بافڵ تاڵەبانى پەیامێکى لە بارەى فرۆشتنى نەوتى کوردستان بڵاوکردەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە لە بارەى فرۆشتنى نەوتى کوردستان و دەڵێت، "کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (دووى/نیسان/2023) بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ڕایگەیاند، "دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت. ‎کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە."

‏‎بافڵ تاڵەبانى لە بەشێکى ترى پەیامەکەیدا دووپاتى دەکاتەوە، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت. ‎سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عیراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاوڵاتیان. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان." 

هەروەک ئاماژە بەوەدەکات، کە یەکێتى ساڵانێکە هەوڵ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەدات و دەشڵێت، "بیركردنەوەی دروست، هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە نەك دووركەوتنەوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان. ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا."

هەروەها دەشڵێت، "هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە."

‏‎

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین