بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت عێراق دەكەوێتە ژێر هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆپێك عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە، بەهۆی وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە هەناردەی نەوتی عێراق، ئەم وڵاتە دەكەوێتە ژێر هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆپێك، ئەمەیش وا دەكات رێكخراوەكە بیر لە وڵاتی تر بكاتەوە، تا ئاستی بەرهەمهێنانی دیاریكراو پڕ بكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سێی ئایاری 2023 ئاژانسی رۆیتەرز باسی لەوە كردووە، بەرهەمی نەوتی عێراق بە شێوەیەكی گشتی نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل كەمی كردووە، ئەمەیش زۆر لە خوار ئەو هێڵەیە كە ئۆپێك پڵەس بۆی داناوە. 

ئاژانسەكە دەشڵێ‌، "ئەمە لێكەوتەی نەرێنی دەبێت ئەگەرهاتوو بەردەوام بێت، بۆیە لەوانەیە رێكخراوەكە بیر لەوە بكاتەوە  بە بەرهەمی وڵاتێكی تر قەرەبووی بكاتەوە". دوێنێ‌ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد، تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوت لە مانگی نیساندا سێ‌ ملیۆن و 288 هەزار بەرمیل بووە. كەچی ئەمە بە مانگەكانی تر زۆر لەوە نزمترە كە بەگوێرەی رێككەوتنی  ئۆپێك پڵەس بۆی دیاركراوە. 

لە مانگی یەكەمی ئەمساڵ "كانوونی دووەم" چوار ملیۆن و 430 هەزار بەرمیلی بەرهەم هێناوە، بەگوێرەی ئەو پلانەی كە ئۆپێك پڵەس هەیەتی دەبێت عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێننێ‌. 

رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە، هۆكاری دابەزینی بەرهەمی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو، بردنەوەی عێراق لەو بڕیارە دادگاییەی كە رێگری لە توركیا دەكات نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان رەوانە بكات، بێ خواستی حكومەتی عێراق، ئەمەیش وایكرد تەنیا بە هەرێمی كوردستان بازاڕی نەوتی جیهان 450 هەزار بەرمیل لە دەست بدات.

لە 25ی مانگی ئایاری رابردوو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق وەستاوە. ئەمەیش لە ئەنجامی بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس، كە بە هۆی سكاڵایەكی عێراق درابوو. عێراق ناڕەزایی دەربڕیبوو لەوەی توركیا سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات. بەگوێرەی بڕیارەكە دەبێت توركیا زیاتر لە ملیارێك دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە. هەرچەندە ئێستا عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، بەڵام توركیا رازیی نییە رێگە بە هەناردەی نەوتی هەرێم و عێراق بدات و داوا دەكات قەرەبووكەی لەسەر لابدرێت. 

لە ساڵی 2020 وە بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتان دیاری دەكرێت، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی بازاڕی نەوت بكرێت و رووداوی دابەزینی نرخی نەوت دووبارە نەبێتەوە، كە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا روویدا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین