بایدن: لەگەڵ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران نین ئێران

نوچەنێت

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت کە وڵاتەکەی لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر شوێنی ئەو میلیشیایانە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکەن لە سووریا، بەرژەوەندیی لە ململانێ لەگەڵ ئێراندا نییە. بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە  بۆ پاراستنی گەلەکەی ئامادەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە بکات.

ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٤ی مارس، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت، بەڵکو بۆ پاراستنی گەلەکەی ئامادەیە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەنگاو بنێت.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانی فەرمی خۆی بۆ کەنەدا، پشتڕاستی کردەوە کە فەرمانی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر بنکەکانی گروپەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سووریا دەرکردووە.

بایدن ئەم فەرمانەی دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژە داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا دا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و بەڵێندەرێک و پێنج سەربازی ئەم وڵاتەش بریندار بوون.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە بنکەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەی ئەمریکادا ١٤ سەرباز لە هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران کوژراون.

دوای هێرشی ئەمریکا، میلیشیاکانی لایەنگری ئێران جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر شوێنی هێزەکانی ئەمریکا.

کەناڵی فۆکس نیوز بڵاویکردەوە، لانیکەم دوو بنکەی ئەمریکی لە سوریا بە موشەک کراونەتە ئامانج.

تا ئێستاش نزیکەی ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سووریان و زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە جێگیرن. ئەم هێزانە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا ماونەتەوە.

میدیاکانی ئێران دەڵێن، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا "ئامادەبوونێکی نایاسایی"ە  کە بەبێ مۆڵەتی حکومەتی سوریا لەم وڵاتە جێگیر بوون.

سەرچاوە: DW

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین