لاوك به‌لاى منه‌وه‌ جوانترین و پاكترین هونه‌ره‌ کولتوور

وەلی دۆسکی :

نهێنى سه‌ركه‌وتنى كاره‌كانم فۆلكلۆره‌

لاوك به‌لاى منه‌وه‌ جوانترین و پاكترین هونه‌ره‌

ده‌نگى من و مامۆستا كه‌مال ئاكره‌یى له‌یه‌كتر نزیك بوو به‌یه‌كه‌وه‌ گۆرانیمان گوتووه‌

دیمانه‌ى: لاڤین عومه‌ر حه‌مه‌

وەلی دۆسکی هونەرمەندی ناسراوی کورد ساڵانێکی زۆر لەبواری هونەری گۆرانی کاری کردووە، دامەزرێنەری “تیپی پاشای گەورە” بوو. گرنگییەکی زۆری بە هونەرەکەی داوە، چەندان گۆرانى به‌ناوبانگى هەیە ڕواندزو کۆچەرێ لەو گۆرانیانەن گوێگرێکی زۆریان هەبوو، لە ئێزگەی به‌غدا و ئێزگە کوردییەکانى تر بڵاو دەکرانەوە. له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى “نوچەنێت” وه‌لى دۆسكى وه‌ڵامى ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ى دایه‌وه‌.

وەلی دۆسکی یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کورد لە هەشتاکان و ودواتریش، بەڵام ماوەیەکی زۆر بێ دەنگە هۆکار چی یە؟

بێدەنگیم بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک تەندروستی و تەمەن و دووركه‌وتنەوەی ئەندامانی ئەندامانی تیپی پاشای گەورە لە یەکتر، بەهۆی کارو کاسبی و سەختی ژیان و شێوازی کارکردنی دەزگا هونەرییەکان.

ژمارەی ئەو کارانەی لە ئێزگەی کوردی بەغدا و تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمارت کردوون چەندە؟

کۆی کارە هونەرییەکانم لەگەڵ پاشای گەورە و کۆنسێرتەکان لە تەلەفزیۆنی ( ktv وkurdsat) سەروی 30_35 ماده‌ن.

کۆمەڵێک گۆرانی بەناوبانگت تۆمارکردووە، هەندێکیان ناوبانگیکی زۆر زۆریان هەبووە، لەوانە کۆچەرێ و رەواندز، ئایا بەنیاز نیت نوێیان بکەیتەوە؟

ئەو گۆرانیانە بەهەستێکی گەنجانە و کوردانە تومارکراون، میوزیکژەنەکانیش زۆر بە گەرموگوڕی دەیانژەنی دووبارە بونەوەیان زۆر زەحمەتە، من ڕێگام داوە هەرکەس بتوانێ لاسایم بکاتەوە بە مەرجێک، بابەتەکان خراپ نەکەن و نەیشێوێنن خاڵێکی تریش هەیە، من بە تەنیا خاوەنی ئەو بەرهەمانە نیم هونەرمەندانی ڕەواندز هەموویان خاوەنن، ئەوانە بەسەرما و گەرماو مەترسی ڕژێم کاریان لەگەڵم دەکرد، گۆرانی ڕەواندز بە زەحمەت لە سانسۆری وئێزگە بەغدا لەڕێی هەندێ خەڵکی دڵسۆز ئیجازەی بڵاوکردنەوەی دەرچوو. چونکە پێشتر لەدەنگی کوردستان و گەلی کوردستان بڵاوکرانەوە کۆچەرێش هەنگاوێکی گەورە بوو لە پاڵ کارە هونەرییەکانی تیپی دهۆک و سلێمانی بۆئەوەی حەزی هونەری فۆلکلۆر فراوانتر بێت.

تۆ یەکێکی لە دامەزراندنی تیپی پاشای گەورە، دەمانەوێ بە کورتی باسی ئەو تیپەمان بۆ بکەیت و ئایا ئێستا بە کوێ گەیشتووە و هیچ تیپێکی هاوشانی ئەو هەبوو؟

بە شانازییەوە بەر لە دامەزراندنی تیپ کاری هونەرییم لەگەڵ هونەرمەندە بەڕێزەکانی ڕەواندز دەکرد، لەگەڵ دامەزراندنیش پەیوەندیم لەگەڵیان هەبوو، بەداخەوە ئێمەش وەک تیپی دهۆک و سلێمانی تەنیا ناومان ماوە، بێ چالاکی هەندێ چالاکی کەسی کراوە بۆ نموونە، بەهاوکاری کاک ئامانج گۆڕانی تەمەن و سرودی زەنگ کە دوا بەرهەمە لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە.

گرنگییەکی زۆر بە فۆلکلۆر دەدەی، دەمانەوێت بپرسین لاوک بۆتۆ چی دەگەیەنێت؟

بەڵێ زۆر گرنگیم بە فۆلکلۆر داوە نهێنی سەرکەوتنی کارە هونەرییەکانم ئەو خاڵەیە، دەربارەی لاوک کە هەندێکیم تۆمار کردوون، بەڕای من ڕەسەنترین و پاکترین و خۆشترین هونەرە.

بەڵام من وەک هونەرمەندێک بە پێویستی دەزانم لەپەیمانگای هونەرە جوانەکان و زانکۆی هونەرو مۆسیقا زیاتر گرنگی بە لاوک بدرێت ومەرجیش بێت ساڵانە یەک دوو لاوک ئاماددە بکرێت و بڵاو بکرێتەوە،

 

ئەگەر بگوترێت دەنگی مامۆستا وەلی دۆسکی و کەمال ئاکرەیی لەیەکتر دەچن تۆ چی دەڵێی؟
هونەرمەندی کۆچکردوو کمال ئاکرەیی دۆستم بوو ڕاستە دەنگمان لەیەکتر نزیک بوو، خاوەن کەسایەتی و دەنگی خۆش بوو لەهەشتاکان لە ئاهەنگێکی ئێزگەی کوردی لە بەغدا بەیەکەوە بووین لەگەڵ ڕەحمەتی ئەردەوان زاخۆیی.

ئایا پێت وایە جیلی ئێوەی هونەر بەچی لە جیلەکانی تر جیا دەکرێتەوە؟ لەبەرنامەتدا هەیە کاری تازە پێشکەشی گوێگرانت بکەیت؟

جیلی کۆن و جیلی نوێ دەنگ خۆشیان تێدایە، بەڵام بەرهەمە کۆنەکان بە نەمری ماونەتەوەو دەیبینن، زۆر بەداخەوە دوا بەرهەمم کە ناوی تەمەنە بۆ کاروانی هونەری بوو بۆ کاروانی هونەری زۆمم وتووە، ڕەنگە دوا بەرهەمیش بێت، لە پەیڤی باوکی میر خاس و ئاوازی خۆمە مامۆستا ئامنج غازی کاری میوزیکی بۆ کردووە و بەرهەمی کۆرەک تلیکۆم بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین