واڵستریت جۆڕناڵ: قائانی لەگەڵ میلیشیاکانی ناوچەکە کۆبووەتەوە ئێران

نوچەنێت:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێت، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە چەند هەفتەی رابردوودا لەگەڵ رێبەرانی حەماس، حزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی کۆبووەتەوە.

رۆژی هەینی (14ی نیسانی 2023))، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە ئیسماعیل قائانی لە دیدارەکانی لەگەڵ رێبەرانی گروپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی، بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل هانیانی داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارانە کە ناوەکانیان لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا نەکراوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لە چەند هەفتەی رابردوودا فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی میلیشیاکان لە سەرانسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامداوە، لەوانەش لە عێراق و سوریا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئیسمائیل قائانی، هەفتەی رابردووش چووەتە لوبنان و لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەیروت لەگەڵ رێبەرانی حەماس، حزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی کۆبۆتەوە.

ژەنەڕاڵ یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، دوای هێرشیان بۆ سەر خاکی سوریا، هاوتا ئەمریکییەکەی، لۆید ئۆستین، لە دۆخی ئێستای ناوچەکەی ئاگادارکردەوە و گوتوویەتی «ئێران بە بەکارهێنانی هێزی بە وەکالەت لە سوریا، لوبنان و کەرتی غەززە و هەوڵدان بۆ هاندانی کردەوەی تیرۆریستی دژی ئیسرائیلییەکان هۆکاری "ناسەقامگیری"یە لە ناوچەکەدا».

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین