یەكەم لێدوانی وەزارەتی دارایی لەسەر مووچەی مانگی ئادار کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەسەر پرۆسەی دابەشكردنی مووچە بڵاوكردەوە و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە كە مووچەی مانگی ئادار بە بێ كێشە دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی ئاداری 2023 وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی چوار خاڵی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەردەكەوێت، وەڵامی ئەو زانیارییانەیە كە لە چەند رۆژی رابردوو لە میدیاكان لەسەر چارەنووسی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بڵاوكراونەتەوە.

وەزارەتی دارایی لە روونكردنەوەكە دووپاتی دەكاتەوە، كە ئەو بڕە پارەیەی كە لە لایەن بەغداوە رەوانە كراوە، بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان كراوە. لە خاڵێكی تریشدا باس لەوە دەكات مووچەی مانگی ئاداریش بە بێ‌ كێشە دابەش دەكرێت. ئەو روونكردنەوەیە وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە كە هێشتا مووچەی مانگی شوباتی چەندان وەزارەت و دەزگای حكومەت دابەش نەكراوە.

دەقی روونکردنەوە چوار خاڵییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:

لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی 400 ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو. 
          
١- بڕی ئەو 400 ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی 2022بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.    

٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی 14 ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەکە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.    

٣- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە. 

٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکوو چۆن پێشتر کراوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین