کەشناسی: سبەی لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت کوردستانی

نوچەنێت

سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ بارانبارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات، سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت، لە هەندێک شوێن ئەگەری لافاو هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (23/نیسانی 2023) کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە برووسکە و چاوەڕوان دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.

بەگوێرەی راگەیاندنی كەشناسی لەدوای نیوەڕۆ بارانبارین دەستپێ دەكات و هەندێک جار بەشێوەی لێزمەباران دەبێت. شەویش شەپۆلەکە کۆتایی دێت.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلە محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند،"بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، لە نیوەڕۆی سبەی دووشەممەوە تاوەکو کاتەکانی ئێوارە بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە هەندێک شوێنی جیاوازیشدا ئەگەری لافاو هەیە؛ لە سەنتەری شارەکانیش ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، بەتایبەتی لە ناوچه نزمەکان".

دەربارەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیش محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر هەولێر، دەوروبەری سلێمانی، دەڤەری بادینان و سۆران دەبێت.

ئەمڕۆ بە بڕی جیاواز لە چەند ناوچەیەک و بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە باران باری، بە جۆرێک لە هەندێک شوێنی سنووری هەڵەبجەدا ئاستی ئاو بەرزبووەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین