ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی روونکردنەوەکانی ئێران قبوڵ دەکات ئێران

نوچەنێت:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، دوای وەرگرتنی "روونکردنەوەی قبوڵکراو" لە لایەن ئێرانەوە، بڕیاریدا دۆسیەی پەیوەندیدار بە دۆزینەوەی ماددەی ئەتۆمی لە بنکەی رانەگەیەندراوی مەریوان دابخات.

بە گوێرەی هەواڵێکی یورونیوز لە رۆژی پێنجشەممە (1ی حوزەیرانی 2023)، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوو راپۆرتی نهێنیدا رایگەیاندووە، کە هەندێک ئامێری چاودێریکردن لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران دانراونەتەوە و دۆسیەی بنکەیەکی رانەگەیەندراویش داخراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، ئەم ئامێرانە کە لە دوای رێککەوتنی ساڵی 2015 بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانرا، دواتر بەهۆی ناکۆکی نێوان تاران و ئاژانسەوە هەڵوەشایەوە.

لەم راپۆرتەدا ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندووە، کە شوێنی دووبارە دانانی ئامێرەکانی چاودێری کردن شوێنی بەرهەمهێنانی پارچەی سانترفیوژ و دوو ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم (فردۆ و نەتەنز)ە.

لە یەکێک لەو دوو راپۆرتە نهێنییەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئاژانسەکە «چاوەڕوانی مامەڵە و هاوکاری ئێران دەکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێش چەند مانگێک، سەبارەت بە دانانی کامێرای چاودێری لە سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران».

بەپێی هەواڵی فرانس پرێس، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دوای وەرگرتنی "روونکردنەوەی قبوڵکراو" لە لایەن ئێرانەوە، بڕیاریدا دۆسیەی پەیوەندیدار بە دۆزینەوەی ماددەی ئەتۆمی لە بنکەی رانەگەیەندراوی مەریوان لە نزیک ئابادە لە پارێزگای فارس دابخات.

لە راپۆرتی نهێنی دەزگاکەدا کە چەند رۆژێک پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بڕیاردان بڵاوکرایەوە هاتووە، کە ئەم دەستە چاودێرییەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان «هیچ پرسیارێکی زیادەی دیکەی» نییە و دۆسیەی ئەو بنکانە لەم قۆناغە بە یەکلایی کراوە دادەنرێت.

سەرچاوە: یورۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین