ئەمەریکا: ئێران مافەکانی مرۆڤ  لە عێراق و سووریاش پێشێل دەکات ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەخنە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن وڵاتانی ئێران، چین و ڕووسیا گیراوە، هەروەها ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، عێراق و یەمەنیش پێشل دەکات.

بە پێی هەواڵێکی "دویچە ولە"، لە ڕاپۆرتەکەى ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠٠ وڵاتدا تاوتوێ کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە ڕەنگدانەوەی دۆخی مافەکانی مرۆڤە لە ئاستی جیهانیدا و وردەکارییەکان سەبارەت بە ئەشکەنجەی زیندانییان، هەروەها دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان، کاری زۆرەملێ منداڵان و ئازاردانی چالاکوانانی سیاسی لە خۆ دەگرێ. 

لە بەشێکی دیکەى ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ئاماژە بەوە کراوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە ناوخۆى وڵاتەکەى مافى مرۆڤى پێشێلکردووە، بەڵکو ئەو مافانەى لەدەرەوەى ئێرانیش  لە ناچەکە پێشێلکراون ڕۆڵى هەبووە. 

ڕاپۆرتەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت، ئێران لە ڕێگای پشتیوانی سەربازیی لە ڕژێمی ئەسەد و گرووپە میلیشیاکانى عێراق و هەروەها چەکدارانی حوسی لە یەمەن، مافەکانی مرۆڤى لە ناوچەکەدا پێشێل دەکات. 

بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، ئێران بە یارمەتی سوپای پاسداران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنى بەشار ئەسەد، وە ئەرکى گواستنەوەی میلیشیا شیعە عێراقی و ئەفغانی و پاکستانییەکانى لە ئەستۆگرتووە بۆ سووریا و بەشداریپێکردنیان لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی سووریا.

 وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا دەڵێت، ئێران تۆمەتبارە بە پشتیوانیکردنى ڕێکخراوی تیرۆریستی کەتیبەکانی حزبوڵا، ڕێکخراوەى خۆیشى ئەو تۆمەتبار دەکرێ بە ڕفاندن و لە سێدارەدانى خەڵکى سیڤیل بێ داداگاییکردن و پێشێلکردنی بوارەکانی تری مافی مرۆڤ لە عێراق. 

دەربارەى ڕەوشى دادگاکان لە ئێران، ئەمەریکا دەڵێت، یاسا و دادگانى ئێران لاوازن و ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتى ئەو وڵاتە لە سێدارەدراون، کە بەپێى پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان تاوانەکانیان قورس نین، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکرداوە، لە خۆپیشاندانەکانی پاییزی (2019) لە ئێران کە "سەرەڕای کوژرانی (304) کەس، کۆماری ئیسلامیی هیچ هەوڵێکی بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستیان لە سەرکوتکردن و کوشتنى خۆپیشاندەران هەبوو ئەنجام نەدا و بەپێچەوانەوە داڵدەی دان.

لە سێدارەدانى ڕۆحۆڵا زەم، بەڕێوەبەری کەناڵی تلێگرامی ئامەد نیوز و نەوید ئەفکاری، زۆرانبازی بەناوبانگی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی دروستبوونى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، هەروەها پێشێلکردنی مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیانی سەر بە ئایینی بەهایی و چەند نموونەی تر، لەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسیان لێ کراوە. 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژی سێ شەممە (30) ئادار لە تویتەر ڕاگەیاند نووسی: بە شانازییەوە  (45)مین ڕاپۆرتی ساڵانە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بڵاو دەکەمەوە، وە ئەم ڕاپۆرتە نیشاندەرى ئەوەیە کە مافی مرۆڤ، شەفافیەت و بەرپرسیاریەتی ئەولەوییەتى ئەمریکا و پێویستە هەموو وڵاتان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن. 

ڕاپۆرتەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە توندی ڕەخنەى لە سەرکوتکردنی مۆسڵمانانی ئیگۆر لە چین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕووسیا گیراوە. 

سەرچاوە: دویچە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین