بەرپرسێكی باڵای عەرەبی نهێنییەكی سەدام ئاشكرا دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

عەمر موسا ئەمینداری پێشووی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی هۆكاری رەتکردنەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەلایەن سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌، "سەدام چەكی ئەتۆمی نەبوو كەچی رێگەی نەدەدا چاودێرانی نێودەوڵەتی سەردانی عێراق بكەن".

لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی كە ئەمڕۆ شەممە 25ی ئاداری 2023 ماڵپەڕی سۆمەرییە نیوز پوختەیەكی بڵاوكردووەتەوە، عەمر موسا ئەمینداری پێشووی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی میسر دەڵێ‌، "لە ساڵی 2002 لە میانەی دیدارێكم لە بەغدا لەگەڵ سەدام حوسێن لێمپرسی: چەكی ئەتۆمی یان هیچ چالاكییەكی ئەتۆمیت هەیە؟ لە وەڵامدا گوتی نەخێر، پرسیارەكەم لێ دووبارە كردەوە ئەویش دووپاتی لەسەر هەمان وەڵام كردەوە".

موسا باس لەوە دەكات پرسیاری لە سەدام كردووە ئەی بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی رەت دەكاتەوە؟ سەدامیش لە وەڵامدا گوتویەتی، "ئەوانە چاودێر نیین، ئەوان لە شەقام و قاوەخانەكان پرسیار لە بۆچوونی خەڵك لەسەر دەسەڵات دەکەن، كە ئەمە كاری چاودێران نییە".

ئەمریكا و بەریتانیا لە ئاداری 2003 هێرشیان كردە سەر عێراق بە بیانووی بوونی چەكی ئەتۆمی و كۆمەڵكوژ، بەڵام دواتر بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەم دوو وڵاتە، هیچ چەكێكی ئەتۆمی نەدۆزرایەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین