سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەریتانیا لەبارەی ئێرانەوە گفتوگۆ دەکەن ئێران

نوچەنێت

هەردوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەریتانیا، لە لەندەن لەبارەی "هەڕەشەی ئێران" کۆبوونەوە، بەڵام دەرئەنجامی ئەو وتووێژانە رانەگەیەندرا.

بە پێی راپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی "کان"ی ئیسرائیلی، رۆژی هەینی ٢٤ی مارس، لە بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، کە ئەو ویستوویەتی خۆڕاگری و گوشاری زلهێزەکانی جیهان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد بکات و هەروەها ستایشی ریشی سوناکی کردووە بۆ "هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی بەریتانیا" دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

بەپێچەوانەی پراکتیزەیەکی باو لە زۆرێک لە کۆبوونەوە سیاسییەکانی نێوان سەرکردەکاندا، نووسینگەی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەو بەشەی بەرنامەی کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە، کە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو سەرکردە بوو، کۆبوونەوەکەیان کە ٥٠ خولەکی خایاند، بەبێ ئەوەی پێکەوە لەبەردەم کامێراکان قسە بکەن، کۆتاییهات و تا ئێستا لەندەن هۆکاری ئەم کارەی روون نەکردۆتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا بنیامین نەتانیاهۆ رایگەیاند، کە لەگەڵ ریشی سوناک کۆدەبنەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی ئێرانەوە دروست بووە. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ بەریتانیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

بۆچوونی حکومەتەکانی لیز تراس و ریشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە پێوەندی لەگەڵ ئێران، نزیکە لە سیاسەتەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، لەگەڵ جیاوازییەکەدا کە بەریتانیا هێشتا رازی نەبووە ناوی سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆریستییەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعوت ئاحرونوت، ئالی کۆهین وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەیەکی زیاتر بدات رایگەیاندووە، بەریتانیا "بەڵێنی" داوە کە هاوبەش بێت بۆ رێوشوێنی خێرا دژی ئێران.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین