له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكم له‌ ئاهه‌نگه‌ گه‌وره‌كان به‌شدارییم كردووه کولتوور

له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكم له‌ ئاهه‌نگه‌ گه‌وره‌كان به‌شدارییم كردووه

ئاماده‌كردنى: لاڤین عومه‌ر حه‌مه

شیشار وشیار ئه‌سوه‌د، هونه‌رمه‌ندێكى گه‌نجه‌ و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كى هونه‌ریى له‌ دایكبووه‌ و نوێترین گۆرانى خۆى به‌ناوى “ترپه‌ى دڵ” بڵاوكرده‌وه‌.

شیشار كوڕى هونه‌رمه‌ندى ناسراو “وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌ده‌”. وشیار جیا له‌وه‌ى وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى گۆرانیبێژ ساڵانێكه‌ ناسراوه‌، رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گرێكى هونه‌رییه‌.

جیا له‌ باوكى، چه‌ندان ئه‌ندامى ترى خێزانه‌كه‌ى شیشار هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبن و له‌ بوارى رۆشنبیرى و هونه‌ریى كوردییدا ناسراون. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ خه‌ڵكى شارى كۆیه‌ن و ئێستا له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن.

شیشار هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌و كه‌شه‌ هونه‌رییه‌دا گه‌وره‌ بووه‌، خۆى ژه‌نیارى چه‌ندان ئامێره‌. ئه‌و كاته‌ى منداڵ بووه‌ له‌گه‌ڵ باوكى له‌ چه‌ندان چالاكى هونه‌ریى به‌شداربووه‌ و فێرى ژه‌نینى ئامێره‌كان بووه‌. له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ شیشار خێزانداره‌ و كچێكى هه‌یه‌ به‌ناوى “ڤالین”.

له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى “نوچه‌نێت” ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجه‌ وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى دایه‌وه‌:

ده‌گوترێ شیشار هه‌ر لەتەمەنی منداڵییه‌وه‌ لەگەڵ باوکى لە ئاهەنگە گەورەکان بەشداربووه‌؟

بێگومان هەمووکات وجودم هەبووە، لەگەڵ باوکم لە چەندین یاد و ئاهەنگدا بەشدارییم کردووە. هه‌روه‌ها بێ باوکیشم بەشدار ده‌بووم، کە هەموو ئەمانە بۆ ئەمڕۆی من بوون بە ئەزموون و شانازی پێوە دەکەم.

چەند ئامێر دەژەنیت؟

پێموایه‌ تەمەنم هەشت – نۆ ساڵ بوو باوکم ئامێری سازی فێر کردم، بەڵام دواتر ئامێرە ڕیتمیەکانم دەژەنی بە تایبەت( زەڕەب ) لە ساڵی ٢٠٠٦ لە یەکێک لە تیپەکانی کوردستان بووم بە ئەندام بە ئامێری زەڕەب.

بەڵام بە داخم چونکە تیپەکە هەڵوەشایەوە، بەڵام لە ئێستادا ژەنیاری ئامێری (عودم) کە پێم باشە لێرەدا ئاماژەی پێبکەم و دەسخۆشی خۆمی پێ ڕاگەیەنم و سوپاسی بکەم، ئەویش دکتۆر (جەنگی جەلال) کە زۆر هاوکارم بووە وەک مامۆستایەک هەوڵی لەگەڵم داوەو وەک مامۆستایەک ئاشنای ئامێری عودی کردم.

چەند کاریگەری خێزانەکەت لەسەر بووە وەکو دەزانین مامەکانت نووسەرو شاعیرن باوکیشتان هونەرمەند و ڕۆژنامەوانە؟

تەواوی خێزانەکەی ئێمە هونەریین و هەر یەکەیان لە بوارێکدا ڕێچکەی خۆیان هەیە. لە منداڵیمەوە لە ناو خێزانێکی هونەری گەورە بووم، بۆیە دەبێ بێگومان کاریگەری و ئەزموونی ئەوان لەمنیشدا ره‌نگ ده‌داتەوە.

بۆچی لەو ناوەندە هونەرییە درەنگ کارەکەت بڵاو کردەوە؟

لەسەر دواکەوتن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەم هۆکار گەلێکی زۆر هەن، بەڵام بە کورتی باسی هەندێکیان دەکەم. ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دواخستنی کارەکەم، بەرێزیشتان ئاگادارن بۆ ماوەیەک بەرهەم پەخش نەدەکرا.

بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە پڕ بەدڵ سوپاسی کەناڵی ” کورد ماکس میوزیک” و میدیای ” کەی مەگەزین” دەکەم بۆ سپۆنسەرکردنی بەرهەمەکەم، ئەرکیان کێشاوە و کارێکی جوانیان کردووە.

لە ڕووی ئابوورییەوە تا چەند ڕێگر بووە لە کارەکانت ئایا بووە بە بەربەست؟

ئەوەی مایەی نیگەرانیمە لایەنە داراییەکەیە کە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دواکەوتن لە کارەکانم، چونکە هەمیشە بیرۆکەی باش بۆ کاری باش هەیە، بەڵام بێگومان بۆ بەردەوامبوونم پێویستم بە سپۆنسەر هەیە تا بتوانم کاری باش و خزمەتکردن بەردەوامبم.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین