گفتوگۆکانى بەغدا و واشنتن لەژێر سایەی توڕەیى نەیارانی کازمی عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

وا بڕیارە خولێکى دیکەى نوێى گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە ٧ی ئایار بەڕێوە بچن و بە  پێی ڕاپۆرتێکی "شەرقولئەوسەت" خولی چوارەمی ئەو گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەدا بەڕێوە دەچن کە عێراق لە ٢٠٠٩دا و لە سەردەمی ئۆباما سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا ئیمزای کرا. 

ڕێککەوتننامەکەى نێوان ئەمەریکا و عێراق لە دوو بەش پێکهاتبوو،  بەشی یەکەم پەیوەندی بە ڕێککەوتنی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەبوو، کە ئەو کات ژمارەیان ١٥٠ هەزار سەرباز بوو (چوونەدەرەوەی هێزەکانى ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی ٢٠١١ دەستی پێکرد). بەشی دووەم هاوکاریکردنى عێراق لە بوارە جیاوازەکان، لەوانە پێدانى چەک و کەلوپەل و ڕاهێنانى سەربازیی، هەروەها بوارەکانی ئابووری و کولتووری، لەگەڵ چەند بوارێکى تر لە خۆ دەگرێ. 

لە ٢٠١٤دا، کاتێ داعش بەشێکى خاکى عێراقی داگیر کرد، حکوومەتی عێراق ناچار بوو داوا لە ئەمەریکییەکان بکات هێزەکانی خۆیان ڕەوانەی عێراق بکەنەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کە زیاتر لە 60 وڵات تیایدا بەشدار بوون، وەڵامی ئەو داواکارییەی بەغدای دایەوە.

هەرچەندە تێچووەکانی شکستپێهێنانی داعش ئێجگار بەرفراوان بوون، بەڵام ئەوە بووە پرسێک بۆ سەرهەڵدانی ناکۆکیی و دوژمنایەتی نێوان لایەنگرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دژبەرانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا. 

لە حاڵێکدا لایەنگرانی واشنتۆن لەو بڕوایەدان هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بە پشتیوانی سەربازیی و لۆجێستیکی و فڕۆکەکانی خۆی، هۆکاری سەرەکی شکستپێهێنانی ئەو ڕێکخراوەیە بوو، لەبەرامبەردا نەیارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێن فتوای جیهادی مەرجەعی شیعە ئایەتۆڵا عەلی سیستانی، کە بەو پێیە (حەشدی شەعبی) دامەزرا، زیاترین ڕۆڵی هەبوو لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا. 

دواى کۆتاییهاتنی مەراسیمی دانانی کازمی وەک سەرۆک وەزیران و هاوکات لەگەڵ ئەوەی کازمی یەکەمین هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی هەڵگرت، کێشە و گرفتەکانی بەردەمی سەریان هەڵدا، ئەوە لە حاڵیکدا کە گفتوگۆ ستراتیژییەکان یەکێک بوون لە سەرەکیترین گرفتەکان. 

یەک مانگ دوای هاتنى کازمى بۆ سەر حکوم، گفتوگۆکان بە کردەوە لە نێوان واشنتۆن و بەغدا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەستیان پێکرد، دوو مانگ دواتر، کازمی گەیشتە واشنتۆن و لەوێدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەر دوو لایەن خولی دووەمی گفتوگۆکانیان دەست پێکردەوە، کە لە سەردەمی سەرۆکانی پێش کازمی ڕاوەستابوون.

هەموو جووڵەکانی کازمی لە لایەن نەیارانییەوە بە وردی چاودێری دەکرێن و گومانەکانیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی کازمی بە تایبەت لە لایەن هاوپەیمانی فەتح بە سەرکردایەتیى هادی عامری و دەوڵەتى یاسا، بە سەرکردایەتیى مالکی و هەروەها گرووپە چەکدارەکان پەرەیان سەند. 

هەروەها لەو کاتەوە جۆبایدن دەسەڵاتی کۆشکی سپی بە دەستەوە گرتووە، پێدەچێت ڕوانگەی بۆ پرسە جیاوازەکان و لەوانە عێراق و ئێران جیاواز (لە سەردەمی ترەمپ) بێت. 

هەفتەی ڕابردوو، واشنتۆن مەیلی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ستراتیژییەکان لەگەڵ بەغدا ئاشکرا کرد، بە تایبەت کە بایدن یەکێکە لە داڕێژەرانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بووە، وە بایدن لە ئیدارەی ئۆبامادا خۆى برپرسیاریەتى دۆسیەی عێراقی لە ئەستۆ بوو. 

لە لایەکی ترەوە حکومەتی عێراق دەیەوێت چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن دیاری بکات و هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا و لەوانە ڕووبەڕووبوونەوە "داعش" لە چوارچێوەی ناتۆدا درێژەی هەبێت. لە بەرامبەردا نەیارانی کازمی یەک ئامانجی سەرەکییان هەیە و ئەوەش دەرکردنی بێمەرجی ئەمریکییەکانە. 

ئاشکرایە کازمی بەرەوڕووی چەندین ئاستەنگ و ئالنگارى گەورە بووەتەوە کە نیشاندەری هەوڵی نەیارەکانییەتی بۆ ڕێگریکردن لە پەسەندکردنی بودجە بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان. هەروەها، نەیارانی بە بێڕێزیکردنی ئانقەست بە مەبەستی تووڕەکردنی کازمی و هەندێ جار بە نواندنی هێزی گرووپە چەکدارەکان لەسەر شەقامەکانی بەغدا ڕووبەڕوو دەبنەوە. سەرەڕای ئەوە، پێناچێت ئەو کردەوانە کازمی تووڕە بکەن، بەڵکو ئەوە خاڵێکی بەهێزی کازمییە کە هەمووان دانی پێدا دەدەن. بە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە نەیارانی خستوویانەتە پاڵی، کازمی تا ئێستا داوای گفتوگۆی لێکردوون و ئەوەش بووەتە هۆی خۆشەویستی ئەو لە ناو گەلی عێراقدا و لایەنە سیاسییەکانیش ڕێزی زیاتری لێ دەگرن. 

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین