وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان: سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە بڕیارى دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی لەسەر نەوتى هەرێمى کوردستان، کە بنکەى سەرەکى لە پاریسە، لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم بڕیارە "ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لە گەل حکومەتی بەغدا."

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە (25/ئادار/2023) وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا."

 

دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان: 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن . 

 بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لە گەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدرال، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدرالیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.

 بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لە گەل حکومەتی بەغدا.

لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.

 لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.

 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/25

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین