عێراق و ئەمریكا و توركیا بە دوای ئاشكراكردنی ناسنامەی رێبەری داعشن وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی، عێراق و توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دوای ئاشكراكردنی شوناسی رێبەری نوێی رێكخراوی تیرۆریستی داعشن و دووپاتی ئەوەیش دەكرێتەوە، ئەمجارە ئاشكراكردنی ناسنامەی ئەو كەسە ئەركێكی هەواڵگریی قوڕس دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023 رۆژنامەی عەرەبی جەدید راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا بە پشتبەستن بە زانیاری و لێكدانەوەی شارەزایانی ئەمنی دووپاتی ئەوە دەكرێتەوە، كە ئەركی ئاشكراكردنی شوناسی سەركردە نوێیەكەی داعش قوڕس دەبێت و پێویستە چەندان دەوڵەت تێیدا بەشدار بن.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لە نامەیەكی دەنگی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رێبەری نوێی خۆی دیاری كرد، كە كەسێكە گوایە ناوی "ئەبوحوسێن هاشمی"یە. ئەمەیش ئەگەر راست بێت چوارەم رێبەری تیرۆریستی ئەو رێكخراوە دەبێت. رۆژنامەكە دەڵێ‌، "چاودێران و شارەزایانی گرووپە چەكدارەكان لەسەر ئەوە كۆكن، ئەم قۆناغەی ئێستا زۆر نارۆشنە سەبارەت بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو سەركردانەی كە لە عێراق و سووریا ماونەتەوە، یان سەبارەت بە رێبەرە نوێیەكەی كە ئەبوحوسێن هاشمییە". 

بەرپرسێكی عێراقی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە و بە "پلە باڵا" وەسف كراوە، لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە شوناسی رێبەری چوارەمی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بایەخێكی زۆری پێدەدرێت و چەندان دەزگای ئەمنی هاوكاری یەكتر دەكەن بۆ دیاركردنی شوناسەكەی، كە ئەو دەزگا ئەمنیانە سەربە عێراق و ئەمریكا و توركیان.

گومان دەكرێت سییەم رێبەری داعش نەكوژرا بێت و لە توركیاوە گیرابێت

دوای كوژرانی سێ رێبەری داعش، چاودێران پێیانوایە داعش تەكنیكی خۆی لە ئاشكراكردنی رێبەرە نوێیەكانی دەگۆڕێت و تەنانەت مەزندەی ئەوەیش دەكرێت، هیچ رێبەرێكی نوێیشی دانەنابێت. بەرپرسە عێراقییەكە بە رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێ‌، "ئەو زانیارییانەی هەن یەكلاكەرەوە نیین، ئەو ناوەی راگەیێندراوە وەهمیە و راستەقینە نییە، تەنانەت ناتوانرێت یەكلایی بكرێتەوە كە رێبەری نوێی دانابێت، ئەوەی راگەیێندراوە تەنیا بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانە لە پەیوەندی نێوان شانەكانی داعش لە عێراق و سووریا". 

یەكەمی رێبەری داعش كە خۆی بە "خەلیفە" ناسێندرا بوو لە 27ی تشرینی یەكەمی 2019 لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی ئەمریكا لە گوندێكی ئیدلبی باكووری رۆژئاوای سووریا كوژرا، دواتر داعش ئەبوئیبراهیمی قوڕەیشی وەك دووەم سەركردەی خۆی دیاریكرد، ئەویش لە شوباتی 2022 كوژرا، سێیەم كەسیش كە بوو بە رێبەری داعش ئەبوحەسەن قوڕەیشی بوو كە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو كوژرا، كەچی تا هێشتا ناسنامە راستەقینەكەی دیاری نەكراوە.

سەرەڕای ئەوەی كە هیچ زانیارییەكی دروست لەسەر سەركردە نوێیەكەی داعش نییە، بەڵام شارەزایان دووپات لەسەر بوونی زانیارییەك دەكەنەوە كە ئەویش "گریمانە"ی "عێراقبوونە". بەرپرسە عێراقییەكە دەڵێ‌، "هەموو سەركردەكانی پێشووی داعش عێراقی بوون، بۆیە لەوانەیە ئەم نەریتە بەردەوام بێت، بەهۆی زاڵبوونی زۆرینەی عێراقییەكانە لەسەر تەواوی رەگەزەكانی تری ناو داعش. سەرەڕای ئەوەی تەواوی سەركردەكانی پێشوو لەناو سووریا لەناو دەچن، ئەمە ئاماژەیەكە كە رێكخراوەكە لەناو عێراق رووبەڕووی ئاستتەنگ دەبێتەوە، بە پێچەوانەی سووریا".

رائید حامد شارەزا لە گرووپە چەكدارەكان بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید قسەی كردووە و باس لەوە دەكات هێشتا دووپات نەكراوەتەوە كە ئەبوحەسەن هاشمی كوژراوە، چونكە گێڕانەوەی جۆراوجۆر شوناسە راستەقینەكەی هەیە و گوایە لە مانگی ئایاری 2022 وە لە توركیاوە گیراوە، سەرەڕای ئەمەیش رێكخراوە تیرۆریستییەكە خۆی هەواڵی كوژرانی بڵاوكردووەتەوە، ئەمەیش گومانەكە زیاد دەكات، دەگوترێ‌ سێیەم رێبەری داعش ناوی حاجی زەید یان بەشار خەتاب غەزال سمێدعی بووە. رائید حامد دەشڵێ‌، "ئەگەر هێشتا شوناسی ئەبوحەسەن هاشمی دیاری نەبێت و رۆشن نەبێت، چۆن دەكرێت بگەینە شونای ئەبوحەسەن قوڕەیشی".

كەریم محەمەداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ عەرەبی جەدید دەڵێ‌، "عێراق مكوڕە لەسەر ئەوەی زانیاری سەر شوناسی رێبەری نوێی داعش بە نهێنی بمێنێتەوە، چونكە باسكردنی كاریگەری لەسەر راونانی دەبێت". ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەیش دەكات وڵاتەكەی لەگەڵ چەندان وڵاتی تر لە پەیوەندی دایەوە و هەمیشە لە نوێكردنەوەی زانیارییەكانە لەسەر ئەم دۆسیەیە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین