نە توانای ئەمنی و سەربازی هەیە هەتا ئەو جۆرە پەیوەندییانە بەڕێوەبەرێت. هەروەها نایەوێت هەمان مۆدێکی ڕۆژئاوایی دوبارە بکاتەوە. لە هەمانکاتدا ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان سعودیە و ئێران پاش ئەو دوو وڵاتە خۆیان زەرەمەندی یەکەم لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی لەوجۆرە، چین دەبێت، چ بە هۆکاری کەمبونەوەی وزە یان گرانبونی.

لە هەمانکاتدا هەردوو وڵاتانی ئێران و سعودییە پێویستیان بە وڵاتێك هەتا ببێت بە پاڵنەری جێبەجێکردنی بەندەکانی رێکەوتنامەکە. بە نەرێتی ناوچەکە دەبێت ئەو وڵاتە زلهێزبێت هەتا توانای هەبێت و قسەی بخوات لە کاتی گرژیدا بۆی بگەڕێنەوە. عێراق و عومان لە ئاستی ئەوەدا نەبون بە کاری وەها هەستن. بۆیە ڕۆڵی عێراق و عومان تەنها میوانداریی بوو نەک میانگریی یان بەڕێوەبردن.

هەرچەندە عێراق لایەنێکی بەرجەستەکەری رێکەوتنامەکەیە، بەڵام هێشتا ڕون نیە ئایا کاریگەریی چۆن دەبێت لە سەر عێراق. دیارە بە گشتی کەمبونەوەی گرژی هەنگاوێکی باشە، بەڵام کەم نین ئەوانەی کە گومانیان هەیە لە سەرکەوتنی هەنگاوێکی وەها. لە هەمانکاتدا ئەو جێگایەی کە ڕەنگە ئێرانییەکان ئامادەبن بیخەنە سەر مێزی دانوستان، یەمەن بێت. یەمەن بۆ سعودییە گرنگە و بۆ ئێران بە پێجەوانەوە گرنگییەکی ئەوتۆ نیە. ئەمە بۆ عێراق بە پێچەوانەیە. بۆ ئێران عێراق گرنگترین وڵاتی دونیایە.

ئەوەی ڕونە کە ئێران دەستبەرداری میلیشیاکانی نابێت لە عێراق. ئەو میلیشیایانە گرنگترین کارتی سەربازی و سیاسی و ئابورین بۆ ئەو. بۆیە بە نەمانی سعودییە و ئەگەری هەیە لە داهاتودا ئیمارات و وڵاتانی تری کەنداو وەک نەیار، ئەوا ئەم میلیشیایانە چی دەکەن؟

میلیشیاکان پێویستیان بە دوژمنە وەک بەشێک لە پرۆسەی شەرعیەت بەخشیی، ئەگینا بونیان دەکەوێتە ژێر فشارەوە. بۆیە ئەگەری زۆرە کە زیاتر تەرکیز بخەنە سەر ئەو لایەنانەی تر کە وەک دوژمن یان دوژمنی داتاشراو بونیان هەیە، کوردستان و ئیسرائیل دوو لایەنی بە ئامانجگیراو دەبن.

وڵاتی عێراق و کوردیش پێشوازییان لە ڕێکەوتنەکە کرد، دیارە ئەمە لۆجیکە، هەموو ڕێکەوتنێک باشە. بەڵام مێژوی کورد و ناوچەکە وانەی ترمان پێدەڵێن، کە رەنگە زیاتر واقیعی بن لە لۆجیکی ئاشتی.

لە رێکەوتنامەی سەرپێڵی زەهاوەوە، لە سەدەی حەڤدە، هەتا ڕێکەوتنامەی حیلفی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٦ کورد هەمیشە ڕاستەوخۆ بە ئامانجگیراوە. ڕێکەوتنامەی حیلفی بەغدا دژایەتیکردنی کورد وەک بەندێک ئاماژە پێدەدا. یەکێک لە سودەکانی کودەتاکەی قاسم کشانەوەی لەو هاوپەیمانییە بوو.

کەواتە مێژو و نەرێتێک هەیە کە ئاشتی نێوان ئەوانیتر هەمیشە بە زیانی کورد دەشکێتەوە. واقیعێک هەیە کە نکوڵی لێناکرێت، قەیرانەکان درز لە سیستەمی ناوچەکەدا دروست دەکەن، تەنها لە ڕێگای ئەو درزانەوە کورد دەتوانێت سەرەتاتکێیەک لە گەڵ دونیادا بکات. ئایا درزەکان هێندە گەورە دەبن کە کورد بتوانێت بە تەواوی لێی بێتە دەرەوە؟ دیارە ئەمە پەیوەستە بە پشیوانی زلهێزێک. بەڵام پشتیوانی هەموو زلهێزێک ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخەکەوە. بۆ نمونە ئەمریکا پشتیوانی کوردە، بەڵام کورد توانا و ئاگایی ئەوەندە نیە کە لێی سودمەندبێت.

ڕێکەوتنامەکە لە چەندین ئاستی تردا بۆ گەلانی ناوچەکە زیانبەخشە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ڕێکەوتنامەکە بەرەوپێشچونی زیاتری مۆدێلی چینییە. ئەم مۆدێلە، لە چەندین ئاستدا زیان بەخشە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی مۆدێلی چینی زاڵی حیزبە بە سەر حکومەتدا. لە ڕۆژانی ڕابوردوو، ئەو گۆرانکارییانەی لە پەکین ڕویاندا ئەم دۆخەی زیاتر پتەوکرد. زاڵی حیزب، ئەو دۆخەیە لە کوردستان دەیبینیت، بەڵام جیاوازی کوردستان ئەوەیە کە دوو حیزب زاڵن، لە چین یەک حیزبە. مۆدێلی چینی دژ بە هەموو ناناوەندێتییەکە. چینییەکان لە پرسەکانی وەک کەلتور و باوەڕ و شوناس تێناگەن. وەک دیپلۆماتێکی هیندی کاتێک لێیان پرسی بۆچی هیند بەم کاری میانگیرییە هەڵنەستا، لە وەڵامدا ووتی چونکە ئێمە دەزانین شیعە و سوننە چین، بەڵام چینییەکان نازانن.

بەڵام کاریگەریی گەورەی لە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێت. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دزە دەکەن، بڕبڕەی پشتی ڕێکەوتنەکە لە بواری ئاسایشدایە. هەردوولا لە سەر ئەوە ڕێکەوتون کە هێرشی میدیایی بۆ سەریەکتر بوەستێنن، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت هەموو ئەو کەناڵە سعودیانەی کە ئاراستەی ئێران کرابون، دەوەستێت، لە نێویاندا ئێران ئینتەرناشناڵ. بەوجۆرە زانیاریی دەربارەی ئێران زۆر کەمدەکات.

سەرباری هەموو ئەمانە دونیا بە حەزی ئێمە هەڵناسوڕێت. هاتنی سیستەمێکی نوێ جیهانی یان چەند سیستەمێک، واقیعێکە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. چین لە داهاتودا لە کوردستانیش و ناوچەکەش کاریگەریی و قورسایی زیاتری دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین