سوودانی ناتوانێ‌ كێشەی پەكەكە چارەسەر بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لە كاتی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لێكردووە عێراق پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێ‌ و دواتریش ئەو رێكخراوە لەسەر خاكی عێراق دەربكات. چاودێرانی سیاسی دەڵێن سوودانی ناتوانێ‌ كێشەی پەكەكە لە سنوورەكانی عێراق چارەسەر بكات.

شەوی رابردوو 22ی ئاداری 2023 رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا دەپرسێ‌: ئایا عێراق بە پیر داواكەی توركیا دەچێ‌ و پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسێنێ‌؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە عامر فایز بڕیاردەری لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكات، دۆسیەی ئەمنی ناوچەكە بە یەكەوە بەندە و پارچە پارچە ناكرێت، چارەسەركردنی كێشەی پەكەكەیش لە رووی هەواڵگرییە دەبێت، نەوەك توركیا بیكات بە بیانوو بۆ لەشكركیشی.

لە راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە بەشێكی پەكەكە لەناو سنووری عێراق لە قەندیل و ناوچەكانی تر، لە دەسەڵاتی عێراقەوە دوورە و عێراق ناتوانێ‌ بە ئۆپراسیۆنی سەربازیش هێرشیان بكاتە سەر. بەشێكی تریشی كە لە مەخمور و شنگالن ئەوانیش لەگەڵ میلیشیاكانی سەربە ئێران هاوپەیمانن، بۆیە ئەمەشیان بۆ حكومەتی عێراق زەحمەت دەبێت.

لە راپۆرتەكە دووپاتی ئەوە كراوەتەوە دۆسیەی پەكەكە بە حكومەتی سوودانی چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە پەرلەمانتارێك كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە دووری نەزانیوە، لە حاڵەتی وەڵامنەدانەوەی ئەم داوایە، توركیا كارتی ئابووری و ئاو لە دژی عێراق بەكاربهێنێت.

رۆژی 21 و 22ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمی سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبووە، عێراق چەندان دۆسیەی هاوبەشی لەگەڵ توركیا هەیە لەوانە ئاو، ئابووری، ئەمنی.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین