کتێبی کولتوور

لاڤین عومەر: نوچەنێت

د. فرسەت رۆژبەیانی، مامۆستاى زانکۆ و نووسەر، کتێبى ( ئۆپەراسیۆنی ماموت) لە ئەڵمانییەوە بۆ سەر زمانى عەرەبى وەردەگرێت و دەڵێت، "کتێبی ئۆپه‌راسیۆنی ماموت (260) لاپەڕەی قەبارە گەورەیە، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، لەلایەن ئەکادیمیایی کوردییەوە چاپکراوە".

د. فرسەت رۆژبەیانی مامۆستاى زانکۆ و نووسەر، دەربارەی کتێبی (ئۆپەراسیۆنی ماموت 1943) بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "گەنجێکی ئەڵمانی بەناوی گۆتفرید یۆهانس میولەر لەگەل هاوڕێیێکی، لە (1936)گەشتێک دەکەن بۆ میسر و فەلەستین و دواییش کوردستان ، ساڵێک دوای هاتنه‌وه‌شی کتێبێکی بڵاوکرده‌وه‌ به‌ناونیشانی (خۆکوتانه‌ ناو کوردستانی داخراودا) کتێبەکە کراوه‌ به‌کوردی له‌ده‌زگای ژین لەسلێمانی چاپکراوه‌."

نووسەر سەبارەت بە چۆنیەتى ئاشنابوونى میولەر بە کورد زیاتر ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "ئەم کتێبەی میلەر باس لەو گەشتەیان دەکات سەرەتا ئەوروپا دوایی تورکیا ئینجا میسر و فەلەستین، ئینجا لەوێ بەرێکەوت پاسێک دەبینن کە بۆ عێراق دەچێت ئەوانیش بڕیار دەدەن بچن بۆ ئەوێ .لەوێ رۆژێک لە دەستەیێک گوڵ دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بیبەن بۆ کەسێک وەک دیاری بەڵام ئەوکاتە هیچ دوکانی گۆڵ نادۆزنەوە، بەڕێکەوت بەلای قەسرێکدا تێدەپەڕن کە پڕە لەگوڵ، دەپرسن ئەمە هی کێییە؟ پاسەوان وەڵام دەدەنەوە؛ ئەمە هی شێخ مەحمودە مەلیکی کوردستان." 

د. فرست ڕۆژبەیانى دەشڵێت، "میولەریش ئاشنایە بەناوی کورستان بەهۆی رۆمانەکەی کارل مای (لەچیاوچۆڵەکانی کوردستاندا)، ئیتر میولەر روخسەت دەخوازێت مەلیکی کورستان ببینێت، ئیزن دەدرێت چاوی بە شێخ دەکەوێت و میولەر دەڵێت دەمەوێت بچم بۆ کوردستان میللەتەکەت خاکەکەت بناسم، شێخ زۆری پێ خۆش دەبێت و وێنەیێکی فۆتۆگرافی خۆی پێشکەش دەکات و دەینێرێتە لای شێخ لەتیفی کوڕی بۆ ئەوەی کار ئاسانیان بۆ بکات."

بە وتەى نووسەرى ئۆپراسیۆنى ماموت، "میولەر و هاوڕێکەی دەچن بۆ سلێمانی، لەوێ ماوەی دوومانگ دەمێننەوە و دەچن بۆ گوندەکانی ناوچەی پشدەر و ئاغاکانی ئەو ناوچەیە دەناسن و لایان دەمێننەوە ، تا پۆلیسی عێراقی دەیانگرێت و رەوانەی بەغدایان دەکاتەوە.ئەمە سەرەتای ناسینی میولەرە بە کورد و کوردستان".

هەروەها گوتیشى، "میوله‌ر خۆی (1936) سه‌ردانی کوردستانی کردبوو پێشتر و شێخ مەحمودی ناسیبوو هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شیخ له‌تیفدا سه‌ردانی ناوچه‌ی پشده‌ری کردبوو و ئاغاکانی ئەوناوەی ده‌ناسی، ئه‌مه‌ وایلێکرد خۆی وه‌ک شاره‌زا له‌کاروباری کورد خۆی به‌ مخابراتی ئه‌ڵمانی بناسێنێت، ساڵێک دوای هاتنه‌وه‌شی کتێبێکی بڵاوکرده‌وه‌ به‌ناونیشانی "خۆکوتانه‌ ناو کوردستانی داخراو" کتێبەکە کراوه‌ به‌کوردی له‌ده‌زگای ژین لەسلێمانی چاپکراوه‌.

سەبارەت بە هۆکارى هاتنى میولەر بۆ کوردستان، نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، "لەو سەردەمەدا، گۆتفرید یۆهانس میوله‌ر پڕۆژه‌یەکی ئاماده‌ ده‌کات بۆ موخابەراتی ئه‌ڵمانی دەربارەی ناردنی چه‌ند که‌سێک بۆ کوردستان تاوەکو کورد هانبده‌ن دژی ئینگلیز و راپه‌ڕین بکەن و ده‌ستبگرن بەسەر بیره‌نەوته‌کانی کەرکوک وموسڵدا. ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندی بەشێخ مەحمودەوە دەکەن بۆ یارمەتی دانیان، بێ ئەوەی شێخ ئاگادار بێت یان روخسەتی بەشداری ئەم کردەوەیەیان لێی وەرگرتبێت. جگە لەوەش ئەڵمان نەیاندەزانی یان ئەو هەقیقەتەیان پشتگوێ خستبوو کە شێخ خۆی نەفی بوو لە بەغدا دەژیا ، چۆن دەتوانێت دیسان شۆڕش بکاتەوە دژی حکومەتی عێراقی و ئینگلیز ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین