ئەمەریکا: بەرجام بە بەرنامەی کاردا نییە ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیری عەممان دەڵێت، لە ئێستادا بەرجام لە بەرنامەی کاردا نییە، بەڵام جەختی لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ ئازادکردنی زیندانییە ئەمریکییەکان لە ئێران کردۆتەوە.

ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا رۆژی پێنجشەممە (1ی حوزەیرانی 2023) رایگەیاند: جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەڵێت، ئێرانییەکان هیچ نیازپاکییەکیان لە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی بەرجام (رێککەوتنی ئەتۆمی) پیشان نەداوە و بە لەبەرچاوگرتنی ململانێکانی ناوخۆ و پشتیوانی ئەو وڵاتە لە رووسیا، بەرجام بۆ ئێمە لە پێشینەی کارەکان نییە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ پێش ئێستا حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە رۆژنامەی فیگارۆی راگەیاند، کە پرۆسەی دیپلۆماسی و دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی بەردەوامە.

دوای سەردانیکردنی سوڵتانی عەممان بۆ ئێران، ئەگەری ئازادکردنی زیندانیانی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە بەهێزتر بوو.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان پاش دیدار لەگەڵ هاوتا عەممانییەکەی لە تاران رایگەیاند: عەممان لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا پێگەیەکی جیاوازی هەیە و رۆڵی لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەمیشە ئەرێنی و بنیاتنەر بووە.

چەند هاوڵاتییەکی ئێرانی-ئەمریکی، لەوانە سیامەک نمازی، عیماد شەرقی، و موراد تەهباز، تا ئێستاش لە ئێران زیندانین و هەوڵەکان بۆ ئازادکردنیان بە ئەنجام نەگەیشتووە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین