تاران و بەغدا جەخت لە رێککەوتنە ئەمنییەکەیان دەکەنەوە ئێران

نوچەنێت:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تاران لەکۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات کرد.

بەگوێرەی راپۆرتی ایرنا، ڕۆژى دووشەممە (29ی ئایاری 2023) قاسم ئەعەرجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەمیانەی سەردانی بۆ تاران، لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری خامنەیی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران کۆبووەوە و سەبارەت بە پرسەکان بە تایبەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان کرد.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە ئاماژە بە رێککەوتنی ئەمنی ئەم دواییە، کە دەرئەنجامی چەند مانگ وتووێژ و هەوڵی هاوبەشی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دوو وڵاتە، بە رێککەوتنێکی زۆرباش، رێوشوێنی گونجاو و ستراتیژی دەزانێ و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی وردی بڕگەکانی کردۆتەوە.

ئەحمەدیان رایگەیاندووە، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، بە زووترین کات لەگەڵ کۆتایی هێنان بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەم وڵاتەدا، گەرەنتی ئاسایشی سنوورەکانی وڵات لەگەڵ ئێران بکات.

لە دیدارەکەدا قاسم ئەعەرجی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، حکومەت و دامەزراوەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە راگرتنی پێوەندی نزیک و بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا، وەک رابردوو پێداگر و ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ئێران دایە.

ئەعەرجی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات بەمەبەستی خێراترکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیان، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە بە بنەمای سەقامگیری و پێشکەوتنی هەردوو وڵات دەزانێ و دەڵێت: لەگەڵ شاندێکی پلە باڵادا هاتووم و جەخت لە پابەندی عێراق لەسەر ئەو رێککەوتنە دەکەمەوە، کە بەم دواییە لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا.

سەرچاوە: ایرنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین