سەرۆکی بانکی ناوەندی بانگەشەی خامنەیی لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی بێکارییەوە رەتدەکاتەوە ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران رایدەگەیەنێت، کە دوایین ئامارەکان زیادبوونی بێکاری نیشان دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە رێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا بە پشتبەستن بە راپۆرتی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە رێژەی بێکاری لەو وڵاتە کەم بووەتەوە.

دوێنێ رۆژی چوارشەممە 23ی نیسان 2023، عەبدولناسر همەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران، لە تویتێکدا رایگەیاند، راپۆرتە نوێیەکەی ناوەندی ئامار دەریدەخات رێژەی بێکاری لە زستانی ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 9.7%، بە بەراورد بە وەرزی پاییز 1.5% و بەراورد بە زستانی پێشوو 0.3%ییەکە، رێژەکە زیادی کردووە.

همەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبری ئەوەی یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێندرێ کە بەڵێن دراوە لە ماوەی ساڵێکدا، تەنها 26%ی هەلی کار بەدیهاتووە. واتە ٢٦٣ هەزار کەس هەلی کار رەخسێندراوە، کە ئەمەش کەمترە لەو ژمارە نوێیەی بەشێون کاردا دەگەڕێن.

ئەم راپۆرتەی هێمتی لە کاتێکدایە، کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ساڵی رابردوو «هەلی کار جوڵەیەکی تێکەوت، واتە رێژەی بێکاری بە رێژەیەکی کەم کەمی کرد، ئەمەش غەنیمەتە».

سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران درێژەی بە تویتەکەی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە دوو مانگ بەسەر راگەیاندنی "سەرکەوتنی" حکومەت لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری بە رێژەی 0.7 % تێنەپەڕیوە و ئامۆژگاری حکومەتی رەئیسی کرد، کە "واز لە پشتبەستن بە ئامار، لە قۆناغی کورتخایەن بۆ نیشاندانی سەرکەوتن بهێنێت.

 

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین