هێزەکانی بەسیج لە ئێران دوو کەسیان لە شاری شووش کوشت ئێران

نوچه‌نێت

میدیاکانی ئێران لە حاڵیکدا باس لە کوژرانی دوو گەنجی سەر بە گرووپێکی "سەربەخۆییخواز" لە شاری شووش بە هۆی تەقەکردنیان لە وێستگەی سەربازیی و هێزەکانی ئاسایش دەکەن کە بنەماڵە و خزمانی ئەو دوو کەسە، ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.

بە پێی هەواڵێکی "رادیو فردا"، ئەمڕۆ دووشەممه‌ ٢٩ی ئادار میدیاکانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای خوزستان ڕایانگەیاند، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشبەری سەر بە گرووپی "حرکت النچال" کە هەوڵیان دەدا بڕۆنە ناو باڵاخانه‌ى هێزە سەربازییەکان و هێزەکانی ئاسایشی شاری شووش، ناسرانەوە و کوژران. 
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای خوزستاندا ئاماژە بە ناوی ئەو دوو کەسە نەکراوە و تەنیا وتراوە کە چەند چەکێکی کڵاشینکۆف و هەندێ تەقەمەنیان لێ گیراوە. 
"حرکت النچال" یان "بزووتنەوەی خەباتی عەرەب بۆ ڕزگاری ئەهواز" گرووپێکە کە کۆماری ئیسلامیی بە "تیرۆریست" و "سەربەخۆییخوازی" دەزانێت. 
هەواڵنێری هرانا، بنکەی هەواڵنێری دەستەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاندووە ئەو دوو کەسەی گیانیان لە دەست داوە ئیبراهیم عەتشانی تەمەن ٢٠ ساڵ و مستەفا حەرگانی تەمەن ٢٤ ساڵ و دانیشتووی ناوچەی دوار سەر بە شاری شووش بوون. 
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵنێرییە، ئەو دوو کەسە دوای پێشێلکردنی یاساکانی بەکارهێنانی چەک لە لایەن هێزەکانی "بەسیجی شەهید دانشی شاری شووش" کرانە ئامانج و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لە دەست دا. 
خزم و کەسوکاری ئەو دوو کەسە هەر جۆرە هێرشێکی ئەوان بۆ سەر حەوزەی عیلمی و دادگای شووشیان ڕەت کردووەتەوە.
دەوترێ ئیبراهیم عەتشیانی پێشتر لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی تەشرینی ٢٠٢٩دا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرابوو و ماوەیەک دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی و تا کۆتایی قۆناغی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو. 
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە تیایدا دوو گەنج بە توندی بریندار ببوون و کەوتبوون و هێزەکانی بەسیجیش دەیانپشکنین. 
دەوترێ ئەوە ڤیدیۆیه‌ هەمان ئەو دوو گەنجەیە کە تەقەیان لێکراوە و ئێستا هێزەکانی بەسیج هەواڵەکەیان ڕاگەیاندووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین