ئەو بەرپرسەی رایكردبوو گیانی لەدەست دا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سەعد كەمبش سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننە كە دوو رۆژ لەمەوبەر رایكردبوو، ئەمڕۆ لە كاتی هەوڵی دەستگیركردنەوەی لە مووسڵ گیانی لەدەست داوە.

ئێوارەی رۆژی 18ی ئەم مانگە سەعد كەمبش كە تۆمەتبار بوو بە گەندەڵی و بە سزای چوار ساڵ زیندانی لە زیندانێكی ناوچەی سەوزی بەغدا گیرابوو، توانی رابكات. ئەمڕۆ 20ی نیسان لە گەڕەكێكی مووسڵ گیانی لەدەست دا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و باسی لەوە كردووە تیمێكی هەواڵگری و لێكۆڵینەوە بە دوای گرتنی كەمبش بوون، كەچی  لەكاتی ئۆپراسیۆنێكی تایبەت لە یەكێك لە گەڕەكەكانی مووسڵ گیانی لەدەست دا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، كە ئەو بەرپرسە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و لە كاتی تەوقكردنی شوێنەكەی بووراوەتەوە و بۆیە كە گەیشتووەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە و دواتر رەوانەی پزیشكی دادی كراوە دەركەوتووە هیچ ئاسەوارێكی دەرەكی بەسەر جەستییەوە نییە بەڵكو لە ئەنجامی نەخۆشییەكانی مردووە.

لەسەر راكردنی كەمبش ئەمڕۆ سوودانی بڕیاری لادانی بەرپرسی ئەمنی ناوچەی سەوزی دا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین