كوردێك و ژنه‌ سیخوڕه‌كه‌ى له‌ فیلمێكى به‌ناوبانگدا کولتوور

نوچه‌نێت

كوردێك كه‌ خه‌ڵكى باكوورى كوردستانة له‌ به‌ریتانیا په‌نابه‌ر ده‌بێت و له‌سه‌روبه‌ندى هێرشى ئه‌مریكا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر عێراق له‌ ساڵى 2003 هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ كچێكى به‌ریتانی ده‌كات، كه‌ له‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى به‌ریتانى وه‌رگێڕه‌. ئه‌و كچه‌ هه‌ندێك نهێنى ده‌زگاكه‌ى بۆ رۆژنامه‌كان ئاشكرا ده‌كات تا رێگريى له‌وه‌ بكات به‌ریتانیا له‌شه‌ڕى دژ به‌ عێراق به‌شدار بێت، كه‌چى به‌ تۆمه‌تى سیخوڕیكردن ده‌درێته‌ دادگا.

ئه‌مه‌ به‌سه‌رهاتێكى راسته‌قینەیە‌ له‌نێوان پیاوێكى په‌نابه‌رى كوردى باكوورى كوردستان به‌ ناوى یاسر و كاترین كه‌ كچێكى به‌ریتانى روویداوه‌ ودواتر له‌ساڵى 2019 به‌هۆى سه‌رنجڕاكێشى بابه‌ته‌كه‌ كراوه‌ته‌ فیلم به‌ ناوى نهێنییه‌ فه‌رمییه‌كان ” Official Secrets”.

به‌ بڕواى زۆرێك له‌ ره‌خنه‌گران ئه‌و فیلمه‌ به‌ راستگۆترین فیلم داده‌نرێت

به‌سه‌رهاته‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌:

له‌ ساڵى 2003 كاتێك به‌ریتانیا وئه‌مریكا خۆیان بۆ شه‌ڕ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، پیاوێكى كورد به‌ ناوى یاسر له‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ كچێك هاوسه‌رگیرى ده‌كات كه‌ ناوى كاترینه‌. ئه‌و ژنه‌ له‌ بنكه‌یه‌كى هه‌واڵگرى به‌ریتانیا كار ده‌كات، له‌و كاته‌دا له‌ به‌ریتانیا هه‌ڵمه‌تێك له‌دژى حكومه‌تى تۆنى بلێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بۆئه‌وه‌ى به‌شدارى ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌كات كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ له‌ دژى رژێمى سه‌دام حوسێن له‌ عێراق هه‌ڵیبگیرسێنێ. رۆژانه‌ له‌ شه‌قامه‌كانى به‌ریتانیا خۆپێشاندان ده‌كرێت.

به‌هۆى په‌روه‌رده‌ى ئاینى و بینینى هه‌ندێك ئاسه‌وارى جه‌نگ له‌ ئاسیا كاترین یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ى نایه‌وێ وڵاته‌كه‌ى له‌ جه‌نگه‌كه‌ به‌شدار بێت. رۆژێك له‌ كاتى كاركردن له‌ ئۆفیسه‌كه‌ى نامه‌یه‌ك ده‌بینى كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاییه‌كانه‌وه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌ و داوا له‌ به‌ریتانیا ده‌كات سیخوڕى له‌سه‌ر ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش بكه‌ن ناچاریان بكه‌ن ده‌نگ بۆ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌كه‌ بده‌ن. ئه‌و نووسراوه‌ كاترین نیگه‌ران ده‌كات و له‌رێى هاوڕێیه‌كییه‌وه‌ ئه‌و نووسراوه‌ به‌ رۆژنامه‌ى “ئۆبزێرفه‌ر” ده‌دات.

هه‌رچه‌نده‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و نووسراوه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر بڕیارى شه‌ڕه‌كه‌ نابێت و هه‌ر رووده‌دات، به‌ڵام كاترین رووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و خۆى له‌لایه‌ن ده‌زگاكه‌ى دان به‌وه‌ ده‌نێ به‌هۆى پاڵنه‌رى شه‌ڕه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ى كردووه‌ ونایه‌وێ شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵبگیرسێ. لێره‌دا رووبه‌ڕووى دادگا ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام بةهۆى یاسایه‌ك به‌ ناوى”یاساى نهێنییه‌ فه‌رمییه‌كان” كه‌ له‌ساڵى 1989 له‌كاتى حكومڕانى تاتشه‌ر دانراوه‌، دادگاییه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت ده‌بێت.

له‌ كاتى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵبه‌ستن گوایه‌ بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ى كردووه‌، چونكه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى موسڵمانه‌، به‌ڵام ئه‌و داكۆكى له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆى موسڵمانبوونى هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌و كاره‌ى نه‌كردووه‌، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ بووه‌ نایه‌وێ شه‌ڕ له‌دژى خه‌ڵكى بێتاوان هه‌ڵبگیرسێ. ده‌شڵێ هاوسه‌ره‌كه‌ى من كورده‌، ئه‌و دژى رژێمى سه‌دامه‌ چونكه‌ سه‌دام 182 هه‌زار كوردى له‌ناوبردووه‌. چه‌ند جارێكیش وه‌فادارانه‌ داوا ده‌كات مێرده‌كه‌ى له‌و بابه‌ته‌ به‌دوور بگرن.

دواتر چه‌ند پارێزه‌رێك هه‌وڵ ده‌دةن كاترین رزگار بكه‌ن و بۆیه‌ دواى چه‌ندان مانگ له‌ چاوه‌ڕوانى دادگایى ده‌كرێت و به‌هۆى نه‌بوونى به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر سیخوڕبوونى بێتاوان ده‌رده‌چێت.

ده‌رهێنه‌رى فیلمه‌كه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى سوودى له‌ رووداوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌وڵ ده‌دات وه‌فاداریى نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌ ده‌ربخات. له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ چاوه‌ڕوانى دادگایى ده‌كه‌ن هه‌ردووكیان چه‌ندان هه‌ڵوێستى وه‌فاداریى به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر ده‌نوێنن. پیاوه‌ كورده‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌ردارى ژنه‌كه‌ى نابێ و ژنه‌كه‌یشى به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌و كاته‌ى ده‌یانه‌وێ به‌دوورخستنه‌وه‌ى مێرده‌كه‌ى له‌ یه‌كتریان جیا بكه‌نه‌وه‌.

به‌ بڕواى زۆرێك له‌ ره‌خنه‌گران ئه‌و فیلمه‌ به‌ راستگۆترین فیلم داده‌نرێت، كه‌ له‌باره‌ى جه‌نگى دژ به‌ رژێمى سه‌دام به‌رهه‌م هاتوون.

 

لایه‌نى هونه‌ریى فیلمه‌كه‌:

ناونیشانى فیلم: نهێنییه‌ فه‌رمییه‌كان (Official Secrets)

جۆرى فیلم: دراما، به‌سه‌رهاتى راسته‌قینه‌

ده‌رهێنان: گیڤن هوود

نواندن: كیرا نایتلى له‌ رۆڵى “كاترین گون” ئادم به‌كرى له‌ رۆڵى “یاسر” مات سمیس له‌ رۆڵى “مارتن برایت”ى رۆژنامه‌نووس

ساڵى به‌رهه‌مهێنان: 2019

دوایین كاتى دادگاییكردنى كاترین.. دیمه‌نێكى راسته‌قینه‌
 
كاترین كه‌سایه‌تییه‌ راسته‌قینه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كیرا نایتلى ئه‌كته‌ر
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین