روسیا و ئێران رێککەوتنەکانیان پەرەپێدەدەن ئێران

نوچەنێت

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دوای گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بە مۆسکۆ، سەبارەت بە هاوکاری بەرگریی نێوان دوو وڵات و ئاڵوگۆڕی ئامێری ئەلیکترۆنی و سۆفتوێری سیخوڕی لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پشتڕاست کردەوە. هەروەها بەرجامیش وەک یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی لایەنەکان راگەیاند.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوارەی رۆژی سێشەممە (٢٨ی مارس) گەیشتە مۆسکۆ و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە و چەندین پرسیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، وردەکارییەکانی دیداری خۆی لەگەڵ ئەم بەرپرسە حکومەتی رووسیا روون کردەوە و گوتی: رێککەوتنی ستراتیژی و درێژخایەنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتمان خستۆتە بەرباس و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە قۆناغی کۆتایی دانوستانداین، هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا میوانداری هاوکارم بەڕێز لاڤرۆڤ بکەم لە تاران بۆ ئەوەی بتوانین بەڵگەنامەی یەکلاکەرەوە واژۆ بکەین."

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها گوتی: کۆماری ئیسلامی ٤٩ بەڵگەنامەی بۆ ئەندامێتی لە لوتکەی شەنگەهای پەسەند کردووە.

پێش ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لاڤرۆڤ هیوای خواست، کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا "بەرهەمدار بن" و رایگەیاند: پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی دوو قۆڵی لە رووی سیاسی، بازرگانی، وەبەرهێنان، ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژە سەرەکییەکان پەرەیانسەندووە.

هەروەها خوازیاری پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان مۆسکۆ و تاران بەتایبەت لە کەرتی پیشەسازی و سەربازی بوو.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین