فراكسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق: ئەمەی یەکێتی و نەیاران کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی کوردستان کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان  لە بارەى دەستکاریکردنى پشکى کورد لە بودجەى عێراق ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، یەکێتى نیشتمانیى کوردستان لە لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، "وەک تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە".

ئەمڕۆ شەممە (27/ئایار/2023) فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "بەداخەوە پێچەوانەی دەستوور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێکەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها پێچەوانەی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیادکردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (13 و 14)ی پرۆژە یاسای بودجە دا."

فراکسیۆنى پارتى ئاماژە بەوەدەکات، "دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین."

هاوکات دەشڵێت، "ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە."

دەقی روونکردنەوەکەى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق:

بەداخەوە پێچەوانەی دەستوور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێکەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها پێچەوانەی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیادکردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (13 و 14)ی پرۆژە یاسای بودجە دا، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین.

ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەک و تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستوری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەک و ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە!

هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەگەڕێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جدیدابووین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێبکات، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەم پابەندیە ئەخلاقیەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکومەتی هەرێم خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو.

ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین