ئیکۆنۆمیست: دۆخی ئابووری ئێران مەترسیدارە شیکاری ئابوری

نوچەنێت

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست دۆخی ئابووری ئێرانی بە "دۆخێکی قورس" وەسف کردووە و نووسیویەتی، لە ماوەی دە ساڵدا، تمەنی ئێرانی بە رێژەی ٩٤% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هاوکات رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی مارس، نرخی دۆلار گەیشتە ٥٥ هەزار تمەن.

نرخی دۆلار لە چەند هەفتەی رابردوودا دوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و سعودیە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دابەزی، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای پێکدادانی هێزی میلیشیاکانی ئێران لە سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، جارێکی تر تمەن بەهاکەی دابەزی.

دابەزینی بێ وێنەی بەهای دراوی نیشتمانی لە دۆخێکدایە کە شارەزایان هۆشداری دەدەن لە وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن و زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان بەهۆی هەژارییەوە.

بە پێی راپۆرتی ئەم گۆڤارە ئابوورییە، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا هەر دۆلارێک هاوتای ٥٨ هەزار تمەن بووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دراوی نیشتمانی ئێران بە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر بە رێژەی ٥٥% کەم بایەختر بووە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، هەروەها لەماوەی دەیەی رابردوو بە رێژەی ٩٤% بەهای لەدەستداوە.

ئیکۆنۆمیست هەروەها ئاماژەی بە دروشمی "ئابووری خۆڕاگری"ی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، کە لەسەر بنەمای ئەو دروشمە حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات، کە توانای بەرگەگرتنی گەمارۆ درێژخایەنەکانی هەیە.

لە ناوخۆی ئێراندا، هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نرخ و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی رۆژ لە دوای رۆژی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان، هەژاریش خەڵکێکی خۆری تووشی قەیران کردووە.

لە ماوەی حەوتووی رابردوودا زۆرێک لە شارەزایان هۆشدارییان داوە سەبارەت بە زیانە قەرەبوو نەکراوەکانی تەشەنەسەندنی هەژاری لە ئێران. ئەمیر مەحمود حریرچی، خەسارناس و کۆمەڵناس، بە ئاماژەدان بە هۆکارەکانی "هاوسەرگیری منداڵانی کچ" دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەرگیری کچان لە تەمەنێکی کەمدا بەهۆی هەژاری ئابوورییەوەیە.

لەلایەکی دیکەوە عەلی شەریفی زەرچی، مامۆستای زانکۆ لەم دواییانەدا بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، سەبارەت بە وازهێنانی خوێندکاران و بە "مەترسیدار" ناوی برد و رایگەیاند، کە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ وازیان لە خوێندنی سەرەتایی هێناوە و بە زیادکردنی ژمارەی خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی، ئەم ژمارەیە دەگاتە دوو ملیۆن کەس.

ناوبراو "هەژاری" بە گرنگترین هۆکار لە لێکۆڵینەوەکەی پەرلەمان بۆ وازهێنان لە خوێندن زانی و گوتی: ئەمە یەکێک لە قووڵترین کاریگەرییەکانی هەژاری ئەمڕۆیە، لەسەر ئایندەی ئێران. جگە لەوەش ژمارەی ئەو خوێندکارانەی واز لە خوێندن دێنن زۆر جێگەی نیگەرانییە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانە، نزیکەی یەک ملیۆن قوتابی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ وازیان لە خوێندن هێناوە و کەمتر لە ٤% توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.

بڵاوبوونەوەی هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە کاتێکدا سەرۆکی بانکی ناوەندی بانگەشەی کە ئەم دامەزراوەیە پلانێکی جددی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان و بڕیارە هەڵاوسان بۆ کەناڵی ٢٠-٣٠% کەم بکاتەوە.

ئەم بانگەشەیەی محەممەد رەزا فەرزین، لە دۆخێکدا کرا کە پەنجا ئابووریناسانی چالاک لە بواری لێکۆڵینەوەی ئابووری لە ئێران گەشبین نین بە کەمبوونەوەی هەڵاوسان و ٩٠%یان پێیان وایە هەڵاوسانی ئەمساڵ یان وەک ساڵی پێشوو دەبێت یان تەنانەت ئەو ئاستەش تێدەپەڕێنێت.

ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایین راگەیاندنی خۆیدا، رێژەی هەڵاوسانی فەرمی لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بە 47.7% راگەیاند.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین