حەنۆكە ... سەربردەی جووەكانی كوردستان دەگێڕێتەوە کولتوور

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئیسماعیل تەنیا نووسەر و توێژەری كورد نوێترین كتێبی خۆی بڵاوكردەوە بە ناوی "حەنۆكە" كە كتێبێكی مێژووییە باس لە سەربردەی جووەكانی كوردستان و عێراق دەكات.

"حەنۆكە: سەربردەی جووەكانی كوردستان و بەشێك لە عێراق" ناونیشانی نوێترین كتێبی مامۆستا ئیسماعیل تەنیایە، ئەو كتێبە وەك لە ناونیشانەكەی دەردەكەوێت، باس لە مێژووی جووەكانی كوردستان دەكات. كتێبەكە لە پێنج بەشی سەرەكی پێكهاتووە، لەگەڵ ئەنجام و ئەلبوومی وێنەكان و پەراوێزەكان و سەرچاوەكان، بەمەیش كۆی گشتی لاپەڕەكانی 500 لاپەڕەیە.

لە بەشی یەكەم توێژەر باس لە مێژووی كۆنی جووەكان دەكات، لە بەشی دووەم باسی جووەكانی كوردستان دەكات، یەكە بە یەكە باسی ئەو شار و ناوچانە دەكات كە جووەكانی لێ ژیاون. لە بەشی سێیەم باسی رۆڵی كۆمەڵایەتی و سیاسی جووەكان دەكات، بەشی چوارەمیش ناونیشانی سەرژمێرییەكان و پێگەیان لە عێراق و ئیسرائیل دەكات. لە بەشی پێنجەم باس لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلی و لێكەوتەكانی دەكات بەسەر جووەكان.

ئیسماعیل تەنیا: وێنەی حەنۆكەی جووم لە خەیاڵمدا كێشا بوو. لای من پاڵەوانی ترسنۆكی و كەسێكی تەنیا باڵ و تاقە ماڵی زوڵم لێكراو بوو

ئیسماعیل تەنیا بۆ نووسینی ئەم كتێبە بە سەدان سەرچاوەی بەكارهێناوە، كە 124 لەو سەرچاوانە كتێبن و ئەوانتیریش گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕ و كەناڵەكانن. جیا لەوەیش زانیارییەكی زۆری دەماودەمی لە خەڵك وەرگرتووە. سەبارەت بە ناوی "حەنۆكە" لە پێشەكی كتێبەكەدا ئیسماعیل تەنیا روونی دەكاتەوە كە ئەمە ناوی پیاوێكی جووی هەولێر بووە، بەهۆی ئەوەی جووەكان رۆژانی شەمووان ئاگریان نەكردووەتەوە، خەڵك بەم هۆیەوە بەزمیان پێكردووە و بە ئەنقەست ئاگریان ناردووە. ئیسماعیل تەنیا باس لەوە دەكات ئەو بەسەرهاتەی لە باوكییەوە بیستووە و ئەویش "نووسەر" وەك منداڵێك بێ ئەوەی حەنۆكە ببینی وێنەیەكی خەیاڵی ئەو پیاوەی لە زەینی كێشاوە.

ئیسماعیل تەنیا لە پێشەكی كتێبەكەی دەڵێ‌، "ئەو كاتی بە نەدیتییەوە وێنەی حەنۆكەی جووم لە خەیاڵمدا كێشا بوو. لای من پاڵەوانی ترسنۆكی و كەسێكی تەنیا باڵ و تاقە ماڵی زوڵم لێكراو بوو، چەندە حەنۆكەم خۆشدەویست دوو هێندە رقم لەو كەسە نەدیتیانە دەبۆوە كە ئاگریان بۆ دەبرد و گاڵتەیان پێ دەكرد، ئەو دیمەنە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن، لە خەیاڵ و بینینی من، بە قەد ساڵەكانی تەمەن گەورەتر و فراوانتر، رەهەندی تریشی وەردەگرت.. كە كەوتمە خولیای خوێندنەوە و ناو جیهانی كتێبەوەیش، حەنۆكە بووە نموونەی خەڵكی بێدەسەڵات و زوڵم لێكراو، كەوتمە خوێندنەوەی چەندین كتێبی مێژوویی تایبەت بەوان، جگە لە گوێگرتن لە سەربردەیان، لە زاری خەڵكی ترەوە... ئەو كتێبەی بەردەستتان، زادە و ئیلهامی گێڕانەوە بەردەوامەكانی باوكم و خوێندنەوە و گوێگرتن و سۆراغی بەردەوامی من بووە".

ئیسماعیل تەنیا

هەر لەسەر ناوەڕۆك  و بابەتی كتێبەكە ئیسماعیل تەنیا لە پێشەكی كتێبەكەی دەڵێ‌، "تا ئێستاكە زۆر كتێب لەسەر ئەم بابەتە نووسراوە.. من یەكەمین و دواین كەسیش نابم.. هەر نووسەرە و جگەلە سەرچاوەی بەردەستی، لە گۆشە نیگای و رەهەندەكانی بینینی خۆیەوە، باسی كردوون. هیچ یەكێكیان كتومت لەویتریان ناچێت، باسەكەی من فرە رەهەند و هەمەلایەنە". بۆیە ئیسماعیل تەنیا دووپاتی دەكاتەوە وەك بابەت "جووەكانی كوردستان" بابەتێكی تازە نییە، بەڵام زانیاری تازەی تێدایە.

ئیسماعیل تەنیا نووسەر و توێژەرێكی كوردە. خۆی كە خەڵكی هەولێرە، ساڵانێكە لە ئەڵمانیا نیشتەجێییە و تا ئێستا زیاتر لە 22 كتێبی بڵاوكردووەتەوە، كە بەسەر توێژینەوە و ساغكردنەوەی ئەرشیف و مێژوو و ئەدەب و رەخنە و رۆژنامەگەری دابەش دەبن، یەكەم بەرهەمیشی شیعر بووە بە ناوی "پەردەی شەرم" كە لە ساڵی 1982 بڵاوكراوەتەوە.

 



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین