وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌، "دوای كورد و رەوتی سەدر محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دەكرێتە ئامانج و سەركردەكانی سوننەیش پاڵپشتی ناكەن".راپۆرتەكە لێدوانێكی ئوسامە نوجەیفی سەركردەی سوننەی بڵاوكردووەتەوە، كە باس لە شكستهێنانی دانانی بەرەیەكی سوننە دەكات و حەلبووسیش بە هۆكار دەزانێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی نیسانی 2023 رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، لەو بارودۆخەی ئێستادا محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم ئامانجی سەرەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەیە. 

بەگوێرەی راپۆرتەكە ئێستا شیعەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆیان بە دەسەڵاتی یەكەم دەزانن، دوای ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ نەوت كرا و سەدریش بۆ ماوەی ساڵێك لە سیاسەت دووركەوتەوە. بۆیە محەمەد حەلبووسی بە تاكە نەیاری خۆیان دەزانن، بە تایبەتی كە دەزانرێت حەلبووسی هەوڵ دەدات لایەنە سوننەكان كۆبكاتەوە تا بەرەیەكی هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە پێكبهێنێ‌.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێ‌ حزبی بێ ركابەر بێت

ئەوەی جێی سەرنج بێت لە راپۆرتەكە سەركردەیەكی ناسراوی سوننە بەر لە شیعەكان پێشبینی كردووە، حەلبووسی لەو هەوڵە سەركەوتوو نەبێت. ئەو سەركردەیەش ئوسامە نوجەیفییە كە پێشتر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بوو، ئێستایش سەرۆكی لایەنێكی سیاسیە بە ناوی "بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان". ئوسامە نوجەیفی دەڵێ‌، "بانگەشەكردن بۆ پێكهێنانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوننە راستگۆیانە نییە و بیرۆكەكە بەو كەسانەی ئێستا سەركەوتوو نابێت". 

نوجەیفی رەخنە لە حەلبووسی دەگرێت و دەڵێ‌، "ئەوانەی بیرۆكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوننە پێشنیار دەكەن، پێشتر هێرشییان دەكردە سەر سیاسییەكانی هێڵی یەكەم، سەرزەنشتیان دەكردن و هەوڵیان دەدات بە تەواوی لە شانۆكە دووریان بخەنەوە و خۆبەزلزانی وایكرد هەندێكیان باوەڕو بەوە بكەن بە پاڵپشتی دەرەوە و ناوەوە هەموو شتێك بكەن".

دوای كورد و سەدر حەلبووسی بە تاكە نەیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دادەنرێت

ئەگەرچی ئێستا باس لە دوورخستنەوەی حەلبووسی دەكرێت لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و  گوایە بەهۆی ناكۆكییەكانی سوننەیە، كەچی نوجەیفی دەڵێ‌، "بڕیاری لادانی حەلبووسی لەلای شیعەیە، بە دیاریكراویش لەلای سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، نەوەك سوننە".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوكراونەتەوە، حەلبووسی هەوڵ دەدات سیاسەتمەدارانی پێشووی سوننە لە نموونەی مەحمود مەشهەدانی، ئوسامە نوجەیفی، سەلیم جبووری، ساڵح موتڵەگ لە بەرەیەك كۆبكاتەوە.

كەچی چاودێرانی سیاسی پێیناویە ئەمانە وەڵامی ئەرێنی حەلبووسی نادەنەوە و بە هانایەوە ناچن، بەڵكو لە بەرانبەردا تۆڵەی لێ دەكەنەوە. لە راپۆرتەكە هاتووە، "چاودێران پێیانوایە حەلبووسی باجی سیاسەتەكانی پەراوێزخستن دەدات كە دژی ئەو كەسانە پەیڕەوی دەکرد كە ئێستا پێویستی پێیانە، سەرەڕای ئەوان وا خۆیان نیشان دەدەن كە لەبەرانبەر رووبەڕووبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی ناكەن، بەڵام سروشتی تۆڵەكردنەوە لە ژینگەی سیاسی سوننە وا دەكات، حیساب بۆ لادانی حەلبووسی بكەن چونكە ئەمە رێگەیان بۆ دەكرێتەوە، وەك ئەو كاری پەراوێزخستن ئەنجام بدەن". 

سەرەڕای ئەمەیش چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كێشەی لایەنە سوننەكان ئەوەیە، چوارچێوەیەكی مەرجەعیان نییە وەك چوارچێوەكەی شیعە، كە بۆ ئەوان سوپای پاسدارانی ئێران مەرجەعی سەرەكییە، بۆیە كاتێك لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ناكۆك دەبن و ركابەری یەكتر دەكەن، بەڵام كاتێك هەڕەشە دەگاتە هەژموونی ئەوان، ئەوا رێكدەكەون، بەڵام بارودۆخەكە بۆ لایەنەكانی سوننە جیاوازە، چونكە لە بنەڕەتدا بەهۆی راكردن بە دوای بەرژوەندییەكان هەڵوەشاونەتەوە، ئەگەریش رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە، ئەوا زیاتر هەڵدەوەشێنەوە.

سەركردەكانی سوننە تۆڵە لە حەلبووسی دەكەنەوە و پشتی تێدەكەن

لەوە ترسناكتر!

لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی عەرەب باس لەوە كراوە، ئامانجی سەرەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیە "سازش" بە حەلبووسی بكات، بۆیە كارتی لادانی حلبوسی، لادانی وەزیرەكانی بەكاردەهێنن، تا لەو داواكارییانە پاشگەز ببێتەوە كە بۆ پێكهاتەی سوننە پێشكەشی كردوون. لە كۆتایی راپۆرتەكە هاتووە، چاورچێوەی هاوئاهەنگی جا بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی بدات، یان ناچاری بكات سازش بكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێ‌ وەك حزبی سەركردە بۆ دەوڵەت و كۆمەڵگە بمێنێتەوە و هیچ یەكێك نەبێت ركابەری بكات".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین