لە خراپی كەرتی تەندروستی عێراق لە پلەی سێیەم دێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

"بە دەست كەمی بنكەی تەندروستی و كەمی دەرمان و كەمی كادیری تەندروستی دەناڵێین، لەگەڵ قەرەباڵغییەكی گەورە لە تەواوی بنكەكان هەیە، ناچاربووم كاتژمێرێك زووتر بێم بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرم، كەچی هێشتا چاوەڕوانم" بەم شێوەیە حوسێن عەلی هاووڵاتی لە یەكێك لە بنكەكانی تەندروستی لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت قسەی بۆ ماڵپەڕی جەزیرە كردووە.

ئەو پیاوە لە قسەكانی بۆ جەزیرە ئەوە روون دەكاتەوە، ئەو بنكەیەی سەردانی كردووە قەرەباڵغەیەكی زۆری تێدایە و زۆربەی ئەو كەسانەیش لە ناوچە نزیكەكانی ترەوە هاتوون كە بنكەی تەندروستیان نییە. ئەمە خەڵكێكی زۆر ناچار دەكات سەردانی نۆرینگە تایبەتەكان بكەن بۆ چارەسەری و تێچووی چارەسەرییەكان لە ئەستۆ بگرن.

كەرتی تەندروستی عێراق 30 ساڵە بە هۆی جەنگ و ئابڵوقەی ئابووری نێودەوڵەتی لەنێوان 1991-2003 و دواتریش داگیركاری ئەمریكا و داڕمانی دۆخی ئەمنی لە تەواوی پارێزگاكان پاشكشەیەكی روون بەخۆیەوە دەبینی. ماڵپەڕی نۆمبیۆ كە بایەخ بە ئاستی گوزەرانی و كوالێتی چاودێری تەندروستی وڵاتانی جیهان دەدات، رۆژی یەكشەممەی رابردوو عێراق لە پلەی سێیەم داناوە وەك خراپترین دەوڵەت لە بواری چاودێری تەندروستی. 

لە تەندروستی تەنیا ڤەنزوێلا و بەنگلادیش لە عێراق خراپترن

ماڵپەڕەكە لە راپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2023 باسی ئەوەی كردووە عێراق لە سێیەم خراپترین وڵات هاتووە لە كۆی 94 وڵاتدا، تەنیا 43.46 خاڵی هەبووە بۆیە تەنیا بە پێش ڤەنزوێلا و بەنگلادیش كەوتووە. كەچی تایوان و كۆریای باشوور و ژاپۆن و فەڕەنسا و دانیمارك وەك پێنج وڵاتی باشترین هاتوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی. وەزارەتی تەندروستی عێراقیش ئەم ریزبەندییە رەتدەكاتەوە و ئاماژە بە پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی لە عێراق دەكات.

ئەم ریزبەندییە كۆمەڵێك پرسیار لە بارەی دروستییەكەی دەوروژێنێ‌، بە تایبەتی ئەو ماڵپەڕە لبنانی لە ریزبەندی 50 داناوە لەسەر ئاستی جیهان، هەرچەندە ئەو وڵاتە تەنگژەیەكی ئابووری توندی هەیە وسێ‌ ساڵە بە دەستییەوە دەناڵێنێ‌ و كەرتی تەندروستی داڕماوە.

هەڵوێستی حكومەتی عێراق

سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ماڵپەڕی جەزیرە، ئەو ریزبەندییەی ماڵپەڕ نۆمبیۆ بە "ناڕاست" وەسف دەكات و پشت بە پێوەری زانستی نابەستێ‌. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات پێویست سەیری هەموو خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی و ئەو ئاستەنگانە بكرێن كە رووبەڕووی دەبنەوە. بە تایبەتی ئەو زیانە گەورانەی كە بەر دامەزراوەكانی تەندروستی گەیشتوون لە چەندان پارێزگا لە شەڕی دژ بە داعش لەنێوان 2014 و 2017.

سەرەڕای ئەمەیش بەدر ئەوە ناشارێتەوە عێراق رووبەڕووی چەندان كێشە لە كەرتی تەندروستی دەبێتەوە، بەڵام خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەموو ئاستە جیاوازەكانی پێشكەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بۆ ئەو پێشكەوتنە كردووە، لەگەڵ دابەشكردنی تەواوی ڤاكسین و چارەسەری لە بنكەكانی تەندروستی بە خۆڕایی.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیشی دەكاتەوە خزمەتگوزاری ئاستی یەكەم و دووەم لە نەخۆشخانەكان پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و بە تایبەتیش عێراق لە مانگی تەمووزی داهاتوو جێبەجێكردنی یاسای بیمەی تەندروستی بەخۆیەوە دەبینی و كە دواتریش ئەم یاسایە لە تەواوی شارەكانی عێراق جێبەجێ دەكرێت. 

سەیف بەدر باسی لەوە كردووە لە ساڵی 2023 كۆمەڵێك نەخۆشخانەی گەورە لە شارەكانی كەربەلا و مووسڵ كراونەتەوە و هەروەها نزیكە كۆمەڵێك نەخۆشخانەی تر لە بەسڕە و میسان دەكرێنەوە. كەچی لە بەغدا سەنتەرێكی گەورەی پزیشكی بۆ نەخۆشییەكانی خوێن و چاندنی مۆخی ئێسك دەكرێتەوە. لەگەڵ كردنەوەی نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە نەجەف و نەخۆشخانەی توركی لەهەر یەكە لە كەربەلا و زیفار، بەردی بناغەی چەندان نەخۆشخانەی تریش دانراون.

ماجد شنگالی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە كەرتی تەندروستی لە عێراق پێویستی بە ئامادەكارییەكی گەورە هەیە، بەڵام بەم شێوەیە خراپش نییە كە ماڵپەڕەكە باسی كردووە. سەرنجی ئەوەیش دەدات لە رووی نێودەوڵەتی كەرتی تەندروستی بەو خراپییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای بیمەی تەندروستی جێبەجێ نەكراوە. هەروەها كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە یەكتر جیانەكراونەتەوە. چونكە ئەو كادیرانەی كە لەم دوو كەرتەدا كار دەكەن، هەمان كەسن. ئەمەیش جۆرێك لە كەموكوڕی دروست كردووە و لە ریزبەندییە جیهانییەكان ئاستی عێراقی دابەزاندووە.

شنگالی گەشبینی نۆخی نیشاندا بەوەی بە جێبەجێكردنی بیمەی تەندروستی عێراق بەرەو ئاستێكی باشتر دەبێت. بە گوتی ئەو لە ماوەی داهاتوودا پێشكەوتنێكی بەرچاو لە چاودێری تەندروستی بەدی دێت و بە تایبەت بەم نزیكانە سەنتەرەكانی خوێن و دڵ دەكرێنەوە و سیستەمێكی نوێ (Public Private Partnership) لە نەخۆشخانە نوێ‌ و گەورەكان بەگوێرەی بنەمای هاوبەشی لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت پەیڕەو دەكرێت؟

شنگالی روونی دەكاتەوە بووژانەوەی كەرتی تەندروستی تەنیا پەیوەندی بە پارەوە نییە، حكومەتی ئێستا هەوڵ دەدات كار بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی بكات، ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگاركراون، لە بواری تەندروستی پێشكەوتنی چاكیان بەخۆیانەوە بینیوە بەڵام تا ئێستا لە ئاستی پێویست نییە. شنگالی باس لەوەیش دەكات تەرخانكردنی 5% لە بودجەی گشتی 2023  بڕە پارەیەكی كەمە بە بەراورد بە دانیشتووانی وڵات كەمە كە نزیكەی 42 ملیۆن كەس دەبێت. كەچی 60%ی ئەو پارەیەی وەزارەتی تەندروستی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی دەڕوات.

بۆچوونی پێچەوانە

سەرەڕای بوونی لێدوانی گەشبینانە بۆ كەرتی تەندروستی عێراق، شنگالی پێیوایە پێشخستنی كەرتی تەندروستی پێویستی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەیە و بەڕێوەبردنی پڕۆژە تەندروستییەكان بە شێوەیەكی دروست زۆر لە كردنەوەیان گرنگترە، لەگەڵ ئەوەیش پێویستە كاری كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی تەندروستی لە یەكتر جیا بكرێنەوە. چونكە كەرتی تایبەت وایلێهاتووە كەرتی گشتی بۆ خۆی بەكاردەهێنێ‌ و كە ئەمەیش لەسەر ئاستی جیهان حاڵەتێكی دەگمەنە.

دكتۆری عەلی عەنبووری سەرنجی خۆی لەسەر ریبەندی عێراق وەك خراپترین دەوڵەت لە خزمەتگوزاری كەرتی تەندروستی داوە و دەڵی، "تا رادەیەك دادپەروەرانەیە" ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە ئاستی خزمەتگوزاری كەرتی تەندروستی زۆر دابەزیوە. عەنبووری لە لێدوانەكەی بۆ كەناڵی جەزیرە  ئاشكرای دەكات 50% نەخۆشەكانی عێراق چارەسەری لە كەرتی تایبەت وەردەگرن، سەرەڕای بوونی خزمەتگوزاری لە چاودێری سەرەتای، ئەمەیش بەڵگەیە بۆ ئەوە خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتی پێداویستی هاووڵاتی عێراقی پڕناكاتەوە.

50% نەخۆشەكانی عێراق چارەسەری لە كەرتی تایبەت وەردەگرن

ئەو شارەزایە باس لەوە دەكات خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی تەنیا لە ماوەی چوار كاتژمێر بە عێراقییەكان دەدرێت، ئەویش لە هەشت و نیوی بەیانی دەستپێدەكات تا دوو و نیوی دوای نیوەرشۆ. هەر چەندە دەبێت دەوامی فەرمی حەوت كاتژمێر بێت لە هەشتی بەیانییەوە تا سێی نیوەڕۆ. ئەمە وا دەكات هاووڵاتی عێراق لە نێوان دوو بژاردە بێت یەكەمیان بچێتە خزمەتگوزاری فریاكەوتن و بێ پاساو بەكای ببات، یانیش بەرەو كەرتی تایبەت بچێت كە بە مەیش هاووڵاتی خەرجییەكی زۆری دەكەوێتە ئەستۆ.

بابەتەكەیش بەوەندە ناوەستێ‌. ئەو قەرەباڵغییەی لە كەرتی تەندروستی هەیە زۆر گەورەیە و ئەمەیش لە ئەنجامی كەمی بنكە تەندروستییەكان و نەبوونی سەنتەری وەها كە پزیشكی پسپۆڕ لە تەندروستی خێزان لە خۆبگرێت. سەرەڕای ئەمانەیش كێشەی دابەشكردنی سەنتەرەكانی چاودێری تەندروستی هەیە و عێراق سێ‌ هەزار بنكەی تەندروستی سەرەتای لە هەموو پارێزگاكان كەمە.

عەنبووری لەكۆتایی لێدوانەكەی ئەم كەموكوڕیانە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی و پێیوایە دەبێت وەزارەت سیستەمی تەندروستی لە عێراق رێكبخاتەوە، روونیشی دەكاتەوە هەندێك نەخۆشخانە و ئامێر هەن پەیوەندییان بە بنكە سەرەتاكانی تەندروستی نییە و كە ئەو بنكانە خزمەتگوزاری راستەوخۆ بە هاووڵاتیان دەدەن بێ ئەوەی پێویست بكات بۆ نەخۆشخانەكان بچن تەنیا لە حاڵەتی پێویست نەبێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین