چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پاشگەز دەبێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی مەدای عێراقی لە سەرچاوە تایبەتەكانی ئاشكرای دەكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان پاشگەزبوونەتەوە، بەڵام لە موقتەدا سەدری رێبەری سەدر دڵنیا نیین، بۆیە بە راشكاوی رایناگەینن.

رۆژنامەی مەدای عێراقی لە راپۆرتێكدا كە دوێنێ‌ چوارشەممە پێنجی نیسانی 2023 بڵاویكردووەتەوە، لە سەرچاوە تایبەتەكانی ئاشكرای دەكات، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەپێش هەموویان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پاشگەز بوونەتەوە، بەڵام بە ئاشكرا ئەم بیرۆكەیان رانەگەیاندووە، چونكە هێشتا لە هەڵوێستی سەدر دڵنیا نیین.

بیانووی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ئەوەیە بارودۆخی سیاسی عێراق ئێستا جێگیرە و پێویست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكات، بەڵام چاودێرانی سیاسی هۆشداری ئەوە دەدەن، ئەم هەنگاوەی لایەنەكانی شیعە دۆخی سیاسی ئاڵۆز دەكاتەوە.

سەركردەیەكی رەوتی سەدر بۆ رۆژنامەكە قسەی كردووە، گوتوویەتی، "مالیكی و سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەم حكومەتەی سوودانی بە دوایین هەل دەزانن، بۆیە دەشیانەوێ‌ سەدریش تاقی بكەنەوە". سەركردەكەی سەدر بۆ ماڵپەڕی مەدا دەشڵێ‌، "بەدڵنیاییەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بێدەنگی سەدر نیگەران و هیچ هۆكارێكیشی بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی بزانێ‌ سەدر بیر لە چی دەكاتەوە، بۆیە لە دوورەوە ئاماژە دەنێرێت". 

ئیحسان شەمەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی باس لەوە دەكات كارنامەی حكومەتی سوودانی ئەو بڕگەیەی لە خۆگرتووە كە دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، ئەگەرهاتوو خۆدزینەوەیەك لەو بڕگەیە هەبوو، ئەوا هەر لایەنێكی سیاسی دەتوانێ‌ سكاڵا لەسەر بەڕِێوەنەچوونی هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدات.

لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دوای ساڵێك بەسەر تێپەڕبوونی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە حكومەتی سوودانی دا و لە كارنامەی ئەو حكومەتەیش هاتووە، كە دەبێت لە ماوەی سێ مانگ یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین