سەرۆكایەتی كۆماری عێراق خۆی لە گواستنەوەی لێدوانەكانی خامنەیی بەدوور گرتووە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئەمڕۆ میدیاكانی جیهان بڵاویانكردووەتەوە، عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارەكەی لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆكی عێراق باسی لەوە كردووە، بوونی تاكە ئەمریكییەك لە عێراق كێشەیە و زیادەیە. كەچی ئەم لێدوانانەی خامنەیی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عێراق نەگوێزراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی نیسانی 2023 چەند ماڵپەڕ و ئاژانسێكی جیهانی باسی ئەوەیان كردووە، لە كاتی بەڕێوەچوونی دیدارەكەی خامنەیی و سەرۆك كۆماری عێراق، كە دوێنێ‌ لە تاران بوو، خامنەیی نیگەرانی خۆی لە بوونی ئەمریكا لە عێراق دەربڕیوە و گوتویەتی، "تەنانەت بوونی یەك ئەمریكی لە عێراق بە زیاد لە پێویستی دەزانێت". 

هەروەها خامنەیی دەڵێ‌، "ئەمریكییەكان دۆستی كەس نیین، تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانیشیان دڵسۆز نیین". ئاژانسی رۆیتەرز و CNN نووسیویانە لە راگەیێندراوەكانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق باس لەوە بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق كراوە، بەڵام باسی ئەو لێدوانانەی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران نەكراوە.

ئێستا ئەمریكا نزیكەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق هەیە، بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەكانی ئەمریكا و عێراق، ئەوان كاری راوێژكاری و مەشق دەكەن، نەوەك جەنگاوەری.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین