وه‌زیرى دارایى عێراق:  90%ى داهاتى خاڵه‌ سنوورییه‌كان بۆ ده‌وڵه‌ت نییه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى فڕانس پرێس راپۆرتێكى درێژى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێ، " 90%ى داهاتى خاڵه‌ سنوورییه‌كان بۆ ده‌وڵه‌ت نییه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 30ى ئادار، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌و راپۆرته‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى فڕانس پرێسه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و به‌دواداچوونێكى ورده‌، ستافى ئاژانسه‌كه‌ له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگ ئاماده‌یان كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌ كارتیلێكى زه‌به‌لاح "گرووپى كۆمپانیایى" كه‌ كۆنتڕۆڵى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى عێراقى له‌گه‌ڵ ئێران كردووه‌ و ته‌واوى داهاتى ئه‌م خاڵه‌ سنوورییانه‌ بۆ میلیشیا و حزبه‌كانى شیعه‌ ده‌بات.


له‌ راپۆرته‌كه‌ ناوى گرووپه‌ میلیشیاكانى به‌در و عه‌سائیب و حزبوڵاى عێراقى دێن كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ گه‌نده‌ڵى و كۆنتڕۆڵكردنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان.
 

به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ له‌ساڵى 2019 كه‌ نوێترین داهاتى حكومه‌تى عێراقه‌ له‌سه‌ر هاورده‌ى نانه‌وتى، قه‌باره‌كه‌ى 21 ملیار دۆلاره‌، ئه‌مه‌یش واتاى ئه‌وه‌یه‌ داهاتێكى زۆر بۆ حكومه‌ت دێت، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانى عێراقى له‌ راپۆرته‌كه‌ دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، به‌شێكى زۆرى داهاتى گومركه‌كان بۆ حزب و میلیشیاكانى شیعه‌یه‌.

عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق له‌ راپۆرته‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى ژێربه‌ژێریى له‌نێوان به‌رپرسانى حكومه‌ت و حزبه‌ سیاسى و مافیاكان و پیاوانى گه‌نده‌ڵى كار هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌و سیسته‌مه‌ داهاتى ده‌وڵه‌ت تاڵان ده‌كات"

عه‌لاوى ده‌ڵێ، "90% داهاتى ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌چێت".

له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئاژانسى فرانس پرێس باس له‌وه‌ كراوه‌، فه‌رمانبه‌ران به‌ هه‌زاران دۆلار به‌رتیل ده‌ده‌ن تا له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كان كاریان پێبدرێت و دابمه‌زرێن. به‌رپرسێكى گومركى له‌ مه‌نده‌لى ده‌ڵێ، "بچووكترین فه‌رمانبه‌ر به‌هۆى به‌رتیله‌وه‌ رۆژانه‌ 10 هه‌زار دۆلارى ده‌ستده‌كه‌وێ".

عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى داراییش له‌سه‌ر هه‌مان خاڵ قسه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "نرخى بچووكترین كار له‌ ده‌روازه‌كان ده‌گاته‌ 50 هه‌زار دۆلار تا 100 هه‌زار دۆلار هه‌ندێك جاریش زیاتره‌".

فه‌رمانبه‌رێكى حكومى له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "بارودۆخه‌كه‌ وه‌سف ناكرێت زۆر له‌ یاساى جه‌نگه‌ڵستان خراپتره‌، چونكه‌ له‌ دارستان ئاژه‌ڵه‌كان ده‌خۆن و تێر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌م پیاوانه‌ هه‌رگیز تێر نابن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین