بۆ دووەمین جار هێرشکراوەتە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی و تێکدراوە ئێران

نوچەنێت:

پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی هێرشکردنە سەر گۆڕی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و تێکدانی بەشێک لە کێلەکەی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، لە رۆژانی رابردووش هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەشە و گوشار دروستکردن رێگربوون لە دروستکردنی کەپر بۆ گۆڕی ژینا(مەهسا).

بە پێی هەواڵێکی رادیۆ فەردا رۆژی دووشەممە (22ی ئایاری 2023) ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەداخەوە پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (21ی ئایار) کەسانێکی ریسوا، کە لە رابردووش دەستیان لەم کارانەدا هەبووە، بە هێڕشکردنە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی، بەشێک لە کێلەکەیان تێکداوە.

نیکبەخت، لە زاری باوکی ژیناوە دەڵێت، «رێگریان لە دروستکردنی کەپرێک بۆ سەر گۆڕی ژینا کردووە؛ ئەو کەسەی بڕیاربووە کاری لەحیم کاریەکەی بکات، پێیان گوتووە دروستی نەکەیت ئەگەرنا دوکانەکەت دادەخرێت».

موژگان ئفتخاری، دایکی ژینا بە ئاماژەدان بە داخستنی دەرگای گۆڕستانی ئایچی سەقز، بەهۆی بوونی گۆڕی ژینا لەو گۆڕستانە، رۆژی یەکشەممە نوسیویەتی «خەڵک ئەزیەت مەدەن ئازیزانیان لێرەن».

 ئەشکان ئەمینی برای ژینا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە گۆڕی خوشکەکەی لە ئینستاگرامی خۆ نوسیویەتی «شوشەی بەردی گۆڕەکەیشت ئازاریان دەدات».

براکەی ژینا بە ئاماژە بەوەی کە ئەمە دووەمین هێرش و تێکدانە بۆ سەر گۆڕی خوشکەکەی، جەختی لەوە کردۆتەوە کە «ئەگەر هەزار جار بیشکێنن، ئێمە هەر دروستی دەکەینەوە؛ بزانین کێ ماندوو دەبێت».

 

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین