گەندەڵی دارایی هێزەکانی سەربە ئێران لەسەر سنوورەکانی عێراق وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتێکی هەواڵنێری فەرەنسا باسی لە تاقمێکی گەندەڵ کردووە کە دەستیان گرتووە بەسەر هەزاران کیلۆمەتر لە سنوورەکانی عێراق و هەموو ئەسکەلە و مەفرەزەکانی گومرک و هەموو خاڵەکانی سەر سنوور کۆنتڕۆڵ دەکەن. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە عێراقدا هەندێ لە گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕێژەیەکی زۆر لە داهاتی گومرک و هاوردە کە ڕێژەیەکی بەرچاویشە بۆ خۆیان هەڵدەگرن. سنوورەکانی ئێران و عێراق بە کردەوە لەژێر دەستی حەشدی شەعبیدان.


لەو ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی دووشەممه‌ ٢٩ی ئادار بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسێکی گومرکی عێراق دەڵێ دۆخەکە "خراپترە لە جەنگەڵ" و وتوویەتی: "لە جەنگەڵدا لانیکەم کاتێ ئاژەڵەکان تێر دەبن، دەست لە خواردن هەڵدەگرن بەڵام لێرەدا هیچ کەس تێر ناخوات". 
ئەو بەرپرسەی گومرک وەک هەموو کارمەندانی حکومەت و بەرپرسان و ئەو بازرگانانەی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا قسەیان بۆ هەواڵنێریی فەڕەنسا کردووە، تەنیا بەو مەرجەی ناوی نهێنی بمێنێتەوە و ئاشکرا نەکرێ ئامادە بووە قسە بۆ ئەو هەواڵنێرییە بکات. هەموو ئەو کەسانە کە قسەیان بۆ ئەو هەواڵنێرییە کردووە وتوویانە قسە کردن سەبارەت بەو پرسە  گیانیان دەخاتە مەترسییەوە. 
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی ناحوکمیی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق بیست و یەکەمین وڵاتی گەندەڵی جیهانە. لەو وڵاتەدا دوو سەرچاوەی گەندەڵی بریتین لە:بیرۆكراسى و گەندەڵی لۆکاڵی. ئەو دوو دیاردە دوای هێرشێ ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا پەرەیان سەندووە. 
لەو ماوەیەدا زەمینەی لەبار بۆ پەرەسەندنی ئەو دیاردانە ڕەخساوە: لە سیستەمێکی ئابووریی عێراقدا کە نەوت ڕۆڵی سەرەکی هەیە و پیشەسازیی لاوازە تا ڕادەیەکیش کشتوکاڵ نەماوە، باجی گومرک سامانێکی دەگمەن بە ئەژمار دێت کە هەندێ تاک و گرووپ دەستیان بە سەردا گرتووە. حکومەتی ناوەندییش بەردەوام لەژێر کاریگەری سیاسەتوان و میلیشیاکاندایە. 
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دان بەوەدا دەنێت کە "پێکهاتنی نهێنی نێوان بەرپرسان، حزبە سیاسییەکان، تاقم و دەستەکان و بازرگانان بە شێوەیەکی ناجۆر دەبێتە هۆی تاڵانکردنی سەرچاوە داراییەکان".
ڕناد مەنسوور، شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دەزگای چتام هاوس لەو بڕوایەدایە زۆرێ لەو گرووپ و کەسایەتییانە " هێلانەیان لە حکومەتدایە" و بۆیە ناکرێ بنبڕ بکرێن.

گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ لای میلیشیاکان بۆ پێدانی بەرتیل


بە پێێ ئاماری ساڵی ٢٠١٩، واتە دوایین ئاماری فەرمی لە عێراق، ئەو وڵاتە بە گشتیی ٢١ ملیار یۆرۆ کاڵا و بەرهەمی ناهایدرۆکەربۆنی لەو ساڵەدا لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و چین هاوردە کردووە. ڕێژەیەکی زۆر لەو کاڵایانە لە ڕێگای پێنج خاڵی سەر سنووری هاوبەشەوە لەگەڵ ئێران کە بە درێژایی ١٦٠٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوورە هاوبەشەکان هەڵکەوتوون و لە ڕێگای یەک خاڵی سەر سنوور بە درێژایی ٣٧٠ کیلۆمەتر لەگەڵ تورکیا و هەروەها لە ڕێگای بەندەری ئۆم قەسر کە لە باشووری ڕۆژاوای عێراق هەڵکەوتووە هاوردە دەکرێن. 
بە وتەی بانکی نێوده‌وڵه‌تى، لەو خاڵانەدا دێڕ ڕادەستکردنی مۆڵەتی گواستنەوەی کاڵاکان بە بازرگانەکان، وەرگرتنی باجی زۆر و گەندەڵی ئێجگار باوە. 

ئوم قه‌سر گه‌نده‌ڵترین شوێنى عێراقه‌


یەکێک لە هاوردەکارانی کاڵا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنیشێ بە هەواڵنێری فەرەنسای وتووە: "تەنانەت ئەگەر هەموو کارەکان بە پێی یاسا ئەنجام بدەین، پێدانی مۆڵەت بۆ هاتنە ناوەوە مانگێک درێژە دەکێشێت و لە کۆتاییدا پارەیەکی زۆر بۆ گه‌راجی سەیارەکان دەدەین". 
کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری عێراق وتی هاوردەکاران بۆ ڕزگاربوون لە بیرۆكراسى "ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ میلیشیاکان یان حزبە سیاسییەکان". "ئەو هاوردەکارانە پێیان وایە پێدانی ١٠ هەزار دۆلار (بەرتیل) باشترە لەوەی هەموو بارەکەیان لە دەست بدەن". 
هەواڵنێری فەڕەنسا بە لێکدانەوەی هەموو دیمانە دوورودرێژەکانی لەگەڵ ئەو کەسانەدا لەو بوارەدا چالاکییان هەیە، دەگاتە ئەو ئەنجامە کە ئەو گرووپانە زیاتر سەر بە گرووپی چەکداری حەشدی شەعبین کە لایەنگری ئێرانە و سنوورەکان و ئەسکەلەکانی بە دەستەوەیە. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، ئۆم قەسر گەندەڵترین شوێنی عێراقە. 
هەموو ئەو کەسانەی کە دیمانەیان لەگەڵ ئەنجام دراوە، وتوویانە بۆ نموونە کەسانی سەر بە ڕێکخراوی بەدر، کە گرووپێکی چەکداری بەهێزی پێکهاتوو لە نەیارانی پێشووی سەدام حسێنە، سنووری نێوان مەندەلی و ئێران کۆنتڕۆڵ دەکەن. ڕێکخراوی بەدر پێشتر کە دوورخرابوونەوە لە ئێراندا دەژیان. 
هەروەها دەڵێن خاڵە سنوورییەکانی تر لەژێر دەسەڵاتی لقەکانی سەر بە حەشدی شەعبیدان،  لەوانە عەسائیبی ئەهلی حەق کە یەکێکە لە گرووپە میلیشیاکانی شیعە لە عێراق و سووریا. هەندێکی تر لەو خاڵە سنووریانە لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتیبەکانی حیزبوڵادان.

جگەرە یان کلێنکس؟


لە هەموو ئەو مەفرەزانەی سەر سنوور، تاک و گرووپ و لایەنە سیاسییەکانن کە لە دەرەوەی چاودێری حکومەتن لە جیاتی کارمەندانی گومرک و پشکێنەران و ئەفسەرانی پۆلیس کار دەکەن. بەرپرسانی جیاواز دەڵێن، ئەو کەسانە کاتێ مۆڵەت بە بارەکان دەدەن کە هاوردەکاران پێشوەخت پارەیەکیان پێدابێتن. ئەو گرووپانە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی ئەو بارانە دەکەن کە پێشوەختە پارەیان بەوان نەدابێت. 
حەشدی شەعبی بە فەرمی حاشا لەوە دەکات. بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی حزبوڵا بە ئاماژەکردن بە ئەسکەلەکان و ئەو خاڵانەی کە سەرچاوەکانی تریش ئاماژەیان پێدکردوون، بە هەواڵنێری فەرەنسایان ڕاگەیاندووە ئەوە جۆرێکە لە سیستەمی دابەشکردن. 
سەرچاوەیەکی ئەندامی هەواڵگریی عێراق دەڵێت: "بۆ نموونە، بۆ هاوردەکردنی جگه‌رە، پێویستە سەردانی نووسینگەی کەتیبەکانی حزبوڵا لە جادریە (ناوچەیەک لە بەغدا) بکەیت". 
ئەو سەرچاوە دەڵێت: لە ڕاستیدا نوێنەری گومرک هەموو بارەکان دەپشکنێ، بەڵام هیچ نوێنەرێک نییە کە سەر بە حزب یان گرووپێکی چەکدار نەبێت.
ئەو نوێنەرانە دوای وەرگرتنی بەرتیل، دەستێوەردانی بەڵگەکان دەکەن بۆ ئەوەی ناوەڕۆک، ژمارە و نرخی کاڵا و بەرهەمەکان بگۆڕن و باجەکەیان کەم بکەنەوە. 
هاوردەکارێک وتوویەتی: سوودی تایبەت لە جگەرەدایە. بە فەرمی بە بیانووی پشتیوانیکردن لە بەرهەمە ناوخۆییەکان، سەرەتا ٣٠ لە سەدی نرخی جگەرەکە پارە وەردەگرن و پاشان ١٠٠ لە سەدیش باج وەردەگیردرێ. 
کارمەندێکی گومرک دەڵێت: بە پێدانی ٥٠ هەزار دۆلار لە جیاتی ئەو ٦٥ هەزارەی کە دەبێ وەک باج بیدەی، زۆر جار لەسەر ئەو  کۆنتێنێرانەی جگەرەیان تێدایە دەنووسن " کلێنکس" یان "پلاستیک".

"ئاسایی نییە"


ئەو نوێنەرانەی لە گومرک کاری پشکنین ئەنجام دەدەن دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە بەهای بارەکان لە بەڵگەی مۆڵەتەکەدا بگۆڕن. 
بەرپرسێک لە ئۆم قەسر بە هەواڵنێری فەرەنسای وت ئەو بینیویەتی بارێک ئاسن بووە و باجەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار بووە بەڵام بە پێدانی ٢٠٠ هەزار دۆلار مۆڵەتی پێدراوە. 
یەکێک لە هاوردەکارانی کەلوپەل وتی: "ئێمە خۆمان دەسەڵاتێکی زۆر دەدەین بە کارمەندانی گومرک و ئەوە ئاسایی نییە". 
کارمەندێکی تری گومرک وتی: گوشارەکان ئێجگار قورسن. من دز و دەستپیس نیم، بەڵام بە فەرمانی حزبە زۆر بەهێزەکان ناچار کرام، بە بێ پشکنین، مۆڵەتی تێپەڕین بە بارەکان بدەم. 
لەو هەلومەرجەدا، هەندێ جار تەنانەت جاری وا هەیە هیچ بارێک نییە، بەڵام بەڵگە ساختەکان ڕادەستی بانکی ناوەندی دەکرێن و مۆڵەتی پێدانی دۆلار بە کۆمپانیا نهێنییەکانی دەرەوەی عێراق دەدرێ. 
کارمەندێکی گومرک و چەند بەرپرسی بانکیی عێراق دەڵێن ئەو دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی نایاسایی پارە. هەروەها هەندێ جار بەرتیل وەردەگیرێ بۆ مۆڵەتدان بە هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە بە یاسا قەدەغە کراون. 
هاوردەکارێکی کاڵا دان بەوەدا دەنێت کە بڕی ٣٠ هەزار دۆلاری بە کارمەندێکی گومرک لە ئۆم قەسر داوە بۆ ئەوەی ڕێگای پێ بدات کەلوپەلی کارەبایی دەستی دووەم هاوردە بکات، ئەوە لە حاڵیکدایە کە هاوردەکردنی کاڵای دەستی دووەم نایاساییە. 
هەروەها دەڵێت بەردەوام پارە بە ئەفسەرێکی پۆلیس لە بەندەر دەدات بۆ ئەوەی ئاگاداری پشکنینە کتوپڕییەکانی بکاتەوە. ئەو ئەفسەرە تەنانەت پێشنیازی داوە لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەی زیاتر،ئامادەیە کەسانی تریش لەو پشکنینانە ئاگادار بکاتەوە.

"مافیای ڕاستەقینە"


عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت ئەو جۆرە بەرتیلانە ئێجگار زۆرن. عەلاوی لەو دواییانەدا لە کۆنفڕانسێکی گشتیدا ڕایگەیاند ئەو بەرتیلانە "لە هەندێ لە خاڵەکانی سەر سنوور ٥٠ یان ١٠٠ هەزار دۆلار و هەندێ جاریش زۆر زیاترن".
نوێنەرانی سیاسیی و میلیشیاکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە دوو سەرچاوە کەڵک وەردەگرن: نفوزی سیاسیی و توندوتیژیی. 
کارمەندێکی گومرک لە خاڵی مەندەلی لەسەر سنووری ئێران ناچار بووە ناونیشانی بارێکی هاوردە لە ئێران بسڕێتەوە و لای ببات چونکە یەکێک لە پشکێنەرانی ئەندامی حەشدی شەعبی ناچاری کردووە بەو کارە. 
کارمەندەکەی هەواڵگریی عێراق دەڵێت: تەنانەت باشترین سیخوڕەکانی ئەویش خۆیان بە دەستەوە دەدەن، دەگێڕیتەوە کە یەکێک لە سیخوڕەکانی ئەو بە هۆی ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کەلوپەل لە ئێرانەوە لە خاڵی سەر سنووری زرباتیە (لە نزیک سنووری مێهران) کە لەژێر دەسەڵاتی عەسائیبی ئەهلی حەقدایە، دوای چەندین جار هەڵپساردن و ئازاردان لە ئیدارە، دەرئەنجام خۆی بە دەستەوە دا. 
ئەو کارمەندە وتی: "دواجار بووە ئەندامی عەسائیبی ئەهلی حەق".
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی سنوورەکان دەڵێت: بەردەوام بە ڕەقەم تەلەفوونی نەناسراو پەیوەندی لەگەڵ دەگرن و هەڕەشە لە کەسانی نزیکی دەکەن. 
هەروەها دەڵێت: "ناتوانم شتێک بڵێم چونکە دەمانکوژن، هەموو کەس دەترسێ. ئەوە مافیایەکی ڕاستەقینەیە".
ڕناد مەنسوور، شارەزا لە دەزگای چتام هاوس دەڵێت: ئەو بابەتە پەیوەندی بە مان و نەمانی حزبەکان و بە تایبەت گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە. ئەوان ئیتر ناتوانن وەک سەردەمی شەڕ لە دژی داعش لە بودجەی بەرگری عێراق پشکیان هەبێت". 
هەروەها لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو گرووپانە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێ بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە گوشاریان لەسەرە.

بەتاڵکردنەوەی خەزێنەی حکومەت


لە مانگی ئادار، واشنتۆن کۆمپانیای کەشتیڕانی خەمائێل (AKMS)ی خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانی خۆیەوە. ئەمریکا ئەو کۆمپانیایە کە کاری هەناردە و هاوردە دەکات تۆمەتبار کرد بەوەی لە بەندەری ئۆم قەسر یارمەتی سوپای پاسدارانی داوە بۆ ئەوەی بە یارمەتی میلیشیا شیعەکان ڕێگری لە پشکنینە یاساییەکان بکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەها گەمارۆی خستە سەر دوو کەسی عێراقی و دوو ئێرانی کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە لە پەیوەندیدا بوون و کاری قاچاخیان دەکرد و یارمەتییان بە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و حزبوڵای لوبنان دەدا. 
مەنسوور وتى: "بۆ بەتاڵکردنەوەی خەزێنەی حکومەت، گرووپە نەیارەکان پێکەوە کار دەکەن چونکە ئاگادارن ئەگەر یەکێکیان لەناو بچێت، هەموویان پێکەوە لە ناو دەچن". 
هەروەها وتی: "هەر خاڵێکی سەر سنوور ئەوپەڕی ١٢٠ هەزار دۆلار لە ڕۆژدا داهاتی هەیە و لە نێوان ئەو گرووپانەدا دابەش دەکرێت. ئەگەر بازنەی گرووپەکان بەربڵاوتر بکەینەوە ئەوان تەنانەت هەندێ جار دوژمنی یەکتریشن". 

بۆ بەتاڵکردنەوەی خەزێنەی حکومەت، گرووپە نەیارەکان پێکەوە کار دەکەن


هەندێ جار ئەو دزی و گەندەڵیانە کوژراویشیان لێ دەکەوێتەوە. سەرچاوەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی وتوویانە لە مانگی کانوونی دووەمدا، دوو ئەندامی عەسائێبی ئەهلی حەق تیرۆر کران کە هۆکارەکەی پەیوەندی بە پارەوە بوو. بەڵام بە گشتی مافیاکان هەوڵ دەدەن ڕێگری لەو توندوتیژیانە بکەن. 
لە ڕاستیدا ئەوە حکومەتی عێراقە کە زیانباری سەرەکی ڕێککەوتنی نێوان ئەو گرووپانەیە. عەلی عەلاوی دەڵێت بەداخەوە حکومەت تەنیا "١٠ تا ١٢ لە سەدی ئەو داهاتە گومرکییە وەردەگرێ کە لەوانەیە بگاتە ٧ ملیارد دۆلار لە ساڵدا". 
ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٠دا وتوویەتی جگە لە ڕۆڵی ئەکتەرە عێراقییەکان لەو زیانە داراییەدا کە بەر حکومەت دەکەوێت، وڵاتانی تورکیا و چین، وەک دوو هاوبەشی بازرگانی سەرەکی عێراق، زۆر بە دەگمەن گەندەڵی لە هەناردەی خۆیاندا بۆ عێراق کۆنتڕۆڵ دەکەن. 
لە کۆتایی ئەو زنجیرەیەدا و لە دەرەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی، کاریگەرییەکانی بەرتیلخواردنیش لە عێراقدا بەرچاون.

"دوو ئەوەندەی پێشوو پارە دەدەین"


مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چەند هەفتەی سەرەتای دەسەڵاتگرتنی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠دا، کاتێ نرخی نەوت لە نزمترین ئاستی خۆیدا بوو، باجەکانی گومرکی بە مەبەستی پڕکردنەوەی خەزێنەی حکومەت بەرز کردنەوە. 
لە ئۆم قەسر یان مەندەلی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی تۆڕەکانی گەندەڵی، هێزی نوێ جێگیر کران. 
کازمی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند هەڵمەتێکی بەربڵاوی بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی ئابووریی لە سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ ئێران دەست پێکردووە. کازمی وتی ئەو هەڵمەتە لە دژی ئەو تاوانبارانەیە کە بە نەدانی باجی گومرک و باجی کاڵا هاوردەکان لە ئێرانەوە چەندین ملیۆن دۆلار زیانیان لە وڵات داوە. 
لەو کاتەوە هەموو ڕۆژێ بەرپرسانی سەر سنوورەکان باس لەوە دەکەن دەستیان بەسەر ئەو بارانەدا گرتووە کە باجیان نەداوە. ئەو بەرپرسانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ٨١٨ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆ کراوەتەوە بەڵام ئەوە هێشتا زۆر کەمە: لە ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی ٧٦٨ ملیۆن دۆلار کۆ کرابووەوە. 
هاوردەکاران، دەڵاڵەکان و تەنانەت بەرپرسانی حکومەت، پێیان وایە ئەو هەوڵانە ئێجگار بەرتەسکن. هاوردەکاران بە هەواڵنێری فەڕەنسەیان وتووە لە کاتێکەوە باج دەدەن خەرجییەکانیان زیاتر بووە، چونکە جگە لەوەی کە باج بە حکومەت دەدەن، مەبەستی ڕێگریکردن لە تۆڵەی ڕابەرانی گرووپە گەندەڵەکان، سەرەڕای ئەوەی هەموو مۆڵەت و بەڵگە یاساییەکانیشیان هەیە، بەڵام پارەیان پێ دەدەن. 
بازرگانێکی عەرەب کە زیاتر لە دە ساڵە کاری هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق دەکات دەڵێت: "لە ڕاستیدا ئێمە دوو ئێستا ئەوەندەی پێشوو پارە دەدەین". تەنیا بۆ ئەو کەسانە هیچ نەگۆڕدراوە کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ لایەنەکان هەیە. 
یەکێک لە هاوردەکاران کە دوای لێدوانەکانی کازمی، بە بێ پێدانی باج، کەرەستەی بیناسازیی قاچاخ دەکات دەڵێت:" ئێوە دەتوانن بە بێ مۆڵەت و بە بێ پێدانی گومرک هەر ئەندازە دڵتان دەخوازێ چەک بێنن بۆ مەندەلی". 
چەکدارێکی سوپا لە مەندەلی دەڵێت ئەو هێزە نوێیانە کە ڕەوانە کراون دەسەڵاتێکیان نییە: "هەموو کارمەندانی پۆلیس گەندەڵن. هاوردەکاران بە پارە دەیانکڕن. جارێکیان، ئێمە گەندەڵکارێکمان دەستبەسەر کرد بەڵام ئەوان توانییان ئازادی بکەن".
بەرپرسێکی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی سنوورەکان دەڵێ، جاری وا بووە "هێزە نوێکان هەرگیز نەهاتوون" یان ژمارەیان وەک پێویست نەبووە.

میوەی بۆگەن


هەڵمەتە نوێکان لە دژی گەندەڵی لە خاڵە سنوورییەکاندا، لە بنەڕەتدا پشکێنەران پشتگوێ دەخەن و گرنگی بەوان نادەن. یەکێک لە بەرپرسان دەڵێت ئەو پشکێنەرانە "هەمیشە لەوێدان و ئەو میوە بۆگەنە هەموو ئەوانی تریش بۆگەن دەکات".
بە حەقیقەت، گەندەڵی تەنیا جێگۆڕکێی کردووە: سندووقەکان گوازراونەتەوە بۆ پشت دەرگا داخراوەکان و ئێستا لە ڕێگای پەیوەندییە تەلەفوونییەکانەوە کارەکان ڕیک دەخرێن. 
بازرگانێکی هاوردەکار دەڵێت لە مەندەلی "بینایەک هەیە کە پێشتر کراوەتەوە و هەموو پلانەکان لەوێ دادەڕێژرێن. 
کارمەندەکەی دەزگای هەواڵگریی دەڵێت هەڵمەتە دژە گەندەڵییەکە تەنیا ئەرکی ئەوی قورستر کردووە: "چونکە ئێستا گەندەڵەکان قایمکاریی و خۆپارێزی زیاتر دەکەن". 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیی بە هەواڵنێری فەرەنسای وتووە لە فڕۆکەخانەی بەغدا، کەتیبەکانی حزبوڵا کە واشنتۆن تۆمەتباری کردووە بەردەوام مووشەک ئاراستەی باڵوێزخانەکەی دەکات، بە فەرمی ناچار کراوە شوێنەکەی بەجێ بهێڵێت.
ئەو بەرپرسە وتوویەتی: "بەڵام ئەوان هێشتاش دەتوانن دەستیان بە فڕۆکەکان بگات و هەر کارێ بیانەوێت ئەنجامی بدەن". 
سەرەڕای ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێگری لە گواستنەوەی کاڵا لە چەند خاڵێکی سەر سنوور دەکرێ، بەڵام هاوردەکاران دەتوانن لە هەرێمی کوردستان واتە ئەو شوێنەی کە لەسەر گومرک و پێدانی پارە بە بەغدا ناکۆکی هەیە، درێژە بە کارەکانیان بدەن. 
کارمەندەکەی هەواڵگریی دەڵێت: " ئێمە سەبارەت بە چەندین ملیۆن دۆلار قسە دەکەین. ئەسکەلەیەک لە ئۆم قەسر بە ئەندازەی کۆی بودجەی پارێزگایەک نرخی هەیە. ئەوان بە ئاسانی خۆیان بە دەستەوە نادەن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین