بۆچی ئەردۆغان لە گێرانەوەی هاوڕێیەكانی شكستی هێنا؟ بیروڕا

و: ئیسماعیل تەها

كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا، زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، یەكێك لەو هەڵبژاردنانەیە ململانێی توندی بانگەشەی هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت، تا ئێستا چاودێرانی سیاسی پرسیار لەو پاڵنەرانە دەكەن، كە هەریەك لە ئەحمەد داودئۆغلۆ و تەمێل كەرموڵائۆغلۆ و عەلی باباجان بۆچی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری دەكەن و بەو ئامانجەی شكست بە ئەردۆغان بهێنن و كلیچدار ئۆغلۆ سەربخەن، ئەوانەی تر بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی ئەردۆغان و بە تاكڕەوی لە دەسەڵات و دوورخستنەوەی هاوڕێكانی تۆمەتباری دەكەن.

ئایا ئەردۆغان لە هێنانەوەی پارتی سەعادەت و عەبدوڵا گول و ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان شكستی هێناوە؟

لەو نووسینە بەدوای ئەو پرسیارە و پرسیاری تریش دەگەڕێین، كە ئایا ئەردۆغان دەیتوانی بەبێ جیابوونەوە و چوونە پاڵ پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) خواستەكانیان جێبەجێ بكات؟
ئەردۆغان چەند جارێك پێشوازی لە تەمێل كەرموڵا ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی سەعادەت كرد، هەوڵی دا بیهێنێتە ناو هاوپەیمانی جمهوور، چ لە هەڵبژاردنی (2018) یاخود ئەم هەڵبژاردنە، بەڵام داواكانی پاراتی سەعادەت داواكاری ئەستەم بوون، بەهیچ جۆرێك قبووڵ نەكرا، پارتی سەعادەت لەبەرانبەر پاڵپشتی  لە هەڵبژاردنەكان داوای دەیان كورسی پەرلەمانی لە ئەردۆغان دەكرد، هۆكاری رەتكردنەوەی ئەردۆغانیش ئەوە بوو ئەو داوایانە لەگەڵ قەبارەی جەماوەری پارتی سەعادەت یەكی نەدەگرتەوە.
هاوپەیمانی كەرموڵا ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەبەرانبەر دوو كورسی بوو، ئەوەش بەرانبەر ئەو داوایانەی لە پارتی دادوگەشەپێدان هەیبوو، كەمترین داوایە.

سەرۆك كۆماری توركیا لە بەهۆی نزیكی لە ئۆزخان ئەسیڵ تورك، سەرۆكی  ئەنجوومەنی راوێژكاری پارتی سەعادەت لەو پارتە نزیكیەكی هەبوو ، چونكە ئەسیڵ لەو پاشەكشەی سەعادەت كە بەهۆی جەهەپە تووشی ببوو زۆر نیگەران بوو، بەڵام بەر لەوەی لەو نزیككردنەوە سەركەوتوو بێت كۆچی دوایی كرد، بەوەش جارێكی تر پارتی سەعادەت بەتەواوی لە هێڵی سیاسی نزیكبوونەوە لە ئاكپارتی دووركەوتەوە، ئەمڕۆش هەر كەسێك سەیری لێدوانی سەركردەكانی پارتی سەعادەت بكات وا گومان دەبات ئەو سەركردانە ئامادەیی ئەوەیان هەیە لەگەڵ كلیچدار ئۆغلۆ بچنە ناو دۆزەخ، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ ئەردۆغان بچنە بەهەشت، هەر ئەوەشە هاوپەیمانی پارتی سەعادەت لە سایەی ئەو سەركردایەتییە لەگەڵ ئاكپارتی بووتە كارێكی ئەستەم، ئەردۆغان هەرچی كرد و چەند نەرمی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هاوڕێكانی نواند سەركەوتوو نەبوو.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ چیرۆكێكی تری هەیە، كە لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئاكپارتی و سەرۆك وەزیران دەست پێ دەكات، داود ئۆغلۆ لە لێدوانەكانی جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە مرۆڤ دەكرێت دەست بەرداری هەموو ئەو پۆستانە ببێت كە زۆر قوورسە دەستبەرداریان بێت، بەڵام ناكرێت دڵی یەكێك لە كادیرەكانی پارتی دادوگەشەپێدان بشكێنێت، كە بە (بانگەوازی موقەددەس) و (هیوای ستەملێكراوان لە جیهان) ناوی دەبرد، وەك جارێك گوتی، "ئەگەر رۆژێك خیانەتم لە ئاكپارتی كرد تف لە رووم بكەن."بەڵام لە هەمان كات هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاكپارتی دەدا و پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و حزب بچڕێنێت، وەك لایەنگرانی دەیانگوت، سەردەمی ئەردۆغان كۆتایی هاتووە، سەردەمی مامۆستایە وەك ئاماژەیەك بۆ داود ئۆغلۆ، كاتێك ئەردۆغان هەستی بەوە كرد داود ئۆغلۆ پیلانی كوودەتای لەناو ئاكپارتی هەیە، ئەو پارتەی ئەردۆغان دایمەزراندووە ئۆغلۆ وێرانی دەكات، بۆیە ئەردۆغان بۆ شكستپێهێنانی ئەو پیلانە دەستی بە جووڵە كرد، ئەوەش بووە هۆی دەست لە كاركێشانەوەی داود ئۆغلۆ. 
داوی جیابوونەوەی لە ئاكپارتی داود ئۆغلۆ پارتی ئایندەی دامەزراند، پێی وابوو لە شەقامی توركی خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری فراوانە، تەنانەت جارێك گوتی، شارەكانی ئەنادۆڵ بەهەموویان بەرگری لێ دەكەن، بەڵام رووداوەكان ئەوەیان دەرخست كە ئەو پیاوە لە خەیاڵ دەژیت، بە بەڵگەی ئەوەش لە راپرسییەكان رێژەی دەنگەكانی لە (1%) تێناپەڕێت، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی ژمارەیەك ئەندامی پارتەكەی لە چوارچێوەی لیستی جەهەپە كاندید بكات، بۆ ئەوەی قەبارەی جەماوەری پارتەكەی بشارێتەوە، هەروەها رازیش بوو یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆك كۆماری لەو حەوت پۆستەی قۆناغی سەرۆكایەتی كلیچدار ئۆغلۆی پێ بدرێت، كە نە داود ئۆغلۆ و نە ئەوانەی تر رێگر نین كە ئەگەر سەركەوت تاكڕەوانە دەسەڵات بەڕێوە ببات.

سەبارەت بە عەلی باباجانیش هەموو جووڵەكانی بە ناوی عەبدوڵا گول بوو، كە بووێری ئەوەی تێدا نەبوو راستەوخۆ ئەردۆغان بكات، بەڵام لە پشت پەردەوە ململانێی ئەردۆغانی دەكرد، بۆیە ناكرێت باس لە مەرج و داواكانی باباجان بكەین، چونكە كاتێك گول ئاماژەی دا ئەو كات لە ئاكپارتی جیابۆوە چووە پاڵ هاوپەیمانی شەش پارتەكە، دانی بەوەش دانا لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو هەوڵی كاندیدكردنی گولی بۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن داوە، ئەوەش لە كاتێدا بوو، بانگەشەی پاڵپشتی كاندیدبوونی ئەردۆغانی دەكرد.

عەبدوڵا گول یەكێكی تر بوو لەوانەی لەدوای كۆتاییهانی ماوەی سەرۆكایەتی كۆمار دەیویست سەركردایەتی ئاكپارتی بگرێتە دەست، بەڵام ئەردۆغان دەرفەتی نەدا دەستبەرداری سەرۆكایەتی جووڵانەوەیەكی سیاسی بێت، كە خۆی دایمەزراندووە  بۆ ئەوەی ژیانی سیاسی لە كۆشكی كۆماری بباتە سەر.

لەبەرانبەردا سەرۆكی توركیا سەركەوتوو بوو، لە گێڕانەوەی پارتی رەفاهی نوێ و هوداپارت بۆ ناو هاوپەیمانی جمهوور، هەروەك هەندێكی تر لە هاوڕێكانی لە ئاكپارتی جیانەبوونەوە لە ئەردۆغان، بەڵكو لە پۆستە جۆراوجۆرەكان بەردەوامبوون لە كاركردن، بۆ نموونە مەلیح گۆتەك، سەرۆكی پێشووی شارەوانی ئەنقەرە خۆی كاندید نەكرد، جیاش نەبۆوە، بەڵكوو بەردەوام بوو لە بەرگریكردن لە ئاكپارتی. 

جگە لەوەش نموونەیەكی تری سەرەكی ئەردۆغان بەرگەی رەخنەی هاورێكانی گرت و بوڵند ئارێش، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان سەرەڕای رەخنەكانی لە ئەردۆغان، كە هەندێك جار لە كاتی هەستیار رەخنەكانی لە ئەردۆغان ئاستی دەگەیشتە تانەلێدان، بەڵام ئەردۆغان وەك ئەندام لە پارتەكەی قبووڵی بوو، جارێكی تر ئەحمەد موجاهید ئارێشی كوڕی جارێكی تر لە لیستی ئاكپارتی بۆ پەرلەمانی توركیا كاندیدە.

ن: ئیسماعیل یاشا

ماڵپەڕى عەرەبى 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین