پەیوەندی نێوان سەدام حوسێن و بن لادن چۆن بوو؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بۆ یەكەمجار بەرپرسێكی رژێمی بەعس باس لە پەیوەندی نێوان رژێمی بەعس و بن لادن دەكات، ئەم بەرپرسەیش سالم جومەیلیە كە بەرپرسی هۆبەی ئەمریكا بووە لە هەواڵگری عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعسدا. جومەیلی بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دووپاتی دەكاتەوە هەوڵ هەبووە پەیوەندییەك لەنێوان عێراق و بن لادن هەبێت، بەڵام هیچ یەكێكیان متمانەی بەویتر نەبووە، بۆیە پەیوەندییەكە دروست نەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایاری 2023 رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بەشی دووەمی ئەو دیمانەیەی بڵاوكردووەتەوە، كە لەگەڵ سالم جومەیلی ئەنجامی داوە. جومەیلی لە ساڵی 1979 وە لە دەزگای هەواڵگری عێراق كاری كردووە، تا ساڵی 2003 كە دوایین جار بەرپرسی هۆبەی ئەمریكا بووە لە هەواڵگریی.

لە بەشی ئەمڕۆی دیمانەكەی سالم جومەیلی باس لە پەیوەندی نێوان بن لادن و قاعیدە لەگەڵ رژێمی بەعسی عێراق دەكات. ئەم پەیوەندییە كە یەكێك بوو لەو بیانووانەی وایكرد ئەمریكا لە ساڵی 2003 بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەریتانیا هێرش بكاتە سەر عێراق و لە هەمان ساڵیشدا رژێمی بەعس بڕوخێنێ‌. سالم جومەیلی بە وردی باس لەو هەوڵانە دەكات كە لەنێوان بەعس و بن لادن هەبووە.

سەدام قبووڵی نەكرد بن لادن بێتە عێراق

سەدام چۆن بیر لە پەیوەندی لەگەڵ بن لادن دەكاتەوە؟

سالم جومەیلی باس لەوە دەكات لەدوای 1991 كاتێك سعوودیە ویستی كار بۆ ئەوە بكات رژێمی بەعس بڕوخێنێ‌، سەدام رێنمایی دا كار بۆ دەركردنی ئەمریكا لە كەنداو بكرێت. بۆ ئەم بابەتەیش داوای دەكرد راپۆرتی مانگانە ئامادە بكرێت. جومەیلی دەڵێ‌، " كاتێك خودی سەرۆك رێنماییەكی لەم جۆرە دەردەكات ئەوا هەموو دەزگا پەیوەنیدارەكان دەبێت بەدوای ئەو كارتانە بگەڕێن كە سوودیان لە جێبەجێكردنی رێنماییەكە هەیە، ئەو كات من بەرپرسی هۆبەی سووریا بووم لە هەواڵگريی، پەیوەندیمان لەگەڵ ئیخوان هەبوو باڵی عەدنان عقلە، عەبدولمەلیكی برای عەدنان پێی راگەیاندين كە ئیخوان پەیوەندی لەگەڵ بن لادن هەیە، ئەوان ئامادەن پەیامی ئێمە بە ئەو بگەینن"

سالم جومەیلی لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكان بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "بانگهێشتى عەبدولمەلیكيم كرد و لە یەكێك لە هوتێلەكانی بەغدا پێشوازیم لێكرد، دووپاتی كردەوە كە ئامادەیە ئەو رۆڵە ببینی، پەیامێكی زارەكیم پێدا كە ئێمە ئامانجی هاوبەشمان هەیە، ئەویش دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە دوورگەی عەرەبی و ناوچەكە، دەكرێت بەم ئاراستەیە هاوكار بین. خەرجی گەیشتەكەشم پێدا كە نزیكەی 10 هەزار دۆلار بوو".

وەڵامی بن لادن ئەوە نەبووە، كە بە خواستی حكومەتی عێراق بێت. سالم جومەیلی دەڵێ‌، "دوای مانگێك یان زیاتر كابرا گەڕایەوە، پێی راگەیاندین هەڵوێستی بن لادن زۆر توند بووە و چەند جارێك دووپاتی كردووەتەوە، كە رژێمی عێراق كافرە و هەر ئەویش هۆكار بووە لە هاتنی هێزەكانی ئەمریكا، هیچ دەرفەتێكیش بۆ دیدار لەگەڵ نوێنەر و هاوكارانی ئەو رژێمە نییە. هەڵبەتە ئێمە باسی ساڵانی یەكەمی نۆهەدەكان دەكەین. كە ئەو كات هیچ ئۆپراسیۆنێكی قاعیدە بۆ هێرشەكانی 11ی سپتێمبەر نەبوو. ئەو كات لە فاروق حیجازی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریم بیست كە لە كەناڵێكی ترەوە وەڵامێكی هاوشێوە لە بن لادنەوە هاتووە".

بلان لادن سەدامی بە كافر دەزانی 

وێرای ئەو وەڵامە توندە كەچی دواتر بەرپرسەكەی هەواڵگری بەعس بن لادنی لە سوودان بینیوە. سالم جومەیلی دەڵێ‌، "تێگەیشتم دواتر حیجازی سەردانی خەرتومی كردووە، بە نێوەندگیری حەسەن توڕابی دیداری بن لادنی كردووە، كە ئەویش لە بەشداربوون لە دیدارەكە دوودڵ بووە. حیجازی سەرۆكی (سەدام) لە دیدارەكە ئاگادار كردووە و هیچ هاوكارییەك لەگەڵ قاعیدە ئەنجام نەدرا. هەر ئەمەیش مەبەستی جۆرج دەبڵیو بۆش بوو كاتێك گوتی سەدام نێردراوێكی ناردووەتە لای بن لادن، پێموایە ئەو دەیزانی كە هیچ هاوكارییەك رووینەداوە، بەڵام باسی نەكرد بۆ ئەوەی پاساو بە داگیركارییەكە بكات".

جیا لەمەیش لە دیمانەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت بن لادن لە دیدارەكە پرسیاری لە ئەگەرى گواستنەوەی خۆی بۆ عێراق كردووە، لەگەڵ دامەزراندنی سەربازگەیەكی قاعیدە لەم وڵاتە. كەچی سەدام ویستویەتی لەم بارەیەوە بۆچوونی حیجازی بەرپرسی هەواڵگری بزانێت، ئەویش بڕوای وا بووە زەحمەتە كۆنتڕۆڵی گرووپی قاعیدە بكرێت، بۆیە عێراق باجی میوانداری ئەوان دەدات، لێرەدا سەدام فەرمانی كردووە كە وەڵامی پەیامەكەی بن لادن نەدرێتەوە. بەم شێوەیە پەیوەندییەكە پچڕاوە.

پەیوەندی بەعس بە هێرشەكەی 11 سێپتەمبەر چی بوو؟

دوای رووداوەكانی 11 سپێتەمبەر وا بڵاوكرایەوە گوایە رژێمی بەعس پەیوەندی بە هێرشەكە هەیە. سالم جومەیلی روونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە دەدات و دەڵێ‌، "دەزگاكانی رۆژئاوا دەیانگوت پەیوەندییەك لەنێوان محەمەد عەتا كە یەكێك بوو لە جێبەجێكارانی هێرشەكە، لەگەڵ نوێنەری هەواڵگری عێراق لە هوتێلێكی دەرەوەی پراگ روویداوە. ناوی پیاوەكەی هەواڵگری ئیبراهیم عانی بوو، بە ناوی ئەحمەد عانی كاری دەكرد". جومەیلی دووپاتی دەكاتەوە كە لە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو پیاوە بەشدار بوو، بەڵام ئەو رەتيكردووەتەوە كە دیدارێكی لەم شێوەیە هەبووبێت. ئەو لە هەمان هوتێل بووە بۆ بینینی یەكێك لە سەرچاوەكانی خۆی، بەڵام كاتێك هەستی بە جووڵەیەكی نامۆ كردووە لە هوتێلەكە رۆیشتووە. ئەو محەمەد عەتای نەبینیوە و تەوقەشی لەگەڵ نەكردووە. دوای داگیركاركردنی عێراق جومەیلی بە عانی گەیشتووە و هەمان پرسیاری لێكردووە، ئەو دووبارە هەمان وەڵامی هەبووە و گوتویەتی تەنیا راستی باسی كردووە و هیچ شتێكی لە هەواڵگری نەشاردووەتەوە.

 ئەو پیاوەی پەیوەندی ئەمریكا  وعێراقی گرژ كرد و دواتر ون بوو

دۆسەیەكی تری ئاڵۆز و پەیوەندیدار بە قاعیدە، دۆسیەی پیاوێكە بە ناوی عەبدولرەحمان یاسین، ساڵانێك لەسەر ئەو پیاوە گرژیی كەوتە نێوان عێراق و ئەمریكا. بەرپرسی هۆبەی هەواڵگری ئەمریكا لە هەواڵگری عێراق لە دیدارەكەی ئەمڕۆی شەرق ئەوسەت باس لەو دۆسیە دەكات و دەڵێ‌، "عەبدولرەحمان یاسین ئەمریكی و بەڕەچەڵەك عێراقی بوو، لە عێراق گیرا بوو بەڵام دوای داگیركارییەكەی ئەمریكا ون بوو و هیچ شوێنەوارێكی دیار نییە".

 ئەوەی سالم جومەیلی لەسەر ئەم دۆسیەیە دەیگیڕێتەوە بەم شێوەیەیە: لە ساڵی 1993 بۆمبێك لە سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك تەقێندرایەوە. چەند كەسێكی قاعیدە ئەو هێرشەیان كرد دوو برای عێراقییان لەگەڵدا بوو. ئەمریكا دوو براكەی گرت بەڵام بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە یەكێكیان ئازاد كرد كە ناوی عەبدولرەحمان یاسین بوو. عەبدولرەحمان ئەو كاتە ئەمریكا بەجێدەهێڵێت و سەرەتا دەچێتە ئوردن و دواتر دەچێتە عێراق. 

دوای ماوەیەك دەزگاكانی ئەمریكا دەیسەلمێنن عەبدولرەحمان یاسین بەشداری لە دروستكردنی بۆمبێكی گەورە كردووە، لەناو ئۆتۆمبیلێكی دانەوە و لە تەقاندنەوەی بەكاری هێناوە. ئەمریكا ئەوەیشی زانیوە ئەو پیاوە بە ئاگاداری هەواڵگری عێراق لەو وڵاتەیە. باسم جومەیلی دەڵێ‌، "ئێمە دەمانزانی لە عێراقە بەڵام شوێنەكەمان نەدەزانی دوای شەش مانگ گەڕان دۆزیمانەوە لە گەراجێكی چاككردنەوەی ئۆتۆمبیل لە ناوچەی شیاع لە بەغدا كاری دەكرد".

عەبدولرەحمان دەخرێتە زیندانەوەن سەدام حوسێن لەوە دەترسێ‌ ئەو پیاوە نێردرا بێت بۆ ئەوەی عێراق لە دۆسیەی تیرۆر تێوەبگلێت. بۆیە بڕیار دەدرێت ئەمریكا لە بوونی پیاوەكە ئاگادار بكرێتەوە. وێستگەی هەواڵگری لە نیویۆرك پەیوەندی بە هەواڵگری ئەمریكا دەكات و پێیان رادەگەینێت عەبدولرەحمان گیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵ كراوە. ئەو پیاوە بە هەواڵگری عێراقی راگەیاندووە لە تۆڵەی هێرشەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1991 ئەو كارەی كردووە و بەشداری لە دروستكردنی بۆمبەكە كردووە. 

ئەمریكییەكان داوا دەكەن بە نووسین زانیاریان پێبدەن، بەڵام سەدام رازی نەبووە و گوتویەتی، "ئێمە راپۆرتیان بۆ نانووسین، ئەگەر دەیانەوێ‌ لەیەكتر بگەین با راستەوخۆ لەسەر بابەتەكە قسە بكەین". بەم شێوەیە بابەتەكە لەنێوان 1993 وە تا 2001 بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و پیاوەكە لە ناوچەی كازمیەی بەغدا لە باڵەخانەیەكی بچووك لە ژێر چاودێری پاسەوانان دەبێت.

دوای رووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001 ئەمریكا بابەتەكە نوێ دەكاتەوە، لە روانگەی ئەوەی عێراق هاوكاری تیرۆر دەكات. لە دەزگای هەواڵگری عێراق تاوتوێی رادەستكردنەوەی عەبدولرەحمان بە ئەمریكا دەكرێت. عێراق داوای هاوكاری لە هەواڵگری میسڕی دەكات، ئەمریكا رازی دەبێت بەوەی فڕۆكەیەكی ئەمریكی بچێتە عێراق عەبدولرەحمان وەربگرێت، كەچی سەدام حوسێن بەمە رازی نابێت و دواتر پێشنیار دەكرێت ئەمریكییەكان بە فڕۆكەیەكی میسڕی بچنە عێراق، سەدامیش بەم پێنشیارە رازی دەبێت، بەڵام ئەمریكییەكان ئامادە نابن، ئیمزا لەسەر وەرگرتنی عەبدولرەحمان بكەن. سەدام سڵدەكاتەوە و لەوە دەترسێ‌ ئەمریكا بڵێ‌ بە شێوازێكی تر ئەو پیاوەی بردووە و تۆمەتێكی تر بداتە پاڵ عێراق، بۆیە پیاوەكە لە عێراق بە دەستبەسەركراوی دەمێنێتەوە. 

كاتێك ئەمریكا عێراق داگیردەكات عەبدولرەحمان بۆ زیندانێكی فەلوجە دەگوازرێتەوە و لەوێش ون دەبێت و هیچ شتێك لەبارەی چارەنووسی نازانرێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین