ئه‌مریكا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ رێككه‌وتنى چین و ئێران ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

یەک ڕۆژ دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وتی، چەندین ساڵە نیگەرانی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چینە، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا ئەو ڕێککەوتنە دواییەی نێوان ئێران و چین تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە گەمارۆکان جێبەجێ دەکرێن.

بە پێی هەواڵێکی "ئیندێپێندێنت"، ئێران و چین ٢٧ی ئادار ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەیان ئیمزا کرد کە زۆرێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی پێیانوایە لە زیانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران بەڵام لە قازانجی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. تەنیا چەند بەشێکی کەم لەو ڕێککەوتنە بڵاو کراوەتەوە و شرۆڤەکاران دەڵێن ئەوە هەوڵێکی تارانە بۆ گوشار خستنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی.

جین ساکی لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی ئێوارەی دووشەممه‌ ٢٩ی ئادار، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەمریکا دوای ڕێککەوتنی نێوان ئێران و چین هێشتا سیاسەتی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گەمارۆکان دەگرێتە بەر، وتی: " ئەو پرسە جێگای مشتومڕ نییە. ئێمە هێشتا هیوادارین و جەخت لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڕێگای گفتوگۆ و بە بەشداری ئەندامانی ١+٥ دەکەینەوە. وڵاتی چینیش یەکێکە لەو ئەندامانە، هەڵبەت ئێمە ئەو ڕێککەوتنەی نێوان تاران و پەکین لێک دەدەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە لەسەر گەمارۆکان کاریگەری نابێت".

ئیدارەی بایدن بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامادەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمییە. گۆڤاری (پۆلیتیکۆ)یش لەم دواییانەدا لە ڕاپۆرتێکدا باسی ئەوەی کردووە کە ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکە بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە. بە پێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە، ئەو پلانە لەسەر بنەمای ڕاوەستاندنی بەشێک لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەوانە ڕاوەستاندنی پیتاندنی ئورانیۆمی ٢٠٪ و هەروەها ڕاوەستاندنی چالاکی ئامێرە پێشکەوتووەکانی دەرکردنە و لە بەرانبەریشدا ئەمریکا بەشێک لە گەمارۆکان هەڵدەوەشێنێتەوە. پۆلیتیکۆ ڕایگەیاندووە هۆکاری ئەو پەلەکردنەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێراندا.

بەڵام ساکی لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: "هێشتا لەم قۆناغەدا هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنێکی تایبەت دەستیان پێ نەکردووە و ڕوانگەی ئێمەش نەگۆڕدراوە". بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێران بە مانای ئیمتیازدان بەو وڵاتە و دەستپێکردنی گفتوگۆکان نییە. لە لایەکی ترەوە هەندێ لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، نەک ئەوەی ببێتە هۆی خێرابوونەوەی گفتوگۆکان.

وتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا کە بە ئاشکرا ئاماژەی بە نیگەرانی بایدن دەربارەی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین کرد، وتی: " چین ئەندامێکی گرووپی ١+٥ و هاوبەشێکی سەرەکی ئێمە بووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. بێ گومان لە گفتوگۆکانی داهاتوویشمان لەگەڵ ئێران هاوبەشێکی سەرەکی دەبێت. هێشتا سەرقاڵی لێکدانەوەی ئەو بابەتەین و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە".

ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، چین و ڕووسیا ئەندامانی گرووپی ١+٥ پێک دێنن کە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران بە ئەنجام گەیاند. بەڵام زۆرێ لە شارەزایانی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی هەلومەرج و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان، ڕێککەوتنێک کە تەنیا نیگەرانییە ئەتۆمییەکان لە خۆ بگرێت، کاریگەری نابێت. هاوکات باس لە ئامادەبوونی وڵاتانی ناوچە لە گفتوگۆکاندا دەکرێت. واتە ئەو وڵاتانەی کە هەڕەشە و جووڵە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیی وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی خۆیان دەبینن.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین