بایدن نایەوێت لەگەڵ ئون دیدار بکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممه‌ ٢٩ی ئادار ڕایگەیاند جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی كۆریا باکوور دیدار بکات.

بە پێی هەواڵێکی "یورۆنیوز"، جین ساکی، وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی كۆریا
 باکوور لە بەرنامەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نییە. 


ساکی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ڕوانگەی دیپلۆماسى جۆ بایدن سەبارەت بە كۆریای باکوور و "دانیشتن لەگەڵ کیم جۆنگ ئون" بەو جۆرەی کە دۆناڵد ترەمپ پێشتر ئەنجامی دەدات درێژەی دەبێت یان نا، وتی: "پێموایە ڕوانگەی بایدن زۆر جیاوازە و نایەوێت لەگەڵ ئون دیدار بکات". 
كۆریای باکوور لە درێژەی سیاسەتەکانی خۆی کە بە بڕوای وڵاتانی ڕۆژئاوا جێگای نیگەرانین، هەفتەی ڕابردوو جۆرێکی نوێی مووشەکی بالیستی تەکتیکیی کورتهاوێژی تاقی کردەوە. 


ئەوە یەکەمین هەوڵی کوریا بۆ تاقیکردنەوەی مووشەک دوای دەسەڵاتگرتنی جۆ بایدن لە ئەمریکا بوو و بەرپه‌رچدانەوەی خێرا و توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لێکەوتەوە. 
واشنتۆن دوای تاقیکردنەوە و هاوێشتنی ئەو مووشەکە داوای دانیشتنی ئەندامانی لیژنەی گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد. 


بایدن هاوکات کە ڕێگای دیپلۆماسی دانەخست بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر كۆریای باکوور  دۆخەکە ئاڵۆز و دژوارتر بکات وەڵامی دەدەینەوە. 


لە لایەکی ترەوە، كۆریای باکوور  وەک بەرپه‌رچدانەوەیەک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی جۆ بایدن، ڕایگەیاند ئیدارەی نوێی ئەمریکا یەکەمین هەنگاوی خراپی هەڵگرت.


پیونگیانگ لەو بڕوایەدایە کە جۆ بایدن بە ڕەخنەگرتن لە تاقیکردنەوەی مووشەکی کوریای باکوور کە ئامانجی بەرگریکارانەی هەیە، "دوژمنایەتی قووڵی" خۆی ئاشکرا کردووە. 


دۆناڵد ترەمپ پێشتر بە مەبەستی سنوورداركردنى جبەخانەی ئەتۆمی كۆریای باکوور  ، هەوڵی دا پەرە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە بدات. ترەمپ جگە لە نووسینی چەندین نامە، سێ جار لەگەڵ کیم جونگ ئون دیداری کرد بەڵام پەیوەندییەکانی ئەو دوو سەرۆکە دوای ئەوەی گفتوگۆکان ئەنجامێکیان نەبوو، تێکچوون. 


كۆریای باکوور  پاشان ڕایگەیاند تا کاتێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست لە "سیاسەتە دوژمنکارانەکانی" خۆی هەڵنەگرێت، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادات.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین