خەندە کاکەڕەش باری تەندروستی بەرەو جێگیربوون دەچێت تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

خەندە ، دوای ململانێکی زۆری بۆ ژیان، بڕیاره‌ ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چەکۆ شێرکۆ هاوسەری خەندە لە لێدوانێکی بۆ "نوچه‌نێت" دەڵێت، " پزیشکەکان ڕەنگە ئەمڕۆ مۆڵەت بە هاوسەرەکەم بدەن لە نەخۆشخانە دەربچێت، سوپاس بۆ خوا باری تەندروستی هاوسەرەکەم جێگیرە و بەرەو باشبوون دەڕوات"

ئه‌مڕۆ دووشەممە 29ی ئادار، دوای نزیکەی 12 رۆژ باری تەندروستی خەندە کاکەڕەش بەرەو جێگیری دەچێت و خەریکە نەخۆشخانە جێدەهێڵێت. خەندە ئەو ژنە گەنجەیه‌ کە ماوەی دوو هەفتە میدیاکان و  تۆڕە کۆمەڵاتیيەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. ئەمەش  بەهۆی رووداوێکی پزیشکی بوو کە هاووڵاتیانی کوردستانی والێکرد لەگەڵ خەندە هاوسۆزبن. جێگای بەبیر هێنانەوەیە کە خەندە بەهۆی هەڵە لێدانی دەرزیەکەوە لە نۆرینگەی لاکۆڵان لە شاری کۆیە ئەو رووداوەی بەسەرهات. ئێستا کە بارودۆخی جێگیرە چەکۆ شێرکۆ هاوسەری خەندە باس چەند لایەنێکی رووداوەکە بۆ "نوچەنێت" دەکات.

سه‌ره‌تا چه‌كۆ شێركۆ به‌مشێوه‌یه‌ باسى بارودۆخى خه‌نده‌ و سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى نه‌خۆشییه‌كه‌ى كرد و گوتى، "خەنده‌  تەمەنى 23 ساڵ ئافرەتی ماڵەوەیە و خاوەن دوو منداڵە، پێش 17ی ئادار، بێ ئەوەى خۆی بزانێت تووشی کۆرۆنا بووە و باری تەندروستی تێکدەچێت، پاش دە رۆژ دەیبەن بۆ نۆرینگەیەکی لاکۆڵانی نزیک ماڵی خۆیان یاریدەدەری پزیشك  دەرزیەکی(antibiotik) بۆ دەنووسێت بێ ئەوەی هیچ  پشکنینێکی بۆ بکرێت ئایا هەستیاری بەم دەرمانە هەیە یاخود نا.

چه‌كۆ له‌سه‌ر قسه‌كانى به‌رده‌وام بوو گوتى، "دواتر خەندە، لە ماوەی دوو رۆژدا چوار دەرزی بەکارهێنا، پاشان بێهۆش کەوت، ئینجا بردمانه‌ بۆ نەخۆشخانەیەك لە کۆیە لەوێش دەزانین لە حاڵەتێکی ناهەمواردایە و ناژیت رەوانەی هەولێری دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا ئەگەر هەناسەی دەستکردیان بۆ بکردبایە لە کۆیە ئەوا خراپ نەدەبوو".

به‌ قسه‌ى هاوسه‌رى خه‌نده‌ كاكه‌ڕه‌ش، لەکاتی ناردنی بۆ هەولێر دکتۆری نێو ئۆتۆمبیڵی فریاکەوتن لە پێشەوەی ئۆتۆمبیڵەکە بووە، لە ڕێگا له‌ كردارى هه‌ناسه‌ى ده‌ستكرد كێشه‌ى بۆ دروست ده‌بێت ئیتر باری تەندروستی خەندە بەرەو خراپ و خراپتر دەڕوات و دەڵێن ئیتر لە دەستماندا، بەڵام کەسوکاری خەندە ڕێگەنادەن بگەڕێنەوە و دەڵێن مەوەستە پێویستە بگەین بە هەولێر. پاشان لە نەخۆشخانەی رۆژهەڵات دەینێرن بۆ نەخۆشخانەی لالاڤ، پێنج رۆژ ئەم نەخۆشە لە لالاڤ دەبێت، خزم و کەسوکار هەموو ماڵ و منداڵ  جێدەهێڵن چاوەرێين بە شەو و رۆژ تاکو بێتەوە هۆش خۆی بەڵام بێ سوود بوو، خەندە بەهۆش خۆی نەهاتووە. پاش پێنج رۆژ لە نەخۆشخانە دەڵێن گومان دەکەین مێشکی ئیش بکات بەهۆی نەبوونی پشکنینی مێشک لە نەخۆشخانەی لالاڤ چونکه‌ تایبەتە بە تووشبووانی کۆرۆنا دکتۆرەکان دەڵێن ئیتر ئێمە ناتوانین هیچ بکەین ئێستاکە نەخۆشەکە لە کۆرۆنا دەربازی بووە و خۆتان چارەی بکەن بەڵام ئەم نەخۆشە لە 90 % دەمرێت.

ناچار خەندە کاکەڕەش دەگوازرێتەوە بۆ یەکێك لە نەخۆشخانە ئەهلیيەکانی شاری هەولێر، پاش سێ رۆژ لەم نەخۆشخانە دکتۆرەکان دەڵێن ئێمە هیوای چاکبوونەوە نادەین بەڵام هەوڵی خۆمانی لەگەڵ دەدەین، دوای هەشت رۆژ خەندە کاکەڕەش، بەهۆش خۆی دێتەوە و ئومێد بۆ ناو کەسوکارەکەی دەگەڕێتەوە.

“ئه‌مڕۆش 12 رۆژە بەسەر ئەم بابەتە دەڕوات بڕیار وایە ئه‌مڕۆ  بینێره‌وه‌ بۆ ماڵەوە، سوپاس بۆ خوا لە مەترسی دەرچووە”.

سه‌باره‌ت به‌ یاریده‌ده‌ره‌ پزیشكییه‌ كه‌ ده‌رزى له‌ خه‌نده‌ داوه‌، هاوسه‌ره‌كه‌ى خه‌نده‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئێستا شوێنه‌كه‌ى داخستووه‌ و دیارنه‌ماوه‌، چه‌كۆ شێركۆ گوتى، "ئێمە هیچ سکاڵایەک ناکەین نە لەسەر تەندروستی کۆیە نە لە یاریدەدەرە پزیشکیيه‌ بەتەمەنەکە، ئامانجی ئێمە باشبوونی باری تەندروستی خەندە بوو .ئەگەر ئەو شتێکی لێ بەسەر هاتبا ئێمە ئەوکات جگە لە سکاڵا بەڵکو چەند رێگای عەشایەریيانە هەیە بەرانبەر نەخۆشخانەی کۆیە ده‌مانگرته‌به‌ر، سوپاس بۆ خوا تەندروستی خەندە ئێستاکە باشە و ئەمەش لە سەرووی هەموو شتێکە."

ئاشكرایشى كرد كه‌ كه‌سوكارى یاریده‌ده‌رى پزیشكیيه‌كه‌ چه‌ند جارێك ویستوویانه‌ له‌گه‌ڵیان دابنیشن، به‌ڵام "بۆئه‌وه‌ى گرژیى دروست نه‌بێت ئه‌وان ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌"

هاوسه‌رى خه‌نده‌ باسى ئه‌وه‌یشى كرد له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژه‌دا 20 هه‌زار دۆلاریان خه‌رج كردووه‌، ده‌شڵێ، "جیا له‌وه‌ منداڵه‌كان به‌رده‌وام ده‌گرین و له‌ دوورى دایكیان نه‌خۆش كه‌وتوون".

دوا قسه‌ى چه‌كۆ شێركۆ ئه‌وه‌ بوو، حكومه‌ت رێکاریەكى یاسايي بگرێتەبە بەرانبەر بە نەخۆشخانەی کۆیە، تاکو حاڵەتی وا دووبارە نەبێتەوە، ئەم نۆرینگانەش دابخەن، كه‌ جگە لە خەندە چەند کەسێکی ترتووشی ئەم حاڵەتە بوونە و ئیشی ئەو نییە ئەم جۆرە دەرمانانە بنوسێت لە یاسای تەندروستی قەدەغەکراوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین