ئێران: چین نایەوێت دەقی رێككه‌وتنى  هاوکارییە ٢٥ ساڵيەکە بڵاو بێتەوە ئێران

نوچه‌نێت

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت ئێران هەر لە سەرەتاوە هیچ کێشەیەکی بۆ بڵاوکردنەوەی هەموو دەقی بەڵگەی هاوکاری ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین نەبووە بەڵام چین بە هۆی هەندێ تێبینی تایبەت بە خۆی نایەوێت بڵاو بکرێتەوە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "بی بی سی"، ڕەبیعی ئەمڕۆ سێشەممه‌ ٣٠ی ئادار وتی: "ئێمە هیچ تێبینییەکمان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دەقە نییە بەڵام لەوانەیە ڕوانگەی لایەنی چینی جیاواز بێت".

هەروەها وتی: "لایەنێک هەڵمەتێکی دەروونی گەورەی ڕێکخستووە. هەندێ لەو کەسانە کە لە ڕابردوودا لە بەرانبەر بێگانەکاندا خۆیان چەماندووەتەوە ئێستا ئەو درۆیانەیان بڵاو دەکەنەوە و ئەو هەڵمەتەیان دەست پێکردووە".

دەقی گرێبەستی هاوکاری نێوان ئێران و چین هێشتا بۆ ڕای گشتیی بڵاو نەکراوەتەوە هەرچەندە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵێنی دابوو "کاتێ ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام درا" وردەکارییەکانی ئاشکرا دەکرێن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئامادەبوونی بەڵگەی هاوکاری درێژخایەن لە نێوان ئێران و چین لە سەرەتاکانی هاوینی ساڵی ڕابردوو ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە.

ئەو بەڵگەیە دەرئەنجام سێ ڕۆژ پێش ئێستا ئیمزا کرا بەڵام حکومەتی ئێران تەنیا سەردێڕەکانی ئەو بەڵگەیە بڵاو کردەوە.

هەندێ لە بەرپرسانی ئێران پێشتر وتبوویان پێویست ناکات حکومەت وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بڵاو بکاتەوە و پرسی گەمارۆکانیش هۆکارێکی ترە بۆ خۆبواردن لە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکان.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین