ساریباش... شاجوانى توركیا و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان شیکاری

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

سیدا ساریباش كه‌ له‌ دنیاى جوانى و جلوبه‌رگه‌وه‌ هاتووه‌، پێشتر به‌ چالاكى سیاسى نه‌ناسرابوو، تا ئه‌و كاته‌ى به‌ سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ندامێتى به‌رزترین ده‌سته‌ى جێبه‌جێكارى پارتێكى سیاسى خاوه‌ن باكگراوه‌ندێكى ئیسلامى، سه‌رنجى خه‌ڵكى راكێشا.

له‌ چوارچێوه‌ى كاره‌كانى كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى پارتى داد وگه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ توركیا، كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، ئه‌و پارته‌ ناوى ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى بڕیارى و جێبه‌جێكردنى ناوه‌ندى ئاشكرا كرد كه‌ له‌ 75 ئه‌نجام پێكهاتوون، یه‌كێك له‌ ناوه‌كان سیدا ساریباش بوو "Seda Sarıbaş"كه‌ له‌ساڵى 2006 نازناوى شاجوانى توركیاى به‌ده‌ستهێنا بوو.

خوێندن و كاركردنى

ساریباش خەڵكى ویلایەتى ئەدەنەى نزیك دەریاى ناوەڕاستە، بەڵام لە ئیسته‌نبوڵ گەورە بووە و ژیاوە، پاشان چۆتە ویلایەتى ئایدن لە ناوچەى دەریایى ئیجە، لەگەڵ یەكێك لە پیاوانى كار لە بنەماڵەى ساریباش هاوسەرگیرى كردووە، تا ئێستا لەوێ دەژیت و دایكى دوو منداڵە.

دواى ئەوەى لە زانكۆى غازى لە ئەنقەڕە بەڕێوبردنى كارى خوێندووە، دواتر لە زانكۆى ئەنادۆڵ له‌ ئه‌سكى شه‌هیر ئابوورى خوێندووە، بڕوانامەى ماستەرى لە كۆمەڵناسى لە زانكۆى عەدنان مەندەریس لە ئایدن وەرگرتووە، ئێستایش لە زانكۆى بەناوبانگى بوغازچى لە ئیسته‌نبوڵ له‌ "پرۆگرامى كارگێریى سه‌ركه‌وتوو" به‌شداره‌.

لە دواى هاوسەرگیرى لەگەڵ سادات كە لە بوارى كڕین و فرۆشتنى خانووبەرە كارى دەكرد، سیدا وازى له‌ كارى نمایشى جلوبەرگ هێنا، لەگەڵ هاوسەرەكەى كۆمپانیاى (ئیفلار)ى دامەزران بۆ بازرگانى سووتەمەنى و بەنزین، كە ئێستا چوار وێستگەیان هەیە، ساریباش لە ئایدن دوو وێستگە بەڕێوە دەبات، هاوسەرەكەشى دووەكەى تر لە ناوچەى كوش ئەداسى و دیدیم بەڕێوە دەبات.

ساریباشى سیاسى

ساریباش لە ٢٠٠٩ لە لقى گەنجانى پارتى دادوگەشەپێدان دەستى بە كارى سیاسى كرد، لە ٢٠١٦ بە سەرۆكى لقى ئافرەتانى ئەو پارتە لە ئایدن هەڵبژێردرا. 
هەڵبژاردنەكەى دواى دەستلەكاركێشانەوەى مەدیحە تۆرگوت بوو لەو پۆستە، ئەوەش دواى كاركردنى ساریباش بوو كە پێشتر ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانى ئایدن بوو.

دەربارەى تێكه‌ڵبوونى به‌ كارى سیاسى ساریباس دەڵێت، "سیاسەت له‌ خێزانه‌كه‌مان رەگى داكوتاوە ، باوكم تێكه‌ڵى دنیاى سیاسه‌ت ببوو، ئاڕاستەى دەكردم و هانى دەدام، تا چوومە پارتى دادوگەشەپێدان، تا كۆتایى لەو پارتە دەمێنمەوە".

شاجوانى پێشووى توركیا دەشڵێت، "كارى سیاسى سەرقاڵ و شایستەیى تایبه‌تى خۆى هەیە، بەتایبەت لە وڵاتێكى وەك توركیا، بەڵام هاوسەرەكەم بەردەوام هاوكاریم دەكات و پاڵپشتمە".

دواى سەركەوتنى بۆ بەرزترین دەستەى جێبەجێكارى ئەو پارتەى كە ١٩ ساڵە لە توركیا ده‌سه‌ڵاتداره‌ ، ساریباش ده‌ڵێ،  "بەردەوام دەبم لە سەر جێبەجێكردنى ئەركەكانم بە باشترین شێوە، من قەبارەى بەرپرسیاریەتى كارى نوێم دەزانم، هەوڵدەدەم بەباشترین شێوە ئەركەكانم جێبەجێ بكەم".

لە لاى خۆشیەوە عومەر ئۆزمین سەرۆكى له‌ لقى ئایدن لە پارتى دادوگەشەپێدان لەسەر وەرگرتنى ئەو ئەركە تازەى ساریباش گوتى" هەڵبژاردنى ساریباش سەرۆكى لقى ئافرەتانى داد وگەشەپێدان لە شارى (ئایدن) بە ئەندامى دەستەى بڕیارى باڵاى حزب رووداوێكى مێژووییە، لەو ئەركە نوێیەى هیواى سەركەوتنى بۆ دەخوازم".

كاردانەوەكان

لەكاتێكدا لایەنگره‌ دینداره‌كانى پارتى دادوگەشپێدان سڵ له‌ دانانى ساریباش نمایشكارى پێشوو له‌ ئەندامیەتى دەستەى بڕیارو جێبەجێكردنى ناوه‌ندى ده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وا ئافرەتانى ئەو حزبە و ئافره‌تانى توركیا بە گشتى خۆشحاڵن و شانازى بە بوونى ساریباش دەكەن لە ده‌سته‌ى سەركرایەتى.

هەر لەو بارەیەوە لەیلا دویكوجو ئەندامى لیژنەى ئافرەتانى پارتى دادوگەشپێدان لە لێدوانێكى بۆ "جەزیرە نێت" دەڵێت، "ساریباش ئافرەتێكى بەهێزە سەركەوتنى گەورەى لە جیهانى جوانى و جلوبەرگ و بازرگانى و سیاسەت بەدەستهێناوە، ئەوەش وایكردووه‌  شایستەى ئەو پۆستەى حزب بێت".

هەروەها دەشڵێت، "قۆناغى داهاتووى چالاكیەكانى حزب لە سایەى بوونى ساریباش و ئافرەتانى تر لە سەركردایەتى بەرەوپێشچوونى گەورە بەخۆیەوە دەبینێت".
دەربارەى بوونى ئافرەتێكى لەو جۆرەش له‌یلا لەو بڕِوایە دایە هیچ ناكۆكیە نییە ئافرەتێكى نمایشى جلوبەرگ پێگەیەكى سیاسى لەو جۆرە وه‌ربگرێت و پێیوایە ئەوە نیشانه‌ى زیندوێتى و سوودبەخشە.

ئیلیف كورئۆغلۆ كه‌ هاووڵاتییه‌كى توركیا بۆ "جزیرە نێت" خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەبوونى ساریباش لە سەركردایەتى گەورەترین پارت لە توركیا، ئاماژەى بەوەش كرد ئەوە رەنگدانەوەى رۆڵى ئەرێنى دەبێت لەسەر رۆڵى ئافرەتان لە وڵاتەكەى، روونیشى كردەوە چاوەڕوانى لە ساریباش ئەوەیە ئاڵاى بەرگرى لە مافەكانى ئافرەتان هەڵبگرێت.

ژن له‌ سیاسه‌تى توركیادا

ئه‌وه‌ى لە ئەنجامى كۆنگرەى حەوته‌مى پارتى دادوگەشەپێدان جێى سه‌رنج بوو  له‌ كۆى 75 ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندى 19 یان ئافره‌ت بوون.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانى ئه‌م دواییه‌یش له‌ توركیا، له‌ ژماره‌ى ژنانى كاندید بۆ پێشبركێى هه‌ڵبژاردن ژماره‌ى پێوانه‌یى تۆمار كراوه‌، ئه‌نجامه‌كه‌یش ئه‌وه‌ بوو 103 ژن براوه‌ بوون، بۆیه‌ له‌ په‌رله‌مانێكى 600 ئه‌ندام رێژه‌ى 17.1% پێكده‌هێنن، كه‌ یه‌كێكیان كچێكه‌ ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌.

ژمارەى كاندیدانى هەڵبژاردنەكه‌یش ٩٠٤ ژن بوون، كە دەكاتە رێژەى 21% كاندیدانى ئه‌و 10 حزبه‌ى كه‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردن كردبوو.

ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان دەریانخستووه‌ كە پارتى دادوگەشەپێدانى فەرمانڕەوا لە كۆى ٢٩٥ كورسییه‌ى به‌ده‌ستى هێناوه‌، 52 یان بۆ ئه‌ندامه‌ ژنه‌كان بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین