زۆر كه‌سى وه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ ناتوانم پێى بڵێم “هونه‌رمه‌ند” کولتوور

یادی هاشم :

به‌ داخم بۆ ئۆكێستراى كوردستان كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌رگاى داخراوه‌

زۆر كه‌سى وه‌ها ده‌ركه‌وتووه‌ ناتوانم پێى بڵێم “هونه‌رمه‌ند”

ئامادەکردنی: لاڤین عومەر حەمە

هونەرمەند یادی هاشم کە بەرێوەبەری هونەری ئۆکێسترای کوردییە، خەڵکی شارى هه‌ولێره‌. وێراى ئه‌وه‌ى چه‌ندان ساڵه‌ خه‌ریكى كاری هونه‌رییه‌، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا یه‌كه‌م گۆرانى خۆى بڵاوكرده‌وه‌، به‌ ناوى “لاى تۆ ده‌بم”

یادى مامۆستاى په‌یمانگا و زانكۆیه‌ و مایسترۆیه‌، ژه‌نیارى گیتار و ڤیۆلایه‌. نزیكه‌ى 15 ساڵه‌ وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ و له‌ وڵاتى توركیایش بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ میوزیك به‌ده‌ست هێناوه‌.

له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى “نوچه‌نێت وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى دایه‌وه‌:

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌مانه‌وێ باسى سپۆنسه‌رت له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئایا ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ى بڵاوت كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆت بوو؟ چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ ده‌ڵێ زیاتر سپۆنسه‌رى كاره‌ هونه‌رییه‌كان به‌ر كچان ده‌كه‌وێت؟

تەواوی کارەکە لەسەر بودجەی خۆم کردووە، سپۆنسەرم نەبووە. مەسەلەی پاڵپشتی دارایی تەنیا هاوکاری کچان دەکرێ بەڵێ لە ئێستادا ئەوە بەرچاو بووە و هەیە، بەڵام پاڵپشتی کەمێک لە کوڕەکانیش کراوە، ئەوەی من لێرەدا باسی دەکەم بەڵێ پاڵپشتی بۆ هەردوو رەگەز کراوە٪٩٩ بەڵام بۆ هونەرەکە نەبووە، ئامانجی تری بە دواوە بووە.

تا ئێستا چەند کاری ترت کردووە؟

وەکو گۆرانی بۆ خۆم بیڵێم یەکەم کارمە، بەڵام وەکو کاری ئاوازدانان ومیوزیک بە شێوازی ئۆکێستراڵی چەندین کاری ترم هەیە، کە لە ناوەوە ودەرەوەی کوردستان نمایشکراوە، بەهاوکاری ئۆکێسترای کوردستان-هەولێر ،چەند ئۆکێسترایەکی تر.

واقیعی هونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی چۆن دەبینیت؟

جاران هونەرمەند خەڵکی پەروەردە دەکرد، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی دەبینرێ خەڵک هونەرمەند پەروەردە دەکات لەبوارەکانی هونەر ومیوزیک،گۆرانیش. هۆکارەکەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە خاوەنی گوێگرێکی زۆر خراپیین بەداخەوە.

زۆر کەسی وا دروست بووە ناتوانم پێیان بڵێم هونەرمەند، بۆیە دەڵێم زۆر کەس زەرەرێکی گەورە لە هونەرو میوزیکی کوردی دەدەن، ئەگەر بێت و پاڵپشتمان بکەن دیسانەوە دەتوانین گوێگرێکی زۆر بۆ هونەر دروست بکەینەوە، بەڵام ئەوە بە تەنیا بە ئێمەی هونەرمەند ناکرێ.

ده‌مانه‌وێ دوایین زانیارى له‌سه‌ر ئۆكێستراى كوردستان بزانین، ئایا بەکوێ گەیشت؟ ئایا بە تەواوی کارەکانتان وەستاوە؟

لێرەدا پێویستە دڵگرانی خۆم دەرببرم! بەداخەوەم بۆ ئۆکێسترای کوردستان-هەولێر، یەکێکە لە هێما جوانه‌كه‌ى شاری هەولێر و یەکەم ئۆکێستراشە لە هەموو کوردستان بووە و پێی دەڵێن ئۆکێسترای دایک.

بەڵام ئەمرۆ بەبێ ناز دەرگاكه‌ى داخراوە ئەو هەموو گەنجە جوانەی کە کاریان دەکرد و خۆیان ماندوو دەکرد بۆی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دووبارە کردنەوەی دەکەن. چونکە ئۆکێسترا وەکو گەورەترین گرووپی کوردستان ماڵێک بوو بۆ هەموو هونەرمەندە گەنجانەی کە بە ئاواتەوە پەیمانگا و زانکۆی هونەرییان تەواو دەکرد. تاکە هیوایان ئەوێ بوو بۆ کاری هونەری و هونەریان دەکرد، ئێستا ئەو هیوایە نەماوە لەبەر ئەوەی تەواوی کارەکان وەستاوە.

لە ئێستادا من وەک بەڕێوەبەری هونەری لەم ئۆکێسترایە، داواکارم لەلایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی رۆشنبیری و هەموو بەرپرسانی هەولێر، کە هیمەتێک بکەن دیسانەوە بتوانین لە ڕێی ئەم ئۆکێسترایە خزمەتێک بە هونەرو میوزیکی کوردی و گوێگرانمان بکەینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین