ململانێی سەرچاوە ئاوییەکان لەنیوان عێراق و ئێران بەرەو کوێ وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

دیارە کە ململانێی ئاو لەنێوان عێراق و ئێران ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، کە هەیانە مەزهەبی-دینییە و هەیەتی ئیتنی و نەتەوەییە، چونکە ئێران هەم فارسییە و هەم میراتگری مەجوسییەتە، هەرچی عێراقیشە میراتگری سۆمەری، ئەکەدی، بابلی، ئاشووری و ئیسلامییە، بەم پێیە ململانێکە درێژکراوەی شارستانێتییە دێرینەکانیشە.


ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ گەیشتنی ئیسلامییە توندڕەوەکان بە کورسی فەرمانڕەوایی ئێران، ململانێ سیاسییەکەی نێوان عێراق و ئێران سەری کێشا بەرەو ململانێی سەربازیش، کە جەنگی یەکەمی کەنداوی لێکەوتەوە کە هەشت ساڵی خایاند، دوای ئەوەش شەڕی دیکە لە عێراق ڕوویاندا کە وێرانبوون و شێوانی عێراقیان لێکەوتەوە، کە پێشووتر بە میزۆپۆتامیا و خاکی هیلالی بەپیت ناسراوبوو.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، عێراقی یەکگرتوو بە یەکجاری ڕۆیشت، ڕووداوی کارەساتبار بەسەر عێراقدا هاتن  و عێراقێکی نوێ پەیدابوو کە بووە وڵاتێکی دابەشبوو لەڕووی ئیتنی و جوگرافییەوە.

ئیدی ململانێیەکی نوێی نێوان عێراق و ئێران پەیدابوو ململانێی ئاو بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لیژنەی سەرچاوەکنی ئاو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی پێکردوون، ئێران لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئاوی نزیکەی ٣٥ ڕووباری لە ئێرانەوە بەرەو عێراق کەمکردووەتەوە و بەم پێیە عێراق ٨٠٪ی ئاوە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێرانی لەدەست چووە! ئەمەش ودەکات عێراق ساڵی ٢٠٤٠ ڕووبەڕووی وشکهەڵاتن ببێتەوە. 
گرتنەوەی ئاوی ئەو ڕووبارانە وا دەکات عێراق بەشێکی زۆری ئاوی دیجلە و فوراتی لەدەستبچێ کە لەو ڕووبارە ئێرانییانەوە بۆی دەهاتن. دەبێ بڵێێن ٣٥٪ی ئاوی وەرگیراوی عێراق لە دەرەوەی سنوورەکانییەوە، لە ڕووبارەکانی ئێرانەوەیە. 
ئێستا تەنها حەوت ڕووبار ئاو لە ئێرانەوە بەرەو عێراق دەهێنن و ئێران دەستی بە بونیاتنانی بەنداوکردووە لەسەر ئەوانەش بێ گەڕانەوە و ڕاوێژکردن لەگەڵ عێراق. ئێران هەروەها کاری کردووە لەسەر گۆڕینی ئاراستەی ڕووبارەکانی وەکوو کاروون و ئەڵوەن، کە ئەوش زیانێکی زۆری بە زەوییە کشتووکاڵییەکانی بەسرە و دیالە گەیاندووە.

 

ئێران دەستی دئێران به‌ خراپ له‌ لێدوانێكى جه‌لال تاڵه‌بانى سوودمه‌ند بووه‌

 


ەستی و خاوە خاو دەکات لە گفتوگۆکردن لەگەڵ عێراق سەبارەت بە قەیرانی ئاو. بەپێی ڕووپێوی ساڵی ٢٠١١، ئێران ١٥٢ بەنداو و قەنتەرەی لەسەر ئەو ڕووبارانە دروستکردووە کە بەرەو عێراق دێن و دانوستاندنەکانی عێراق لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسی ئاو هیچی نەکردووە بۆ ڕێگری لە خنکان و وشکبوونی هەزاران دۆنم لە زەویی کشتوکاڵیی عێراق.

ئێران نایەوێ کار بە ڕێککەوتننامە واژووکراوەکانی نێوان هەردوولا بکات و عێراق ڕووانگەیەکی تایبەتیی نییە!

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە قۆناغی جیاجیادابوون لە دەیەکانی ڕابردوو، جار هەبووە باش و جار هەبووە خراپ بوون.
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراقی دراوسێی جیاوازیی ڕیشەییان هەبووە لە سەردەمی حوکمرانی شا لەلایەک و حکومڕانیی شۆڕشی ئیسلامی لەلایەکی دی. 
دوا ڕێککەوتننامەی عێراقی/ئێرانی بۆ ڕێکخسنی ئاوی نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ کە تاوەکوو ساڵی ١٩٨٠ کاری پێکرا، ساڵی ١٩٨٠ عێراق تاکلایەنە هەڵی وەشاندەوە لەگەڵ دەستپێکی شەڕێ نێوان هەردوو وڵاتدا،  ساڵی ١٩٨٨ و لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگەکە، دیسانەوە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە.

بەهۆی دۆخی قەیراناویی عێراقەوە، لایەنی عێراق پێگەیەکی لاوازی وەرگرتووە لە دانوستاندنەکانی هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنەکەدا.

هەروەها جەلال تاڵەبانی سەرۆکی عێراقیش لێدوانێکی نادیپلۆماسییانەی دا لەبارەی ناڕەوایی و هەڵوەشاوەیی ڕێککەوتننامەکە کە دواتر زیانی لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق دا، کە وتی "ڕێککەوتننامەی جەزائیر بریتی بوو لە ڕێککەوتننامەیەک لەنیوان سەدام حسێن و شای ئێراندا، نەک ڕێککەوتننامەی نیوان دەوڵەتی ئیران و دەوڵەتی عێراق". لێرەوە ململانێی شاراوەی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکرد. ئەو لێدوانە سووکایەتی بوو بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سیاسەتی دەرەکیی عێراق.


ئێرانیش ئەو لێدوانەی قۆستەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕووبار و سەرچاوە ئاوییانە مۆنۆپۆڵ بکات کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو عێراق سەرچاوە دەگرن، و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبەرچاونەگرێت لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، بە تایبەت لە هێڵی سنووریی نێوان هەردوو وڵات، بەمەش کێشەیەکی دیکەی جەوهەریی لەسەر ئاو سەریهەڵدا لەنێوانیان، ئەوە سەرەڕای ئەو ناکۆکییەی لەبارەی نەوتی دەوروبەری شەتتولعەرەب هەیانە.

لەلایەکی دیکەوە ئێران لە هەنگاوێکی تاکلایەنەدا ڕێرەوی هەردوو ڕووباری کاروون و ئەڵوەنی گۆڕیوە و ئەوەش زیانی بە ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵیی عێراق گەیاندووە. لەسەر ڕووباری سیروانیش جگە لە گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەکە، چەندین بەنداوی دروستکردووە، لەکاتێکدا ڕووباری سیروان گرنگە بۆ پڕبوونی بەنداوی دەربەندیخان کە بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی کارەباش سوودی لێ وەردەگیرێت، لەسەر ڕووباری زێی بچووکیش بەنداوی سەردەشتی دروستکردووە، هەر لەسەر ئاوی زیێی بچووک پڕۆژەی پڕکردنەوەی دەریاچەی ورمێی بونیاتناوە.

ئەو کەمینانەش کە ئارەزووی جیابوونەوەیان هەیە لە وڵاتی دایک  کاریان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان کردووە، لەم میانەیەدا هەرێمی کوردیش بیری کردووەتەوە لە بونیاتنانی چەندین بەنداو بۆ کۆکردنەوەی ئاوی پێویست.

ئایا فاکتەری تائیفی وا لە عێراق دەکات سازش بۆ ئێران بکات؟

حکومەتەکانی دوای ڕوخانی سەدام حسێن کەوتوونەتە ژێر فشاری ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە، ئەویش بە سوودبینینی ئێران لەو درێژکراوە مەزهەبییەی لە عێراقدا هەیەتی. 
کاتێک سەرۆکی عێراق جەلال تاڵەبانی وتی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لەنێوان دوو سەرۆکدا بوو نەک دوو دەوڵەت، گڵۆپی سەوزی بۆ ئێرانییەکان هەڵکرد بۆ یاریکردن بە مافی عێراقییەکان لەو سەرچاوە هاوبەشە ئاوییانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن.

هەروەها ساڵی ٢٠٠٨ حکومەتی مالیکی بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ هەنگاوێکی نەهاویشت کاتێک ئێران ئاوی ڕووبارەکانی کاروون و کەرخی گرتەوە لە چوونە ناو شەتتولعەرەب، ئەوەش ئاوی هۆڕەکان و دەوروبەری شەتتولعەرەبی کەمکردەوە و ڕێژەی پاشەڕۆ و خوێی تێدا زیادکردن، ئەوەش کەرتی کشتووکاڵیی  ناوچەکەی شێواند و جوتیارانی ناچارکرد زەوییەکانیان بەجێبهێڵن کە بەهۆی پیسبوون و سوێربوونی ئاوەوە بەپیتیی خۆیان لەدەست دا.
کاتێکیش لە پڕۆژە یاسای بودجەدا پارە تەرخانکرا بۆ زیادکردنی ئاوی سازگاری هۆڕەکان و شەتتولعەرەب و کەمکردنەوەی ڕێژەی پاشەڕۆ و خوێداریی خاک و بەهەڵمبوونی ئاوی سەر ڕووی زەوییەکان، ئێران کەوتە فشارکردن و سەرەنجام پڕۆژەکە وەستێنرا، بێئەوەی ئێران هیچ بیرێک لە بەرژەوەندیی عێراق بکاتەوە.

ئێستاش حکومەتەکانی عێراق لە شێوازی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ ئێران لەسەر بابەتی ئاو، لەو ئاستەدا نین مافی خەڵکی عێراق بپارێزن لە دەستکەوتنی ئاوی پێویست لە سنووری ئێرانەوە. جاران ئەو ئاوەی لە ئێرانەوە دەهاتە عێراق، کۆی ٣٥٪ی هەموو ئەو ئاوەی پێکدەهێنا کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن.

ئێران بێ راوێژكردن له‌گه‌ڵ عێراق 
به‌نداو له‌سه‌ر رووباره‌كان دروست ده‌كات

 

لە ئەنجامی بێدەنگیی حکومەتەکانی عێراق ، لەنێوان ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٣  ڕووباری کاروون وشکی کرد و لە نەخشەی ئاویی عێراق-ئێراندا سڕایەوە! ئەوە لەکاتێکدا بڕیاربوو لەدوای گۆڕینیشی بۆ ڕووباری زایندەروود ١٤ ملیار مەتری سێگۆشە ئاو ڕەوانەی عێراق بکات.
هەرچی ڕووباری کەرخەیە، کە جاران دەچووە ناو هۆڕی حویزەی عێراق و سازگاریی دەبەخشییە سامانە ئاوییەکەی هۆڕەکان، ئێران بەنداوێکی لەسەر دروستکرد کە توانای گلدانەوەی نزیکەی شەش ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
ئاوی ئەڵوەنیش کە لە پارێزگای دیالەوە دەڕژایە ناو ڕووباری دیجلە، بەتەوای خنکێنرا و وای لێهات تەنیا کەمێک ئاوی لێوە دەهات بۆ ڕووباری خانەقین، ئەوەش کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتووکاڵیی پارێزگای دیالەی لێکەوتەوە، وەکوو لە ڕاپۆرتەکانی ئەو پارێزگایەدا ئاماژەیان پێکراوە.

پیسبوون و سوێربوونی ئاو لە کێشە گەورەکانی نێوان عێراق و ئێران

لەناوچوونی زەوییە بەپیتە کشتوکاڵییەکانی عێراق، ئەنجامێکی سرووشتی خنکاندنی ئەو ئاوانە بوو کە لە ئێرانەوە بەرەو عێراق دەهاتن، بەوەی ئێران دەیان بەنداوی لەسەر دروستکردن، بە تایبەت لەسەر هەردوو ڕووباری کاروون و ئەڵوەن، کە ئێران تەنیا سوێراو و ئاوەڕۆی پیسی لێ هێشتنەوە بۆ عێراق، کە ڕێژەی پاشەڕۆ و خوێداریی لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراقدا زیادکرد و بووەهۆی داڕمانی کەرتی کشتووکاڵیی، بە تایبەت لە پارێزگاکانی بەسرە و دیالە.
ساڵی ٢٠١٧ زۆرترین سوێراو و ئاوەڕۆی پیس لە ئێرانەوە ڕوویکردە بەسرە و هەڕەشەی بە بیابانبوونی خەستە سەر، هەروەک چەندین نەخۆشیی پەیوەست بە تێکچوونی ژینگەی تێدا بڵاوکردەوە. ڕەنگە ئاوەڕۆ پیسەکە هەندێکی پاشماوەی کوورە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت کە لە ئەسفەهانەوە دێن. جگە لەوە پاشماوەی ماڵان و کارگەکانیش دەڕژێنێتە ئەو ئاوەی بەرەو عێراق دێت. 
بەسرە جگە لەوەی نوقمبووە لە ئاوەڕۆی پیس و سوێراوی ئێرانیدا، خێلەکانیشی بەشەڕدەدرێن و ئەوەش ئەوەندەی تر پەکی کشتوکاڵی خستووە، بەشێک لە شەڕی خێڵەکان بە ئەنقەست دروست دەکرێت و زۆرجاریش ململانێیە لەسەر ئاو، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەکەڵک بۆ کشتوکاڵ لە پارێزگاکە.

هەڕەشەی ئێران بۆ سەر پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی سعوودیە لە عێراق

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارانەی ئێران دژ بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق و ئاساییشی نیشتیمانی سعودی، سعوودیە چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی لەسەر سنووری بیابان بونیاتناوە بە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی.
پێشکەوتنێکی بەرچاو دەبینرێ لەڕووی پەیوەندیی کشتوکاڵییەوە لەنێوان ڕیاز و بەغدا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی موسەننا و نەجەف و کەربەلا، کە ڕەنگە ئەم کارە ئێران و هاوپەیمانەکانی ئێرانی لەناو حکومەتی عێراقدا تووشی دڵەڕاوکێ کردبێت.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران لەڕێگەی گرووپە هاوپەیمانەکانی وەکو حیزبوڵڵاوە لەناو عێراقدا کەوتووەتە هەراسانکردن و ترساندنی ئەوانەی وەبەرهێنان لەسەر خاکی عێراق دەکەن، ئەویش لە ترسی زیادبوونی وەبەرهێنانی سعوودی لە عێراق، کە ئەگەر بەردەوام و سەرکەوتوو بێت، هانی وڵاتانی دیکەی کەنداویش دەدات دەست بە وەبەرهێنان بکەن، چونکە سیاسەتی درێژماوەی ئێران بۆ عێراق ئەوەیە هەمیشە بۆشایی لە عێراقدا دروستبکات، بە بۆشیی دروستکردن لە کەرتی کشتوکاڵیشەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین