ریاز کاتی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێرانی راگەیاند ئێران

نوچەنێت

 ریاز رۆژی دووشەممە ٢٧ی مارس رایگەیاندووە، کە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە رێککەوتوون کە پێش کۆتایی هاتنی رەمەزان چاویان بە یەکتر بکەوێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە، SPA، لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، فەیسەڵ بن فەرحان و هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دووەم پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە رێککەوتنەکەی ئەم دواییە کە لە رێگەی نێوەندگیری چینەوە بەدەست هات گفتوگۆیان کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیەش لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن. بەڵام ئاژانسی هەواڵی سعوودیە، شوێنی ئەم کۆبوونەوەیەی روون نەکردۆتەوە.

کاربەدەستانی سعودیە دەڵێن، کە ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوی داهاتووە بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریازە.

ساڵی ٢٠١٤ ریاز دوای هێرشی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی سعودیە لە تاران و مەشهەد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، کە ئەمەش کاردانەوەی لەسێدارەدانی شێخ نەمر ئەلنیمر، پیاوی ئایینی شیعە بوو لە لایەن سعودیەوە.

بەپێی دوایین رێککەوتن، بڕیارە لەماوەی دوو مانگدا لایەنەکان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان بکەنەوە و دەست بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنی و ئابورییانە بکەن، کە زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر واژۆیان کردووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین