کۆنگرێسی ئەمریکا: ئێران زیاتر لە هەزار جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا ئێران

نوچەنێت:

بە پێی راپۆرتێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەسەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن دا، ئێران زیاتر لە هەزار جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ هەینى (14/نیسان/2023) ماڵپەڕى ئەلعەربییە بڵاویکردەوە، بەپێی راپۆرتێک کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی «واشنتۆن فری بیکەن» کەوتووە، ئێران لە ساڵی 2021دا 750 جار و لە ساڵی 2022 دا 600 جار، هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا؛ کە زیاترە لە (500) جار هێرش لە ساڵی 2019 و 2020 دا.

کلۆدیا تنی، نوێنەری کۆمارییەکانی نیویۆرک، بە هاوکاری مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای پێشووی ئەمریکا، ئەم راپۆرتەی ئامادە کردووە، بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا تاکو سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

پۆمپیۆ لەم راپۆرتەدا دەڵێت "سوپای پاسداران کە بە بینینی سەرکردایەتی لاوازی ئەمریکا، بوێرتر بووە؛ لەم ساڵانەی دواییدا بێباکانەتر و وروژێنەرتر هەڵسوکەوتی کردووە و هەڕەشەی لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئەمریکا کردووە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە شەڕ نزیک کردووەتەوە".

بەگوێرەی فری بیکەن، هاوکات لەگەڵ ئەم راپۆرتە، تنی بڕیارنامەیەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە، کە داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، سوپای پاسداران «بەخێرایی» وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین